ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر بەبانکیکردنی مووچە و بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست کۆدەبێتەوە

کوردستان
12:53 - 2024-05-08

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر چەند پرسێک کۆدەبێتەوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران بەسەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كۆدەبێتەوە و سێ بڕگە لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێ دەكات.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە تایبەتە بە خستنەڕووی دواپێشهاتەكانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەكان لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی و ئەنجامی دواكۆبوونەوەی وەفدی تەكنیكیی هەردوولا لە 27 ی نیسانی 2024 لە بەغداد سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەكان و بەبانكیكردنی مووچەی هەرێم.
ئاماژە بەوەش دەکات، بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تاووتوێكردنی بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.
بەپێی راگەیەندراوەەکە، بڕگەی سێیەم خستنەڕووی راپۆرتی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەبێت سەبارەت بە سەردانی وەفدی وەزارتەكەیان بۆ بەغداد، تایبەت بە بابەتەكانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران و بەگەڕخستنی پرۆژەكانی بەنداو و ئاودێری لە هەرێم و سوودوەرگرتنی جوتیاران لە دەرفەتەكانی خزمەتگوزارییە كشتوكاڵییەكان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP