دیداری یە‌كێتی، مافی ژنان بە ‌نموونە‌

قوباد تاڵه‌بانى
15:43 - 2022-03-08

لە دەستپێکدا بە پێویستی دەزانم هەرچەند بە کورتیش بێت، ڕوونی بکەمەوە، کە دیداری یەکێتی چییە و بۆچی ئەم دیدارە رێکدەخەین؟
لە کۆنگرەی چوارە‌مدا (سەرباری هەموو تێبینییەکان) توانیمان هەیکەلی یەکێتی بگۆڕین، بەڵام نەمانتوانی وەک پێویست دید و روئیا و سیاسەتی یەکێتی بگۆڕین، یەکێتی دەمێک ساڵە پێویستی بە بەخۆداچوونەوەیەکی ریشەیی هەیە، بە درێژایی ساڵانی رابردوو بینیومانە خەڵکێکی زۆر لە سیاسەتی یەکێتی ناڕازین، جەماوەرێکی زۆرمان لەدەستداوە، تەنانەت لەناو خودی یەکێتیشدا ژمارەیەکی بەرچاو لەئەندام و کادر و ئەندامی سەرکردایەتی بە خۆشمەوە لە سیاسەت و رەفتار و ئەدای یەکێتی ناڕازین، بۆیە بەو ئەنجامە گەیشتین. پێویستە چیتر کات بە فیڕۆ نەدەین و دیداری یەکێتی ڕێک بخەین تا بەبەشداری هەموو ئەو یەکێتییانەی خاوەن فکر و روئیا و بیرۆکەی نوێن، بتوانین یەکێتی بکەینەوە بەحزبی پێشەنگ.
یە‌كێك لە‌و پرسانەی كە‌ یە‌كێتی بەراورد بە لایەنەکانیتر ھە‌میشە‌ تیایدا دە‌ستپێشخە‌ر و پێشە‌نگ بووە‌ پرسی ژنانە.
‌یە‌كێتی لەبەرەی پێشەوە بووە لە پاراستنی مافی ژنان و لە شەڕکردن لەپێناوی یەکسانی جێندەریی، بەڵام هەستدەکەین ساڵانێکە ئە‌و پرەنسیپە‌ وەک زۆر پرەنسیپیتر لەناو یەکێتیدا کاڵبووەتەوە، بۆیە بێ گومان پرسی ژنان و یەکسانی جێندەریی یەکێک دەبێت لەو پرسە سەرەکییانەی لە دیداری یەکێتیدا هەڵوەستەی جدی لەسەر دەکرێت.
ئەندام و کادر و سەرکردایەتی و جەماوەری یەکێتی دەبێت بزانن، حزبێک کە نەتوانێت روئیایەکی روون و پێشکەوتنخوازانەی بۆ پرسی ژنان هەبێت، ناتوانێت ببێتە حزبێکی پێشەنگ و پێشکەوتووخواز، بۆیە ناکرێت یەکێتی کێشە و پرسی ژنان وەک پرسێکی لاوەکی و پەراوێز سەیر بکات.
ئەزموونی وڵاتان سەلماندوویانە‌ ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە یەکسانی جێندەری نزیک بوونەتەوە و ژنان رۆڵی کاریگەر دەبینن لە سیاسەت و لە بازاڕی کار، لە بوارەکانیتریشدا سەرکەوتووترن و لە گەشەی بەردەوامدان. هەتا رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگا و سیاسەت و هەموو کایەکانیتردا زیاتربێت، کۆمەڵگاش لەسەر هێڵی گەشەسەندندایە. پێچەوانەکەشی هەر راستە، هەتا ژنان پەراوێزخراوتر و ماف پێشێڵکراوتربن، کۆمەڵگا چەقبەستووترە وەک زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو وڵاتانەی رێژەیەکی بەرزی ژنان لە سیاسەت و حکومڕانیدا بەشدارن، رێژەی گەندەڵییان کەمترە، ئەمە بۆ کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەتیش هەر راستە. بۆیە دەبێت ئێمەی یەكێتیش تێگەیشتنێکی نوێمان بۆ پرسی ژن هەبێت و ئەدا و هەڵوێستی نوێشمان هەبێت لەمبارەیەوە، بە دڵنیاییەوە هەتا رێژەی بەشداری و رۆڵی ژنان لە سیاسەت و بڕیاری یەکێتیدا بەرزتر بێت، یەکێتی زیاتر هەڵدەکشێت و پێگەی بەهێزتر دەبێت.
هەربۆیە یە‌كێتی بۆ پرسی مافی ژنان و یەکسانی جێندە‌ریی، پێویستە پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەری بكات لە شێوازی پەروەردەکردنی کادرە‌كانیدا. دەبێت باوەڕبوون بە یەکسانی جێندەری پێوەرێکی سەرەکی و گرنگ بێت بۆ بوون بە کادری یەکێتی و بۆ وەرگرتنی پۆستی حزبی و پۆستە حکومییەکانی یەکێتی.
یەکێتی هەمیشە ژنە کادری ئازا و کارای هەبووە، سەرکردەی ژنی هەبووە، لەپاڵ ئەوەی دەبێت شانازی بەو ژنە کادر و سەرکردانەوە بکەین، بەڵام دەشبێت لە دیداری یەکێتی و لەدوای دیداری یەکێتییەوە بە کردار زەمینە خۆش بکەین ژنان رۆڵی زۆر زیاتریان هەبێت لە سیاسەت و بڕیار و بەڕێوەبردنی یەکێتی لەهەموو ئاستەکاندا.
پێموایە لە رابردوودا پەیڕەو کردنی سیستمی کۆتا یارمەتیدەر بووە، لە پێشخستنی ڕۆڵی ژن  لەناو حزب و حکومەت و پەرلەماندا، بەڵام ئەوە چارەسەری بنەڕەتی نییە، چارەسەری بنەڕەتی ریشەکێشکردنی روانینی پیاوسالارییە لەناو حزبدا. ژنانی ناو حزب ناتوانن بە تەنها رووبەڕووی ئەو ئەقڵیەتە پیاو سالارییە ببنەوە ئەگەر حزبەکە خۆی سیاسەت و روئیا و ستراتیژی روونی نەبێت بۆ پرسی ژن و یەکسانی جێندەری.
پێویستە لە دیداری یەکێتیدا ئەو روانینە جێگیر بکەین، کە ژن نەهاتووەتە ناو حزب بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی ژنان بکات، بەڵکو ئەوە یەکێتییە کە دەبێت وەک حزب نوێنەرایەتی پرسی ژنان بکات. ژنانی ناو یەکێتیش دەیانەوێت وەک هەر ئەندامێکیتری یەکێتی سیاسەت بکەن بۆ کۆی کۆمەڵگا. خۆ ئەگەر ژنانی ناو یەکێتی هەر خەریکی شەڕی یەکسانی جێندەری بن كاتیان نامێنێت سیاسەت بکەن و توانای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پێشخستنی یەکێتی. بۆیە ئێمە دەبێت وەک حزب هەر لە بنەڕەتەوە ئەو شەڕەیان لەکۆڵ بکەینەوە، بیکەینە شەڕی هەموو یەکێتی.
خاڵێکی گرنگی تر کە پێویستە یە‌كێتی لەمەودوا كاری بۆ بکات، بەتایبەت لەڕێی پەرلەمانتارەکانییەوە، ئە‌وە‌یە کە هەر یاسایەک دەربچێت دەبێت پرسی یەکسانی جێندەری تێدا رەنگ بداتەوە، بۆ نموونە بڕیارە‌ یاسای کار دە‌ربچێت، ئێستا دەبێت لە خۆمان بپرسین دەرفەتی یەکسان هەیە بۆ ژن و پیاو لەناو بازاڕی کاردا؟ بێ گومان نەخێر، کەواتە ئێستا کە یاسای کار پێداچوونەوەی تێدا دەکرێت دەبێت یەکێتی هەوڵ بدات یاساکە بەجۆرێک هەموار بکرێتەوە، کە قەرەبووی ئەو ناهاوسەنگییە گەورەیە بکاتەوە کە لە بازاڕی کاردا هەیە، بە تایبەتیش لە کەرتی تایبەتدا.
هەر لەبارەی یاساکانەوە، دەبێت یەکێتی کار بۆ گۆڕینی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیش بکات، سەرەتا دەبێت هەرناوی یاساکە بگۆڕدرێت، بۆ تە‌نھا لەدژی خێزان؟ ژنێک ئەگەر لە دەرەوەی چوارچێوەی خێزان بێت و توندوتیژی بەرامبەر بکرێت، پۆلیس بۆی نییە بچێت رێکاری یاسایی بگرێتەبەر لە دژی ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەر ژنەکە کردووە! دە‌بێت پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیمان هەبێت و تەواو جا توندوتیژییەکە لەناو خێزان بێت، یا لەدەرەوەی خێزان. ئەو کاتە پەیامی یاساکە بۆ هەموو لایەک روون دەبێت.
بەگشتی هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لەبارەی مافەکانی ژنانەوە باسی دە‌كە‌ین، پێویستە سەرەتا‌ لە‌ناو حزبەوە دەستی پێ بکەین. ئەمەش تەنها بە ژنانی ناو حزب ناکرێت، لەبیرمە بۆ پرسی رووبەڕووبوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە، کە دایکم سە‌رپە‌رشتی دە‌كرد، تەنانەت لە‌گە‌ڵ مەلا و پیاوماقوڵ و کەسانی سەربازی و ریش سپی گوندەکانیش كۆدەبووەوە. کارێکی کرد ئەوانیش بەشداری کارابکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیەدا.
 لە کۆتاییدا دەڵێم؛ هەڤاڵان پرسی یەکسانی جێندەری پرسی هەموومانە، پرسێکی چارەنووسسازی هەموو کۆمەڵگایە، چونکە تەنها پەیوەست نییە بە ژنانەوە و پەیوەستە بە هەموو کۆمەڵگاکەمانەوە، هەربۆیە جەخت دەکەمەوە لە دیداری یەکێتیدا دەبێت بە هەموومانەوە یارمەتیدەربین لە داڕشتنی روئیا و سیاسەتی نوێی یەکێتی لەپێناو چەسپاندنی یەکسانی جێندەریی چ لەناو حزب و چ لەناو کۆمەڵگادا.

قوباد تاڵە‌بانی
سە‌رپە‌رشتیاری مە‌كتە‌بی سكرتاریە‌تی سە‌رۆك مام جە‌لال

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP