هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، برینە گەورەکەی کورد دەکولێنێتەوە

هێمن مام رەش
21:04 - 2022-02-26

هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، برینە گەورەکەی کورد دەکولێنێتەوە

 هێمن مام رەش

دواجار ڤلادیمێر پۆتین-ی سەرۆکی رووسیا هێرشی سەربازی کردە سەر ئۆکراینا، ئەمە پێچەوانەی ئەو بانگەشانە بوو کە چەندین مانگە جیهانی پێ چاوبەستە کرد گوایا کۆکردنەوەی هێزەکانیان لەسەر سنووری ئەو بۆ هێرشکردن نیە بەڵکو تەنها چەند مانۆڕێکی سەربازیە و بەس، بەڵکو هەندێکجار ئەمریکا و رۆژئاوایان بە بزوێنەری ماکینەیەکی ئیعلامی چەواشەکار دەدایە قەڵەم کە بێ هیچ بنەمایەک دەیانەوێت بەو کارانە وێنەی رووسیا ناشیرین نیشان بدەن.

هەموو جیهان بۆنی ئەو پەلامار و هێرشەی رووسیای کردبوو، لە هەمووی نزیکتر روژ دوای رۆژ ئۆکراینیەکان زووتر هەستیان بەگەرمی جۆشدانی کوورەکە کردبوو، بۆیەش سەرکردەکانی جیهان لە پێش هەموویانەوە ئەوروپیەکان لەوە تێگەیشتبوون کە شەڕەکە تادێت لەبەردەگایان نزیک دەبێتەوە، زیانێکی مادی و مەعنەوی زۆریان بەردەکەوێت، ئەمەش جووڵە دبلۆماسیەکانی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن-ی سەرۆکی فەرەنسا و ئۆلاف شۆلتز   راوێژکاری ئەڵمانیا لە نێوان کیڤ و مۆسکۆ لە رۆژەکانی پێش هێرشی سوپای رووسیا چڕتر و جدیتر کردەوە، ئەمە جگە لەو چەندین سەعات پەیوەندیە تەلەفۆنیانەی کە نووسینگەی سەرۆکایەتی زۆربەی وڵاتانی سەرقاڵ کردبوو.

من پێم وایە، هەموویان لەوە گەیشتبوون رووسیا بێ هۆ ئەو سەدان هەزار سەرباز و چەک و جبەخانە جۆراوجۆرە پێشکەوتووانەی لەسەر سنوور و ناوچەکە کۆنەکردبۆوە.

جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا هەفتەیەک بەر لەوە، لەدەرەنجامی گفتوگۆ تەلەفۆنیە درێژخایەنەکەی لەگەڵ پۆتین بۆی دەرکەوت کە رووسەکان زۆر جدین لە جێبەجێکردنی پلانەکەیان، رایگەیاند کە رووسیا هێرش دەکات، بەڵام وا بڵاو یکردەوە کە گوایا دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئەوزانیاریانەی دەستکەوتووە.

ئەگەر سەیرێکی سەعات و رۆژەکانی دوای کۆبوونەوەی ماکرۆن لەلایەک و ئۆلاف شۆڵتز-ی راوێژکاری ئەڵمانیا لەلایەکیتر لە کیڤ و کرملن بکەین، بێ هیوایەکی زۆر بەدیدەکرا لە هەوڵەکانیان، لە لێدوانی سەرکردە ئەوروپیەکان بۆ میدیا بۆنی ئەو هێرشە دەکرا چونکە هەمیشە هیوایان دەخواست کە شەڕ روونەدات.

ئێستا کە هێرش و پەلامارەکان دەستیان پێکردووە، لێرە و لەوێ سەرکردەی هەندێک لەوڵاتان بەرووکەش ئیدانەی رووسیا دەکەن، بەڵام لە دڵەوە ئەم کارەی رووسیایان پێخۆشە، نا لەبەر ئەوەی رقیان لە ئۆکراینایە، بەڵکو بۆ بەدیهێنانی خەون و ئامانجە لەمێژینەکانیانە، چونکە بەو کارەی رووسیا کە پێشێلکردنی رێكەوتننامە و میساقە نێودەوڵەتییەکانە هیچ بەهایەک بۆ رێزگرتن لە سەروەری ووڵاتان نامێنێت، دەرگایەکی فراوانی رەوایەتیدان  بە هێرش و پەلاماری چەندین ووڵاتیتر دەدات بۆ نموونە:

- چین، بەئاشکرا پشتگیری لە رووسیا دەکات بۆ ئەوەی بەیانی ئەویش لە مەسەلەی تایوان و هۆنگ کۆنگ دا دەستی کراوەبێت.

-تورکیا دەمێکە خەون بەگێرانەوەی ویلایەتی موسڵ دەبینێت بۆسەر نەخشەی وڵاتەکەی، کە ئەمەش راستەوخۆ مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا و کۆی مەسەلەی نەتەوایەتی کورد و دەستکەوتەکانی دروست دەکات، ئەو برینە گەورەیە دەکولێنێتەوە کە رەنگە بەسەدان ساڵیتر خوێنی لێ بچۆرێت.
زۆر شوێنی تر لە جیهان کە چەندین دەیەیە هەمیشە وەک قومبەلەیەکی تەوقیتکراو لە ئان و ساتی تەقینەوە و قۆستنەوەی دەرفەتێکی لەو شێوەیەن، ئەو کات هەموو ئەو وڵاتانەی باسمان کرد لە بەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەنجە بۆ رووسیا درێژ دەکەن کە ئایا بۆچی بۆ روسیا (غفورالرحیم) بوو، بۆچی بۆ ئێمە (شدید العقاب) بێت لە گەراندنەوەی ئەو ناوچەی کە هاوشێوەی روسیا بۆ ئۆکراینا بە هی خۆمانی دەزانین.

بۆیە بێ دەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی هاوپەیمانی ناتۆ و ئەمریکا بەرامبەر کارێکی لەم شێوەی رووسیا بابەتەکە لە حالەتەوە دەکاتە دیاردەیەکی مەترسیدار.

پێویستە پارێزگاری لە سەنگ و بەها و رێزی پرەنسیپ و رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بکرێت، ئەگینا ئاشوبێکی گەورەی مرۆڤایەتی بەدوایخۆیدا دەهێنێت کە لەمێژووی دوور و نزیک لەسەر ئەم هەسارەیە رووینەدابێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP