وادەی زاخاوی خەباتی نیشتمانییە
3-7
هاودەنگی و یەک هەڵوێستییەک بۆ ئێستاو ئایندەش
گەورەترین کێشەی گەلەکەمان بەدرێژایی مێژوو، نەبوونی یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی و یەکدەستی بووە. نەخۆشیی لەمێژینەی نەتەوەکەمان، دووبەرەکی و لێکترازان و یەکتر قبووڵنەکردن بووە. ئەم دەردە کوشندەیە زۆر لەمێژە لە بەرهەمی شاعیران و ئەدیبانیشماندا رەنگیداوەتەوە، بەجۆرێک دەیان نووسەر و شاعیر بە هەزاران دێڕیان لەسەر پێویستیی یەکدەنگیی گەلەکەمان نووسیوە و هەموو نەهامەتییەکانیشیان هەر بۆ ئەو دەردە گێڕاوەتەوە.
لەوانەیە هەبێت بڵێت؛ ئەوە حزبەکانن یەکهەڵوێست و یەکدەنگ نین و نەبوون! ئەم بۆچوونە دروست نییە، چونکە ئەم دەردە بەرلە بوونی حزب و گروپی سیاسیش لە نێو کورددا هەر هەبووە، بەڵام زیانەکان و رەنگدانەوە خراپەکەی لە سەردەمی بوونی حزبە سیاسییەکاندا بەرجەستە و دیارتر و کاریگەرتر بووە. مێژووی گەلەکەمان پڕە لە نموونەی زیانەکانی ناتەبایی و دووبەرەکی و بێگومان بە زیانی گەورەش بۆ خەباتی گەلەکەمان گەڕاوەتەوە، بەتایبەتیش چونکە هەموو ئەو وێستگانە لەلایەن گروپ و تاقمە سیاسییەکانەوە، جگە لە کێبڕکێی حزبایەتی و جیاوازیی بەرنامە و بۆچوون، دوژمنایەتیی یەکتریشی بەخۆوە بینیووە، ئیتر نەیار و رکابەر و دوژمنەکانمان سوودیان لێ وەرگرتووە و بۆ لاوازکردنی شۆڕش لەکاتی شۆڕش و هەروەها بۆ لێدانی ئەزموونی حوکمڕانیی ئێستامان.
ئاساییە حزب و بزوتنەوە سیاسییەکان بەرنامە و دیدگایان بۆ چارەسەری گرفت و مەسەلەکان جیاوازبێ و هەریەکەیان بە شێوازی جیاواز خەباتی خۆیان رانێن، بەڵام ناکرێت لە مەسەلە چارەنووسسازە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکاندا، بە ئاراستەی جیاواز بئاژوون و دژبن. وەک چۆن لە مێژووماندا زەرەری دووبەرەکی و لێکترازانمان دیوە، ئاوهاش قازانجی یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیشمان لەبەرچاوە و باشترین نموونەش دروستکردنی بەرەی کوردستانی بوو لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا و هەمووشمان بینیمان چۆن گەلەکەمان بەری ئەو یەکدەنگی و یەک هەڵوێستییەی لە راپەڕین و دواتریش لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا چنییەوە.
نموونەیەکی نزیکتر و زیندووتریش، سووربوونی هەمیشەیی سەرۆک مام جەلال-ە لەسەر یەکهەڵوێستی و یەکدەنگیی لایەنەکانی کوردستان لە مەسەلە چارەنووسسازەکاندا و ئەو رۆڵە گەورەیەی دەیبینی لە لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان و دروستکردنی کۆدەنگییەک لەنێوانیاندا لە مەسەلە کوردستانی و نیشتمانییەکاندا.
ئەم رۆڵەی سەرۆک مام جەلال بۆ عیراقیش هەروابوو، کاتێک دەبووە کۆکەرەوی لایەنە عیراقییەکان لە دەوری مەسەلەیەک کە قازانجی گەلانی وڵاتی تێدا دەبوو.
ئێستا هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی دژواردا تێدەپەڕێت، کێشەی نەناردنی بودجە کە بەشێکی گرنگی مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینانە، بۆتە گرفتێکی گەورە و بەرۆکی خەڵکی هەرێم و حکومەتیشی گرتووە. حکومەتی فیدرالیش پەیتا پەیتا پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە مووچە نانێرن! دیارە بەغدا بیانووی خۆی دەهێنێتەوە، جا هەقە یان نا، ئەوە باسێکی ترە، بەڵام ئەوەی کە هەستی پێدەکرێ قاڵبێکی سیاسی وەرگرتووە، نەک بەتەنها دارایی و تەکنیکی و ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر هەرێم دروستدەکات و دەشێ عاقیبەتەکەی خراپ بێت!
ئەوەی جێگەی داخیشە، حزب و بزووتنەوە سیاسییەکانی هەرێم لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەی حکومەتی فیدراڵدا تائێستا پەرتەوازەن و تەنانەت هەندێکیشیان ناڕاستەوخۆ خۆشحاڵیی خۆیان بە هەڵوێستی بەغدا دەردەبڕن! ئەوەی لەم ساتەوەختە هەستیار و چارەنووسسازەدا پێویستە و لە دواخستن نایە، کۆبوونەوەی هەموو لایەنەکانە لە دەوری یەک هەڵوێستی توندوتۆڵی یاسایی و دەستووری بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی هەرێم و خەڵکی کوردستان بێ بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە و گوڕەشە، بەڵکو لەڕێی گفتوگۆی راشکاوانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، سەرەتا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و دواتریش کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تر. نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی ئەم بارودۆخە ناهەموارەی هەرێم، ناتەبایی نێوان لایەنەکان و نەبوونی یەکهەڵوێستییە لەسەر کێشە نیشتمانییەکان. دەشێت یەکێکیش هەبێ بڵێت؛ بۆ تەنها لەکاتی قەیران و گرفتەکاندا یەکڕیزییمان بیردەکەوێتەوە؟ ئەمە پرسیارێکی مەنتیقییە، بەڵام مەعلومیشە یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی، بەرلە هەر کاتێک بۆ رۆژی تەنگانە پێویست و گرنگە، ئەگەرچی باشتر ئەوەیە هەردەم یەکدەنگ و یەکڕیز بین تا کەس زەفەرمان پێ نەبات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP