ئەمشەو جەنگ ھەڵدەگیرسێ

وەرزش
16:22 - 2024-05-01

ئەمشەو جەنگ ھەڵدەگیرسێ , ئەمشەو سەعات 10 بەکاتی ھەرێمی کوردستان.. لەئاڵنگاریەکی ئاگرینی قۆناغی پێش کۆتایی خولی یانەپاڵەوانەکانی ئەوروپا و لەیاری چوندا , یاریگای سێگناڵ ئیدۆنا پارک دەبێتە لاکێشەی نمایش و ستایشی دوو راھێنەری جیھان و کێشمەکێشی دوو تیپی ئەڵمانی و فەرەنسی و ھاوکێشەی یەکلاکردنەوەی براوەی یاری چوون , ئەمشەو سێگناڵ ئیدۆنا پارک ھەردوو یانەی پاریس سان جێرمان و بروسیا دۆرتمۆند بۆ جەنگێکی مەترسیدار کۆدەکاتەوە... ئێدین تێرزیچی مەشقدەر دۆرتمۆندی ئەڵمانی دڵشادە بەوەی یاری چوونی تیپەکەی لەخاکی ئەڵمانیایە و دەیەوێت بەپشتبەستن بەتوانا و نمایشەکانی سباستیان ھێلەر و دۆنیایل مالین و ئادیمی سەرکەوتن بەسەر پاریسیەکاندا بنووسێتەوە.. ھەرچی لویس ئێنریکی راھێنەری پاریس سان جێرمانیشە نایەوێت یاریکردن لەدەرەوەی یاریگای خۆی کاریگەری نەرێنی بخاتە سەر ئەستێرەکانی پێکھاتەکەی و دەیەوێت بە متمانەکردن بەتواناکانی کیلیان مباپێ و دێمبێڵی و مارکۆ ئاسینسیۆ بەربەستی دۆرتمۆند لەخاکی ئیدۆناپارک تێکبشکێنێت و ئاسانکاری بۆ یاری گەڕانەوە بکات کە بڕیار وایە سێ شەممەی داھاتوو لەخاکی باخچەی شازادەکان بەڕێوەبچێت... لەماوەی 14 ساڵی رابردووشدا ھەردوو یانە 6 جار بەرھەڵستی یەکتری بوونەتەوە لەو ماوەیەشدا کوڕانی دۆرتمۆند تەنھا یەک بردنەوەیان تۆمارکردووە و یاریزانی پاریشیش بەدووبردنەوە پێشکەوتوون و سێ بەرەنگاریش بەیەکسانی کۆتاییان پێھاتووە .. ئەمشەویش بینەری ئەو سینەماتیکە ئاگرینە دەبین کە یانەی براوە چانسی بۆ گەییشتن بەیاری کۆتایی زیاتر  دەبێت

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP