دڵنیابوومە لە دیمەشق و لە بەغدا

ستران عەبدولڵا
21:25 - 2021-05-28

دڵنیابوومە لە دیمەشق و لە بەغدا

ستران عەبدوڵلا

دوودڵ و نیگەران و پەست بووم، نەكا شتەكان بەوشێوەیە نەبن كە چاوەڕێم دەكرد. بەشار ئەسەد نەیباتەوەو لەداخی ئەوە ئاكامی هەڵبژاردنەكان  قبوڵ نەكاو سوریا بكاتە گۆمی خوێن.
ترسم هەبوو دۆخی شڵەژاوی بەغدا بە قازانجی میلیشیا عیراقییەكان تەواونەبێ و لەدواییدا حەشدەکان حەشرو نەشرێكی زیاترمان پێبكەن لەوەی تائێستا كردوویانە.
توانج لێنادەم و گاڵتەم بە دۆخی گاڵتەجاڕی نایە. چونكە دەزانم ئەوەی لە كردەی سیاسیدا گاڵتەو بەزمە، لە ژیانی میللەتان بە تێچووی  گرانی ژیان و گیانیان تەواو دەبێت . دوای كۆتاییە خەمناكەكانی بەهاری عەرەبی و ھەتیمەکانی  لە وڵاتی شام، داعش و نەسرەو ستایلەكانیان ، دەبێ بنمێچی چاوەڕوانییمان ، رجاو هیواو ئینجا پێشبینشمان وابێ كە بەشار ئەسەد دەربچێتەوە ، نەك لەبەرئەوەی باشترە لەوانی تر، یان گوایە شام لەو جوامێرتری تیا نییە،  بەڵكو لەبەرئەوەی گەر وانەبێ کەوایە 
هیچ دەرس و دەورێك لەم خوێن و فرمێسکە  وەرنەگیراوە، دەرسەكە ئەوەیە دوای چەردەیەک لە نەخشەی ھەڵە و رەوتی بەسەرھاتی ھەڵە دیزاینی سیاسەت و تەگبیرو تەدبیر  وا كراوە كە چۆنی لێکبدەنەوە ھەر ئەمانە دەربچنەوە، بیبەنەوەو لە كۆتاییدا دەورانێكی تر كۆنترۆڵبكەن و ژینگەیەکی پاکژتر بێتە کایەوە تا  چانسێكی تر بۆ لابردنێكی باشتری ئەسەد و کردنەوەی بورغی دوکان و دەزگای ستەمكارییەكەی هەبێ.
حیکایەتەکەی بەغداش وایە، میلشیاكان لە بەغدا ناڕۆن و کۆڵی ئەم خەڵکە بەرنادەن تا عەقڵی غەنیمەو بە دامەزراوەكردنی زوڵم و زۆر لە عیراق كۆتایی نەیات.
ئاخر ئەم میلیشیایانە بوون لە جێی سوپای فیدڕالی ، ئەمما سوپای گەندەڵ،  توانییان قۆڵی داعش با بدەن و شەوکەتی دەوڵەتەکەی بشکێنن. ئەوی دەسکەوت دەھێنێ خۆی پێوە بادەدا و خۆی باشتر دەزانێ چۆنی لێ بخوا.
دەوڵەتی دامەزراوەی عێراقیش ھەر بە ئەندێشەی غەنیمە حوکمدەکات، غەنیمەی  ئەوەی بەدەستی ھێناوە ھی ئەوە نییە دەستبەرداری بێت،  بۆیە لەو شوێنەوە حکومەت دەکات. لە کاتێکا زۆر شتی  وا ھەبوو دەبوو  بۆ قۆناغی عەدالەی ئینتقالی کاری لەسەر بکات و نەیکرد،  چونکە وایزانی ژیان لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە ئەوی تیا لەدایک بووە، شتی وەک ئینسافی کورد لە تەعریبی کەرکوک ، وەک ئینسافی شیعەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و وەک ئینسافی   خەڵکی موسڵ دوای قاودانی داعش لە  ویلایەتەکە. کە ھیچی ئەمانە نەکرا ئیتر میلیشیا بۆ زاڵ نەبێ و دەوڵەتی مەدەنی  بە چی خۆی جیابکاتەوە لە دەوڵەتی میلیشیا؟
کە دەوڵەت وابێ کە ھەر شارێکی بە دڵ و دەستی ھێزێکی زاڵەوە بێت ئیتر بۆچی پایتەختەکە پارێزراو بێت و ھەر رۆژەی غەنیمەی دەستی مۆدێلێک نەبێت؟

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP