قوباد تاڵەبانی: گیانلەدەستدانی چەند ئەندامێکی گروپێکی شاخەوانی هەموومانی دڵگران کرد

کوردستان
19:35 - 2024-05-03

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردوەتەوە : "رووداوی دڵتەزێنی گیانلەدەستدانی چەند ئەندامێکی گروپێکی شاخەوانی لە سنووری قەرەداغ هەموومانی دڵگران و غەمبار کرد، لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری ئازیزیان و دۆستان و هەڤاڵانیان دەکەم".

"پێویستە ئەم رووداوە و رووداوی هاوشێوەی لەم جۆرە هەموو لایەکمان بە ئاگا بێنێتەوە کە بۆ پاراستنی گیان و ژیان و تەندروستی خۆمان، پابەندی ئاگادارکردنەوە و رێنماییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بین، روحی کۆچکردوان شاد و ئارامی و سەبوریش بۆ هەموو لایەک"، قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

هاوکات سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە گەلی کوردستانی راگەیاند: "کەمێک لەمەوبەر سەرۆکی ئەو گروپە شاخەوانییەی کە گەشتەکەی ئەمڕۆی بۆ قەزای قەرەداغ رێکخستبوو لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکرا". وتیشی: "ئەو کەسەی دەستگیرکراوە بەپێی ماددەی ٤١١ لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە لە ئێستادا".

ئەمڕۆ هەینی گروپێکی شاخەوانی کە ژمارەیان ١٢ کەس بوو روویان لە گوندی ئاوەسپی سەربە قەزای قەرەداغ کرد سەرەنجام چوار ئەندامی گروپەکە لافاو بردنی ودواتر تەرمەکانیان لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی سلێمانییەوە دۆزرایەوە و رەوانەی سلێمانی کرانەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP