د.ئەحمەد کەرکوکی : بەردەوام دەبم لە بەدواداچوون لەکێشەی هاوڵاتیان

کوردستان
18:54 - 2024-05-06

ئەحمەد کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و تێیدا دەڵێت : ئەم چالاکی و بەدواداچوونانە لەپێناوی خزمەتکردن و مامەڵەکردنێکی شایستەی هاوڵاتیانە نەوەک بە ئامانجگرتنی چینێک یاخود کەسایەتیەک
دەقى ڕوونکردنەوەکە :-
لەپاش ئەوەی سەدان نامەو گلەیی هاوڵاتیانمان ڕۆژانە بەدەست دەگەیشت سەبارەت بە خراپی ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان لە فەرمانگەی نفووسی شوان، بەندەش وەکوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و نوێنەری خەڵکی شارەکەم هەڵسام بە سەردانیکردنی فەرمانگەی ناوبراوو لەنزیکەوە ئاگاداری ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان بووم و لەوێدا دیدارم لەگەڵ فەرمانبەرەکان و هاوڵاتیانیش هەبوو، ئەم چالاکیە جگە لەوەی دڵخۆشی زۆری هاوڵاتیانی بەدووی خۆیدا هێنا، ڕەخنەو نیگەرانی بەڕێزانی سەندیکای پارێزەرانیشی بەدواوە بوو چونکە لە گرتەیەکدا دەڵێم پێویستە ڕێڕەوی پارێزەر لەگەڵ هاوڵاتیان جیا بکرێتەوە، دەمەوێ بڵێم: ئەم چالاکی و بەدواداچوونانە لەپێناوی خزمەتکردن و مامەڵەکردنێکی شایستەی هاوڵاتیانە نەوەک بە ئامانجگرتنی چینێک یاخود کەسایەتیەک، چونکە من خۆم بە پارێزەری یاسا دەزانم و لەو پێناوەشدا سوێندی یاساییم خواردووە، لەگرتەکەشدا زۆر بە ڕوونی و ڕێزەوە دەڵێم بەپێی یاسا پارێزەرانیش مافی خۆیانە مامەڵەکانیان ڕایی بکرێت بەو پێیەی بریکاری هاوڵاتیە، بەڵام پێویستە ڕێڕەوی پارێزەر لەگەڵ ڕێڕەوی هاوڵاتی جیاواز بێت تا سەرەی هاوڵاتی ئاسایی نەفەوتێ و قەرەباڵغی درووست نەبێت و پڕۆسەکەش بەدوور بێت لە هەر گلەییەک کە هاوڵاتی بەئێمەی دەگەێنێت، ئەوەش دەڵێم من بەبڕوایەکی تەواو بە کارەکەم بەردەوام دەبم لەکارکردن لەپێناوی خەڵک و چاودێری کردنی فەرمانگەو پڕۆژەکانی شارەکەم، ئەمەش ئاسان نیەو بۆی هەیە زۆر جار بڕێک لە ئازیزان و خۆشەویستانمان لەهەموو چین و توێژێکەکان دڵیان لێمان زوویر بێت بۆیە هەر بەڕێزێک بەهەڵە خوێندنەوەی بۆ ڤیدیۆکەم کردوو یان دڵی لێم زوویر بووە داوای لێبوردنی لێ دەکەم و پێویستە ئەوانیش وەکوو چۆن پاڵپشتمان بوونە لەپێناوی پاراستنی مافی هاوڵاتیانمان پاڵپشتیمان بکەن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP