بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە 100 هەزار کەس لە عێراق ئاوارەبوونە

عێراق
15:13 - 2024-05-02


فازڵ غەڕاوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، لەساڵی 2016ـەوە تاوەکو سەرەتاکانی ساڵی 2024، 100 هەزار کەس بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە چەند پارێزگایەکی باشووری عێراق ئاوارەبوون، کە دەکاتە 15%ـی ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکانی خۆیان.
وتیشی : عێراق لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو وڵاتانەدا دێت کە کاریگەر بووە بە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماو نەبارینی بڕی بارانی پێویست و  کەمبوونەوەی بڕی ئاو و شەپۆلەکانی خۆڵبارین و بەبیابانبوون، ئەمانەش بوونەتە هۆکاریی خراپبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و زیادبوونی ئاستی خوێ لە زەویدا.
ئاماژەی بەوەشکردوە: پارێزگاکانی میسان و  بەسرەو  زیقار و واست زۆرترین رێژەی ئاوارەبوونیان تێدا بووە و ئاماژەکانی گۆڕانی کەشوهەواش لەو پارێزگایانە زیاتر دەرکەوتوون، لە داهاتووشدا هاوڵاتیی زیاتر لەو ناوچانە ئاوارەدەبن.
ڕاشیگەیاند: پێویستە، پەلەبکرێت لە جێبەجێکردنی پرۆژەی بووژاندنەوەی ژینگە لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، کە بریتیە لە دروستکردنی دارستان و ناوچەی سروشتی لە بیابانەکان و  پشتبەستن بە بارانی دەستکرد و دروستکردنی رووباری خولاو لەپێناو پارێزگاریکردن لە ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات و رێگەگرتن لە تێکدانی باخەکان و فرۆشتنی زەوییەکانیان و گۆڕینیان بۆ ناوچەی نیشتەجێبوون.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP