لە بۆشایی کۆرتواو کیپا، لۆنین لە گۆڵپارێزى سێیەمەوە بۆ لوتکە ...
ئاکۆ بیبانى
ئەندرێە لۆنینى ئۆکرانی و گۆڵپارێزى سێیەمى یانەى ریاڵ مەدرید بەخۆشترین
ساتەکانى تێدەپەڕێت و بەتەواوى
دەدرەوشێتەوە.
سەربارى ئەوەى لە ئیستادا متمانەى کارلۆ
ئەنچیلۆتى ئیتاڵى و راهێنەرى یانە مەدریدیەکەشى بەدەستهێناوە بەڵام لە ئێستاوە
کێبرکێ و ململانێ بۆ وەرزى داهاتوو دەستپێدەکات و پێویستە ئیدارەى مێرەنگى بڕیارى
خۆى بدات دەربارەى هەر سێ گۆڵپاریزەکەى .
دوای ئەوەى لە هاوینى رابردوو کۆرتواى
بەلجیکی و گۆڵپارێزى سەرەکى و متمانە پێکراوى یانەى ریاڵ مەدرید دووچارى پچڕانى
ماسولکەکانى ئەژنۆى بوو بەناچارى نەشتەرگەرییەکى قورسى بۆکرا و
هاندەرانى یانەکەى توشى دڵتەنگى کرد ، لەو دەمەدا ئیدارەى یانەى شاهانە هاناى برد
بۆ گواستنەوەى کیپاى گۆڵپارێزى یانەى چێلسى و وەک جێگرەوەى کۆرتوا لەم وەرزە دیاری
کرد و راستەوخۆ وەک گۆڵپارێزى دووەم پشتى
پێ بەسترا ، لەو کاتەشدا ئەنچیلۆتى متمانەى بە لۆنینى ئۆکرانى نەبوو ، کیپا لە 10 یاری لەسەریەک لە لالیگا و لە 3 یارى
لە چامپیۆنزلیگ سەرەکى بوو ، بەر لەوەى دوچارى پێکان بێت لە یارى براگا ، لەو
کاتەشدا کارلۆ دوای بێهیوا بوون لەهەردوو گۆلپارێز بە هۆى پێکانەوە یارى بە لۆنین
کرد ، ئەو گۆڵپارێزەش خاڵە لاوازەکانى لەبەرژوەندى خۆى گۆڕى و توانى رۆلێکى گەورە
ببینێت بە تایبەت لە خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا بەرامبەر بە مانچێستەر سیتى
کاتێک دوو پەناڵتى دوورخستەوە و یارییەکى سەرنج راکێشى ئەنجامدا ، لەکلاسیکۆش
لۆنین شەوێکى ئەفسوناوى نەخشاند ، ئەمەش
وایکرد بەتەواوى تێڕوانینى کارلۆ بگۆڕێت و
بیر لەوە بکاتەوە ئەو گۆڵپارێزە ئۆکرانییە سەرەکى بێت بە تایبەت لە یارى نێوان
ریاڵ مەدرید و بایرن میونشین ، سەربارى ئەوەى کۆرتوا بە چاوەکانى لە تواناکانى
لۆنینى ئەڕوانى کاتێک دیلى کورسى یەدەک بوو .
سەربارى ئەوەى کۆرتوا یەکێک بوو لە
گرنگترین یاریزانەکانى یانەى شاهانە و لە 2018 بە گرێبەستێکى 35 ملیۆن یۆرۆى
ڕویکردە مەدرید و چەندین دەسکەوتى بەخشى بە یانەکە لەسەرووى هەمویەوە 14 یەمین
جامى خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا بەڵام ئێستا لۆنین جێگاکەى بەتەواوى لێژکردوە
، کیپا بە ناچارى لە کۆتایی ئەم وەرزە دەگەڕێتەوە بلوز کاتێک بە شێوازى خواستن
درێسى مەدریدى پۆشی .
بۆندەکەى لۆنینیش ساڵى 2025 کۆتایی دێت ، ئەگەر
لۆنین بتوانێت سەرکردایەتى یانەى مێرەنگى بکات لە بردنەوەى لالیگا و خولى یانە
پاڵەوانەکانى ئەوروپا ، ئەوا قبوڵ ناکات وەرزى داهاتوو وەک گۆڵپارێزى سەرەکى پشتى پێ نەبەسترێ ،
هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت کێشەیەکى گەورە بەرۆکى ریاڵ مەدرید بگرێتەوە و لەنێوان (
کۆرتواو لۆنین ) یەکێکیان هەڵبژێرێت ، ئەگەر لۆنین سەرەکى نەبێت وەرزى داهاتوو ئەوا
یانەکە جێدەهێلێت لەبەرئەوەى سێ بۆندی لەیانەکانى ( پارێس سانجێرمان و مانچێستەر
یونایتد و بایرن میونشین) ەوە پێ گەشتوە .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP