سەرکەوتنی یەکێتی و چاوەڕوانی پارتی بۆ 7ی مانگ

ره‌وان تاليب
15:11 - 2022-01-27

کەمتر لە دووھەفتەی ماوە بۆ دەستپێکردنی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ، کە ئەو پۆستە، بۆ پێکھاتەی کورد یەکلا بۆتەوە، لە چوار خولی پێشووش لەلای یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان، بووە،  بۆ ئەم خولەش یەکێتی بەپێویست و بەمافی خۆی دەزانێت ئەو پۆستە وەربگرێتەوە. 
شەقامی كوردی و عێراقیش سەرقاڵن بە یەكلایکردنەوەی سەرۆک کۆمار لە نێوان کاندیدی یەکێتی و کاندیدی پارتی و پێکھێنانی حکومەت.
کادر و ئەندامانی یەکێتی، بەو ستۆپەی سەرکردایەتی حزبەکە بە پارتیکرد و نەچوە ژێر رکێفیەوە، لەئێستاوە خۆیان بەبراوە دەزانن لەحاڵتێکدا ئەگەر کاندیدەکشیان سەرنەکەوێت. 
پارتیش بەرێککەوتنێکی نھێنی و پێکھێنانی ھاوپەیمانی لەدەرەوەی حزبە کوردستانییەکان دەیەوێت ئەو پۆستە بۆ کاندیدەکەی یەکلا بکاتەوە.
 
رێککەوتنێکی نھێنی مەترسیدا
 
بەپێی زانیارییەکان (پ.د.ک) لەگەڵ رەوتی سەدر رێککەوتنێکیان ئەنجامداوە، کە لە ٢١ خاڵ لە خۆ دەگرێت، لە رێککەوتنەکە خاڵی مەترسیداری بۆ سەر ئایندەی ھەرێمی کوردستان ھەیە، کە وادەکات لایەنە شیعیەکان رق ئەستورتر لە ھەرێم بڕوانن بەوەی پارتی دەیەوێت بچێتە نێو ھاوکێشەی ئاڵۆزکردن و تێکدانی ماڵی شیعی، ئەوەش بە پشتیوانی وڵاتانی ھەرێمی سوونە کە پلانیان بۆ دارشتوە.
بەپێی رێککەوتنەکە،کە پارتی تاوەکو ئێستا ناوڕۆکی رێککەوتنەکەی بەنھێنی ھێشتۆتەوە  نایەوێیت نەک بۆ کۆمەڵانی خەڵک بەڵکو بۆ جەماوەر و ئەندامانی خۆشی روونبکاتەوە کە ناوەڕۆکەکە چی تێداھاتوە و خێر و باشەی بۆ ھاوڵاتیان چییە.
 
 
کەرکوک و رێککەوتنەکەی پارتی و سەدر 
 
لە رێککەوتنەکەی پارتی لەگەڵ سەدر کە دەویسترا، بکرێتە رێککەوتنی کورد لەگەڵ سەدر و لەسەر حیسابی گەلی کورد ئەنجامیبدات و یەکێتیش پەلکێشی نێو رێککەوتنەکە بکات، کە خۆی لە ٢١ خاڵ دەبینێتەوە، بەڵام ئەوەی سەیرە و جێگای پرسیارە، لەو خاڵانە جگە لە بەخشینەوەی پۆست و بابەتی حزبی و شەخسی ھیچ خاڵێکی باس لە ئاسایبوونەوە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان ناکات، بەڵکو بە خاڵێكش باس لەوە ناکات حکومەتی عێراق چۆن مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکات و شایستە و مافە دارایی و یاساییەکان چۆن جێبەجێبکات.
بۆیە شاندی یەکێتی لەگەڵ ئاشکراکردنی ئەو رێککەوتنە بڕیاریانداوە نەچنە نێو ئەو ھاوپەیمانیەوە و بەو شێوازە رێککەتنە قایل نەبوونە و فراکسۆینی یەکێتیش یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی بایکۆتکرد. 
 
بڕیارێکی پێویست لەکاتێکی گونجاو 
 
ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، بە بڕیاری کاندید کردنی ھەڤاڵ دکتۆر بەرھەم، وەک تاکە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و نەگۆرینی بە ھیچ کاندیدێکی دیکە، دڵی جەماوەری یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵکی بەتەواوی خۆشکرد و وایکرد بەو بڕیارە ستۆپ بە پارتی بکات و بڵێت ئێمە پەیڕەوکەرانی سیاسەتی چەپکە گۆڵەکەی سەرۆک مام جەلالین، یەکێتی وەک حزبێکی سیاسی خاوەن فەلسەفە و دیدگای  سەربەخۆی خۆی بڕیار دەدات. 
ھەر ئەو بڕیارەش وایکردوە ، ئەگەر یەکێتی نەتوانێت کاندیدەکەشی سەربخات ئەوە لە نێو دڵی جەماوەر سەرکەوتوە.
 
تێکدانی عورفی سیاسی لە عێراق
 
لە عورفی حکومڕانی عێراق گونجاو  نییە پارتی کاندیدی بۆ سەرۆک کۆمار ھەبێت، وەک چۆن یەکێتی بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان نیەتی و سونە بۆ سەرۆک وەزیران و شیعە بۆ سەرۆکی پەرلەمان نیانە، بەڵام ئەگەر ھەنگاوی لەو چەشنەش ھەبێت ئەوە یاساییە، بەڵام چۆن کاندیدێک، 
کاندیدێک کە بەپێی یاسا نابێ تۆمەتبار بێ و تێوەگلابێ بە گەندەڵیەوە، دەبێت شاھێدی باشەی بۆ بدرێ ، بەڵام کاندیدەکەی ئەوان ھیچ خاسێتێکی لەو چەشنەی نییە، بگرە لەسەر گەندەڵی و بەھەدردانی سامانی وڵات لە وەزیری دوورخرایەوە و نەیتوانی نمونەیەکی باشی کوردەواری و ئیداری پێشکەش بکات.
پارتی ئێستا بە رووکەش دڵخۆش و شاگەشکەیە، بە چوونە نێو ھاوپەیمانی سەدر و سوونە، بەڵام تێکھەڵگژاو ونائومێد کە کە دەزانێت کاندیدەکەی لە ئاستی چاوەروانی ھاوپەیمانەکانیشی نییە نەک سەرجەم کوتلەکانی پەرلەمان. 
بۆیە وەک پیاوە خنکاوەکە پەل دەھاوێژێت بۆ پوشێکش، وەک ئەوەی ھانای بۆ ئەرشەد ساڵحی و بەرەی تورکمانی و رەنگە سبەی داوا لە راکان جبوریش بکات بۆ پشتیوانیکردنی.
 
 
رێککەوتنی ستراتیژی بەرەو کوێ
 
بەپێی رێکەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی بەسەرۆکایەتی سەرۆک مام جەلال و کاک مەسعود، پشکی کورد لەبەغداد و پۆستەکانی ھەرێم دابەشکرابوون، بەشێوەیەک پۆستی سەرۆکی کۆمار بۆ یەکێتی و سەرۆکی ھەرێم بۆ پارتی، لەچوارچێوەیە و بڕوابوون بە پرانسیپی رێزگرتن لە رێککەوتنامەکە تائێستا و دوای چەند خول یەکێتی کاندیدی بۆ سەرۆکی ھەرێم نەبوە، بەڵام بەپێی زانیاریەکان، لە کۆبونەوەی نێوان ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی و كاك مەسعود، بەراشکاوی کاک مەسعود باسی لەوەکردوە کە رێککەوتنامەکە نەماوە، و ئەو ئێستا تەنھا سەرۆکی حزبەکەی خۆیەتی و سەرۆک مام جەلالش لە ژیاندا نەماوە، بۆیە کار بە رێککەوتنامەکەناکرێت.
کێشە ھەڤاڵ بەرھەمە یان ھەوڵدانە لە پێگەی یەکێتی 
 
لەسەروبەندی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، دیاریکردنی ھەڤاڵ بەرھەم بۆ سەرۆک کۆمار، پارتی لە رێگەی کەناڵە جیاوازەکان و شرۆڤەکار و سیاسیەکانیانەوە، وابڵاویکردەوە و دەیویست وا لەکۆمەڵانی خەڵک لە نێو تەنھا ڤیتۆیان لەسەر کاک بەرھەم ھەیە بەوەی لە ٢٠١٨ بەسەرکەوتنی بەسەر کاندیدەکەی کاک مەسعود ئازار و برینی پارتی قوڵ کردبوو، بەڵام دواتر دەرکەوت، نەک ھەڤاڵ بەرھەم بەڵکو پارتی بەھچ کاندیدێکی یەکێتی رازی نییە و دەیەوێت لە رێگەی وەرگرتنی ئەو پۆستەوە، شکست بەیەکێتی بھێنێت و لە بەردەم جەماوە و ھێزە سیاسیە کوردی و عێراقیەکانیش سازشی پێبکات و کەنارگیری بکات، بەڵام بە کۆبونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی ئەم ھەنگاوەشیان پوچەڵکرایەوە.
 
 
دروشەمەکانی سەدر و بێ ئەرزشکردنی لەلایەن پارتیەوە 
 
سەدر کە جاڕی شەفافەیتە و حکومڕانییەکی زۆرینەی دوور لە کەسانی گەندەڵی دەدات، بەو بیانوەش بەشێک لە فیگەر و لایەنە شییعیەکانی فەرامۆشکردوە کە ئەوەش لە قازانجی عێراقدا نییە و وادەکات پشێویەکانی روو لە زیاد بوون بکەن.
بەڵام ھاوپەیمانەکەی لە رێگای کاندیدکردنی کەسێک بۆ سەرۆک کۆمار، کە تێوەگلاوە بە گەندەڵی و بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی ٢٠١٦ لە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی بەشداربووی پەرلەمان لە وەزیری دوورخرایەوە،  بۆیە بە کاندیدیکردنی ھۆشیار سەدر ئەو دەنگە بەرزەی بەرامبەر لایەنە شیعیەکان نامینێت و وادەکات سەرجەم وتەکانی بێ ئەرزشبکرێن، کە چۆن دەکرێت کەسێکی تێوەگلاو بەگەندەڵی بکرێت بە سەرۆکی وڵات.
بۆیە چاوەروان ناکرێت کورد وتەنی سەدر کچی خۆی بکات بە قوربانی کوڕی پارتی، بەڵکو لەگەڵ نزیکبونەوەی پرۆسەکە چاوەرواندکرێت، سەدر ھەڵوێستێکی دیکە بنوێنێت.

 

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP