چواردەی تەموز و کەبابی مەلیک

ستران عەبدولڵا
15:39 - 2025-07-14


دەڵێن گوایە لەسەردەمی پادشایی کەباب بە دەفلس بووە ، یانی ژیان هەرزانی و فەرەحنایی بووە. بەڵام ئەم نرخە لە لیستێکی دوور و درێژی خەرجی ژمارەیەکی خەڵەتێنەرەو ناتوانێ گوزارشت لە هەرزانی بکات. ئاخر زەمانی مەلیک دە فلس بەهاکەی زۆر بووە و یابەی فەقیر و لالەی رەنجدەر هەر ناوی عانەیان بیستبوو و بەشێوە نەیاندیبوو.
عێراقی مەلەکی لەگەڵ کوردیش دژ و نەیار بوو ، ئەگینا شێخ مەحمود بەرزنجی و مەلا مستەفا بارزانی دەیانتوانی هەرچۆنێ بێت لەگەڵ مەلیک ، نوری سەعید و جەعفەر عەسکەری هەڵبکەن . مەعلوماتی باڵێۆزانی ئینگلیز و ئەجنەبی ئەو سەردەمیش لەوی نێردراوەکەی ترەمپ ، تۆم باراک ، وردتر و زۆر تر .
‎زەمانی مەلیک بێ کێشە و گرفتی دەرەبەگایەتی و مەیلی شۆڤێنی ئەفسەرە قەومییەکان نەبوو. عروبە لە هەناوی ڕەفتاری مەلیک غازی و بیری بۆگەنی ڕەشید عەلی گەیلانی بووە میراتی بەعسی.پەیمانی سەعد ئاباد و حیلفی بەغداش کە کەینوبەینی کەمتر نەبوو لە رێککەوتنی جەزایر هەروا. (ژانی گەل)ی برایم ئەحمەد کە ڕۆمانێکە کورد بۆ شۆڕش هاندەدا. تەوقیتی زەمانی پادشایی هەڵبژاردووە، با تەنانەت چاپی دواکەوتبێ و ڕەمزیەتی شۆڕشی جەزائیر گاڵدەدا. حزبی شیوعی عیراق لەبەر ستەمی کۆمەڵایەتی دەستەبژێری وڵات و قامچی دەرەبەگایەتی مەلەکی هاواری بوو دەنا خۆ شێت و هار نەدەبوو، ئەگەر سێدارەی فەهد و گولبارانی گاورباغی نەقەومایە. دەکرا بە شێنەیی هانی گۆڕان و گەشەی سیاسیی بدابایە. چوار ئەفسەرمان سێدارەی سەردەمی سیدارەی فەیسەڵی هەڵیانواسین. عادەتی قۆری تسفیر و بێبەریکردن لە رەگەزنامە، کە مۆری عێراقێتی لە دکتۆر جەعفەر و حەمزە عەبدوڵلا سەندەوە ، قانونی زەمانی پادشایی بوو کە دوایی جەمهوری بەعسی سوریاش دەرسی لێوەرگرت
ئەمانە تۆماری دەورانی کەبابی هەرزان و ئیرهابی پادشایی بوو. پێش چواردەی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ بەهاری ڕۆمانسی سیاسەت نەبوو ، بەڵام چونکە جەمهورییەکان ئیشی وا قۆریان کرد کە رووی مەجلسی مەلیکیان سپی کردەوە ، بۆیە خەڵک سۆزی بۆ ئەو زەمانە و ئەو عەسرانە هەیە.
ئاخر جەمهوری ئینقلابی بەعس لە ١٩٩٣ و ١٩٦٨ بەدواوە تاوانی وای کرد خەڵک ڕەحمەت بۆ مەلیک فەیسەڵ دەنێرێ، دەنا مەلیکیش بەفیتی بێگانە ئەو حوکمە سەڵتەنەتەی لە ئیمبراتۆری عوسمانی وەرگرت، تەنانەت باخچە و زەوی و زاری زۆری بنەماڵەی بابانی لە بەغدا قوت دا،
پادشایی و دەستەبژێری ئەوان ئەمڕۆ فریشتەی پاک و دژی گەندەڵیین، چونکە عێراقی جەمهوری و عێراقی فیدرالیش بە کوردستانەکەشییەوە بێ تامیان کرد لە گەندەڵی و تاڵانبازی.
کەبابی جاران بە دە فلس بوو، بەڵام جاران خەڵک دە فلسی لە کوێ بوو؟ ئەگەر هەیبوایە سێڵفی لەگەڵ دەگرت. بەڵام کەی ئەو کاتە مۆبایل و سێڵفی هەبوو؟
قاسم وڵاتێکی نوێی دروستکرد کە کۆنەپەرستی کۆمەڵ و مەیلی دیکتاتۆری خۆی سەری خوارد دەنا ئەوی پێش تەمووز قەت بەهەشتی سەر رووی زەمین نەبوو.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP