سەرۆک بافڵ لەگەڵ کۆنگریسمان براد شنایدەر کۆبووەوە

جیهان
15:22 - 2024-05-08

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ کۆنگریسمان براد شنایدەر، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی (دیموکراتەکان) کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە بەردەوامیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرایەوە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکە.

بافڵ جەلال تاڵەبەبانی هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عیراق روونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوامیی گفتوگۆی بەرپرسیارانەی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق، فاکتەری سەرەکیی بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاڕاستەکردنی وڵاتە بەرەو خۆشگوزەرانی. بۆ ئەمەش دەبێت هەموولایەک بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان پێشبخەن و هەوڵەکان لەخزمەت خەڵکدا بێت.

پرسی تیرۆر و بەردەوامیی هاوکارییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە تەوەرێکیتری دیدارەکەبوو و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ وتی، جەخت لە چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە لەچوارچێوەی هێزێکی نیشتمانی و نەتەوەییدا. فراوانکردنی هەماهەنگییە سەربازییەکانیش لەنێوان هەرێمی کوردستان، عیراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا دەبێتە مایەی سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆر لەسەر ژیانی خەڵک.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جگەلەوەی جەختی لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە عیراق کردەوە، راشیگەیاند، باشترین بژاردە بۆ گۆڕانکاری لە پرۆسەی حوکمڕانی و هەنگاونان بەرەو هەرێمێکی دیموکراسی و خۆشگوزەرانتر هەڵبژاردنە، کە جەخت لە بەڕێوەچوونی دەکەینەوە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP