تەعریب لە کەرکوک و خانەقین بەفەرمی و بەلێشاو دەستی پێکردوە

سالار مه‌حمود
19:27 - 2022-03-10

بەلیست و بە جەڵەب خێزان و 
تاکەکەسی تەعریب، نفوس و دەنگدانیان لەبەغداو شارەکانی جنوبەوە دەگوازرێتەوە بۆ کەرکوک و خانەقین. 
ئەم پرۆسەیە جاران بە شاراوەیی و تاکە تاکە، خەڵکی دەگوازرانەوە بۆ ناوچە کوردستانیەکان. ئێستا بەپێی ئەو دیکۆمێنتانەی بڵاوی دەکەمەوە دەردەکەوێت  بەئاشکرا بەلیست و بەنوسراوی فەرمی پرۆسەکە ئەنجام دەدرێت.
تەعریب بەمیکانیزمێکی نوێ بەردەوامە. ئەم پرۆسە کاریگەری زیاتری ھەیە لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم.
لەکاتێکدا بەپێی مادەی ١٤٠ و بڕیاری لیژنەی ناوچە کێشە لەسەرەکانی عیراق. گواستنەوەی فۆرم و نفوسی دانیشتوان بۆ ئەو ناوچانەی کە دەبێتە ھۆی گۆڕینی دیمۆگرافیاو سروشتی شارو دەڤەرەکان  قەدەغەیە.
بەر لە ماوەیەک نمونەی تەعریبی گوندەکانی گەرمەسێرم خستە روو. کەبەم جۆرە بوو:
‌‎لەماوەی ٤ ساڵدا ٤٢۳٠ خێزان خانەقینیان جێھێشتوە
"کارەساتی گەورە روو لە ناوچەدابڕاوەکانی کوردستان دەکات"
بەهۆی نەبوونی پرۆژەی نیشتمانی و سەرقاڵی حزبەکان بەململانێی لاوەکیەوە، پرسی ناوچەدابڕاوەکان بەخاک و خەڵکەوە بەتەواوی فەرامۆش کراوە.
بێ هیوایی هاونیشتمانیان، لە پارێزگاریکردن لێیان ناوچەکانیان بۆ عەرەبی غەیرە بەجێ دێڵن.
تەنیا لە سنوری قەزای خانەقین بە ناحیەکانی جەلەولاو سەعدیەو جەبارەو قەرەتەپەو گوندەکانەوە ٤۲۳٠ خێزانی کورد بەرەو هەرێم باریان کردوە. ئەمەش مەترسیدارترین ئاماژەن و لێرەوە پێویستە هەڵوەستەی جدی لەسەر بکرێت.
تەنیا لەسنوری مەرکەزی قەزای خانەقی ۳٦ ئاوایی کورد چۆڵ کراون.
ناوی بەشێک لەو گوندانەی چۆڵكراون (کانی ماسی، دەکەی سەرچەم، ئاوایی عەلی بەگ، تەپە چەرمی، کەلای حسێن، ئاوایی مەردان، زەلاو، حسێن مەمە، ئەحمەد هیلال، نەی کەنە و پویکەی گوندی دەلۆکان، ئاوایی مەلا تەیب، گوندی قەڕامین سی ماڵ بوە ئێستا سێ ماڵی تیا ماوە، هەردوو گوندی باوەپڵاوی ماڵی کەمی تیاماوە). بەشێک لە گوندە چۆڵکراوەکانی نێوان خانەقی و جەلەولاو گوندەکانی دەوروبەری قزڕەبات جەیش یا حەشدی شەعبی لێ نیشتەجێ کراون.
پێشنیاری کۆنگرەیەکی نیشتمانی دەکەم سەبارەت بە پرسی ناوچەدابڕاوەکان.
بەپێی ئەم دیکۆمێنتانە کە سەدان دێکۆمێنت و نوسراوی تر ھەن و بەردەست نەکەوتوون روون دەبێتەوە بە بەرنامە پرۆسەی تەعریب بەردەوامەو مادەی ١٤٠ بەتەواوی خەوێنراوەو ھەموو لایەکێش لەم مەترسیە بێدەنگە!

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP