وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم: چاوەڕێین بەغدا پارەمان بۆ بنێرێت

ئابوری
16:03 - 2024-04-30


وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە بەردەوامە و وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "هەموو داواکارییەکانی بەغدامان بۆ ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردووە وچاوەڕێین بەغدا پارەمان بۆ بنێرێت"، ئەندامێکی لیژنەی داراییش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژە بەوەدەکات: "چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا بەغدا مووچەی هەرێم بنێرێت".

داهاتە فیدراڵییەکان دەخرێنە سەر هەژماری دارایی عیراق
هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە داهاتە فیدراڵییەکان بخرێنەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵی، ئەو بابەتە یەکلایی کراوەتەوە و بڕیاریدراوە بە زووترین کات ئەو داهاتانە بنێردرێن، ئەوەش بۆ ئەوەی چیتر حکومەتی فیدراڵی عیراق هیچ بیانوویەکی نەمێنێت بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نەبەسترێتەوە بەهیچ بابەتێکی دیکەوە".

"ناتوانین بڵێین کەی کۆتایی بە لیستی پلەبەرزکردنەوە دەهێنرێت، بەڵام بەردەوام لەسەرخەتین و هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان لەکاردان تاوەکو لیستی مووچەی مانگی ئایار بە پلەبەرزکردنەوەوە ئامادەبکەن، هەرکات تەواوبوو ئەوا بۆ دارایی عیراقی دەنێرین". هونەر جەمال وادەڵێت.

لە دوو رۆژی داهاتوودا مووچە بۆ هەرێم دەنێردرێت
وردبینی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن دارایی عیراقەوە تەواو نەبووە، لەگەڵ تەواوبوونیدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنرێردرێت کە چاوەڕوان دەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا وردبینییەکە تەواو ببێت.

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "چاوەڕوان دەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا دارایی عیراق مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە بکات".

"هیچ هۆکارێک نییە بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عیراقەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونکەکانم تائێستا وردبینی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن دارایی عیراقەوە تەواو نەبووە و لەگەڵ تەواوبوونیدا بڕیار دەدرێت مووچەی ئەم مانگە بۆ هەرێم بنێردرێت"، د. نەرمین مەعروف وادەڵێت.

10 رۆژە هەرێم لیستی مووچەخۆرانی بۆ عیراق ناردووە
رۆژی یەک شەممە 21-4-2024 لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا کرا و بڕیارە دوای وردبینی تەمویلی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ماوەی 10 رۆژە لیستی مووچەی مانگی نیسانی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی کراوەو بڕیارە دوای وردبینی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ئەمساڵدا مووچەی هەرسێ مانگی رابردوو خەرجکراوەو چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان بکرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP