ستران عەبدوڵڵا: ئامانج ئەوەیە زۆرترین هەڤاڵ بەشـــداری لە دیداری یەکێتیدا بکەن

ستران عەبدولڵا
14:51 - 2022-03-12

کۆبوونەوە لە بچووکەوە بۆ فراوان، لەسەر ئاستی شانەیەکی حزبییەوە تا ئۆرگانە باڵاکانی حزب، جگە لە کۆنفرانس و کۆنگرەکان، خۆراکی مێشکی ئەندامەکانە و بەردەوامییان هەنگاوی نوێ و دروستبوونەوەی پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان ئەندامەکانی دێنێتە کایەوە، لە کۆبوونەوە فراوانەکاندا دەکرێت زۆرێک لە کێشە چەقبەستووەکان چارەسەر بکرێت.

یەکێتییەکان بە هەستیارییەوە دەڕواننە مانگی ئایاری داهاتوو کە تێیدا دیداری یەکێتی دەبەسترێت، دەیان پرسیاریان لا دروستبووە، ئەگەرچی ئامانجەکانی دیداری یەکێتی لە سەرەتای پەیامەکەی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانییەوە دیارە، بەڵام وردەکاریی لێکدانەوەکان پرسیاری لای ئەو هەڤاڵانە دروست کردووە.

بەو هیوایەین لەم دیدارەی هەڤاڵ ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی راگەیاندندا، هەندێک لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی خەڵک بدرێتەوە.

دیداری یەکێتی بۆچی؟

* دیداری یەکێتی لە مانگی ئایاردا دەبەسترێت، ئەم دیدارە بۆچی و ئامانجی چییە؟
– پەیامەکەی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە دیداری یەکێتی، ئەگەرچی ئەو نووسیویەتی بەڵام هەست و خواست و بیروبۆچونی هەموومان دەگرێتەوە، ئەو باشی هەڵسەنگاندووە و روونیکردۆتەوە. ئەم دیدارە پێداویستییەکی دۆخی سیاسیی یەکێتییە، هەموو حزبێک لە خۆی دەپرسێت بۆچی خەبات دەکات و ئامانجی چییە و چیکردووە و چی ماوە بیکات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نە نامۆیە بە دۆخی سیاسیی کوردستان، نە بە خەبات و تێکۆشان، ئەگەر نەڵێین رۆڵی سەرەکی خەبات لای ئەو بووە و نەخشەی بۆ کێشاوە.

دامەزرێنەرانی یەکێتی، لەسەریانەوە مام جەلال، پێش دامەزراندنی یەکێتی، خەباتگێڕ بوون لە ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردایەتیدا، کەواتە کاتێک دەپرسین بۆچی یەکێتیی دروست بوو، دەڵێین پرسیاری نیوسەدە لە ئەندێشە و بیرکردنەوەی سیاسیی و بزووتنەوەی کوردایەتی بوو.

یەکێتی لە هەموو قۆناغەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانەی بە خوێن و فرمێسک و گفتوگۆ و پێسەلماندن و ئەدەبیاتێکی دەوڵەمەند داوەتەوە، کە رەنگە لە مێژووی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، ئەگەر نەڵێم لە مێژووی سیاسیی ئەم ناوچەیەدا، وێنەی نەبووبێت لە فراوانی باسکردن و روونکردنەوە و دەوڵەمەندبوونی.

نامەکانی مام جەلال

نامەکانی مام جەلال و سەرکردەکانی دیکە کە بۆ رێکخستنەکان یان بۆ یەکتریان ناردووە و تێیدا باسیان لە فکری سیاسیی و چۆنێتی درێژەدان بە خەبات کردووە، خۆی لە خۆیدا مێژوویەکی دەوڵەمەندی ئەو رابردووەیە بۆ کەسێک کە بیەوێت کار لە سەر مێژووی بزووتنەوە رزگاریخوازی کوردستان بکات.

حزبی سیاسی هەمیشە پرسیاری نوێی بۆ دێتە پێش، تێکۆشەرانی یەکێتییش دەپرسن ئێمە بۆچی دروست بووین؟ ئەو گۆڕانکارییانەی کە هاتوونەتە پێش تا چەند یەکێتی توانیویەتی روبەروویان بێتەوە و کۆڵنەدات و لەسەر رێبازەکەیدا سەریبخات و جێدەست لەسەر یەکێتی جێبهێڵیت.

ئێمە باسی حزبێک دەکەین کە خاوەنی ئەندام و تێکۆشەرەکانییەتی و ئەوانیش هەست و بیرکردنەوە و لێکدانەوەیان هەیە، حزبایەتی ئەگەرچی فەلسەفەیەکیشی لە پشتەوە بێت یان تێکۆشەر و ئەندێشەفراوانی وەک مام جەلال لە پشتییەوە بێت، هێشتا لە کۆمەڵگەوە بیرۆکەکان وەردەگرن و کۆمەڵگە مامۆستای یەکەمی ئێمەیە، کوردایەتی مامۆستای سەرەکیمانە، هەلومەرجی کوردستان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بۆیە پرسیاری نوێ دێتەپێش، دەکرێت دیداری یەکێتی وەڵامدانەوە بارودۆخەکە بێت.

یەکێتی بۆچی خەبات دەکات؟

لە چارەکی یەکەمی سەدەی نوێداین و 22 ساڵیمان تێپەڕاندووە، چەند ساڵێک تێپەڕیوە بەسەر کۆچی دوایی جەنابی مام جەلال دا کە هێزێکی گەورەی کوردایەتی و بیرکردنەوەی سیاسی بوو، لە دوای کۆنگرەی سێیەمیشەوە کە لە 2010 بەستراوە گۆڕانکاریی گەورە بەسەر ناوچەکەدا هاتووە، لە بەهاری عەرەبییەوە کە هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیی گرتەوە و سوریاش کە بەشێک لە خاکی کوردستانە، فراوانبوونی ئەندێشەی ئیخوانی لەسەر تورکیا، ئەمانە هەمووی پەیوەندیدارن بە ئێمەوە، کاریگەریی ئەمە درەنگ کەوتە سەر عیراق و خۆپیشاندانەکان روویاندا و لە هەرێمی کوردستانێس لە هەلومەرجێکی دیکەدا روویان دا، ئەمانە پرسیار دێننە کایەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆچی خەبات دەکات؟ چەند لە ئامانجانەی بەدەستهێناوە، دەبێت چەندی ئەپدەیت بکرێتەوە؟ چەندی ناسنامەی دیکەی پێویستە؟

جاران جیهان دوو جەمسەر بوو، لە سەرەتای نەوەدەکانەوە بووە یەک جەمسەریی، ئێمە جگە لە بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتییەکان و چینایەتییەکانی ناو کۆمەڵگە، بەستراوینەتەوە بە خەباتە نەتەوەییەکەشەوە، لەسەر ئەمە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکانماندا زۆر رۆیشتین بۆ باسی نەتەوەیی و کارمان لەسەر کرد، رەنگە زۆرمان بایەخ بە دیوی فیکری و ئایدۆلۆژی خۆمان نەدابێت، ئێستا کاتیەتی، دوای 10 ساڵ لە ئەزموونی سیاسیی لە کوردستان، بەشداریی ئێمە لە حکومڕانییدا، ئەو هەموو ژانە سیاسییە ناوخۆییەی کە یەکێتی بەخۆیەوەبینی، بە دروستبوونی حزب و ئاراستەی سیاسیی دیکە لە هەناوی یەکێتییەوە لە ناو زۆنی سەوزدا، ئەمانە هەمووی پرسیار دروست دەکەن و ئەرکی یەکێتییشە وەڵامیان بداتەوە.

دیداری یەکێتی پێش دەستپێکردنی
* ئەم دیدارە بە چ شێوازێک دەبەسترێت؟ بە یەک کۆبوونەوەی گەورە یان زیاتر؟

– پێش ئەوەی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی راسپێردرێت، گفتوگۆی هەڤاڵانە کراوە و ئێستا ئێمە لە ناو ژینگەی باسەکەداین، لە کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیدا زۆر شت خراوەتە بەرباس، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت دیداری یەکێتی رێکبخەین.

ئەو هەڤاڵانەی کە بەشدار دەبن لەم دیدارەدا کۆمەڵێک کۆبوونەوەیان بە سەرپەرشتی هەڤاڵ قوباد رێکخست و چەند لیژنەیەک دروستکرا بۆ ئەم کارە و دەستیان بە ئیشەکانی خۆیان کردووە، ئەمە بەشێکی دیدارەکەیە پێش دەستپێکردنی، سایتێک کراوەتەوە بۆ وەرگرتنی بیروبۆچونەکان بۆ دیدارەکە و راگەیاندنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم بارەیەوە کاری بۆ دەکەن.

دیدارەکە پێموایە سێ رۆژ دەخایەنێت، باشترە هەموو شت نەڵێم و لێگەڕێین بۆ بیروبۆچوونی ئێوەش، رەنگە تۆ پێت باش بێت سێ رۆژ نەخایەنێت چوار بێت، هەڤاڵێکی تر بڵیت ئێواران و بەیانیان بێت، نامانەوێت وا بزانن ئێمە بڕیارمان لە هەموو شت داوە.

بەشداریی زۆرترین هەڤاڵی یەکێتی
* ئەو لیژنەیەی کە دروستکراوە، دەتوانێت بڕیار بدات کە کێ بۆی هەیە و کێ دەتوانێت بەشداری بکات؟

– ئامانج ئەوەیە کە زۆرترین هەڤاڵی یەکێتی بەشداریی تێدا بکەن، دەمەوێت بڵێم کە ئێمە من و تۆ بە ناونیشانی هەڤاڵیی خۆمانە بەشدار دەبین نەک بە پلەی حزبیمان، ئێستا کە تۆچاوپێکەوتن لەگەڵ من دەکەیت، حاڵم حاڵی هەر هەڤاڵێکی دیکەی یەکێتی لەهەر ئۆرگانێکی یەکێتی خەبات دەکات، قسە دەکەم، بۆ ئەوەی بەربەست لە بەردەم قسەکانمان نەبێت و ئەندێشەی بیرکردنەوەی فراوان بێتە کایەوە. وامان داناوە کە زیاتر لە پەنجەرەیەک هەبێت بۆ وەرگرتنی بیرۆکەکان، بۆ نموونە؛ لیژنەی پەیوەندیدار دەچێتە هەریەک لە دهۆک و هەولێر و گەرمیان و شوێنەکانی دیکە بۆ کۆکردنەوەی بیروبۆچونەکان، گەڵاڵەی ئەمانە دەبنە ئەو دیدارەی لەو چەند رۆژەدا ساز دەکرێن.

* دەکرێت هاوشێوەی کۆنگرە، کاتێک ئەندامانی حزب چاوەڕوانیی دەکەن و پێیان وایە لەوێدا گۆڕانکاریی دەکرێت، لەم دیدارەشدا گۆڕانکاریی وا بکرێت جیاواز لەوەی تا ئێستا کراوە؟

– پرسیارەکە جوانە، جیاوازیی کۆنگرە یان کۆنفڕانس لێرەدا دەردەکەوێت، یەکەمیان ئەوەیە بە هەڵبژاردن و دیاریکردنی ژمارەی کەسەکان ناچنە دیدارەکەوە، دووەمیان ئەم دیدارە زیاتر لە مینبەرێک دەگرێتەوە بۆ ئەوەی زۆرتر بەشداریی تێد بکات تا زۆرترین بیر و بۆچوون کۆبکرێتەوە.

گۆڕینی هەیکەلی حزب
ئەم دیدارە بۆ گۆڕینی هەیکەلی حزب نییە وەک ئەوەی لە کۆنگرەدا دەکرێت، رەنگە پلنیۆمیش تێیدا بکرێت بەڵام لە دیدارەکەدا ئەمانە ناکرێن، سەرجەم بۆچوونەکان کە کاری لەسەردەکرێت و گەڵاڵە دەکرێن سیفەتی رەسمی وەردەگرن و شۆڕ دەبنەوە بۆ ناو ئورگانەکان و مەکتەبەکان، بۆ نموونە ئەوەی لە بارەی راگەیاندنەوە پوختە دەکرێت، دەبێتە کارنامەیەک بۆ هەڤاڵانی مەکتەبی راگەیاندن کە کاری لەسەر بکەن، هەروا بۆ مەکتەبەکانی تریش. ئەم کارنامانە دەبێت بەشێک لە ئەدەبیاتی یەکێتی و دەبێت چاپ بکرێت. بۆ ئەوەی کاتێک کەسێک پۆستێکی حزبی وەردەگرێت، لە رێگەی ئەو کارنامەیەوە بزانێت ئەرکەکانی لەو پۆستەدا چییە؟ ئێمە توراسێکی دەوڵەمەندمان هەیە، بەڵام نوێکردنەوەش پێویستە.

تائێستا بیریی ئێمە لەکاتی بەستنی کۆنگرەدا بۆ ئەوە دەچێت وەک خۆمان جێگەمان لەو گۆڕانکارییەدا لە کوێدا دەبێت، لەبری ئەوەی کە بپرسین شوێنی یەکێتی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و عیراق و ناوچەکەدا لە کوێدا دەبێت؟ واتا خەریکی شوێنی خۆمان بووین نەک حزب.

مافی چارەی خۆنووسین

دەبێت وەک مام جەلال بکەین کە تەفسیری خەباتی بۆ هەموو قۆناغەکان دەکرد، وەک یەکێتییەکانی ئایندە چۆن تەفسیری مافی چارەی خۆنووسین بکەین لە عیراقدا، دەبێت دیاریی بکەین ئایا عیراقی ئێستا دوژمنە، دۆستە، نەیارە، نیمچە نەیارە چییە؟ دەبێت لەم دیدارەدا دیاری بکرێت.

* هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەبارەت بە دیدارەکە دەڵێت (ستراتیژێکی دوورمەودای سیاسیی، ئابووری، رێکخراوەیی،کۆمەڵایەتی، کە خزمەت بە ژینگەی سیاسی و حکومی لە عیراق بکات، دەکەینە هەوێنی کارەکانمان).، کەوابوو بەو شێوەیەی جەنابتان باستان کرد دەکرێت دیدارەکە پڕۆژەیەک ئامادە بکات بە پوختەیی بچێتە بەردەم ئورگانە باڵاکانی حزب و بڕیاری لەسەر بدەن، واتا راستە کۆنگرە نییە بەڵام دەتوانێت گرنگییەکی باشی هەبێت؟

– راستە، دیدارەکە رەسمیەتی وەرگرتووە، چونکە ئەو سەرکردایەتییە پەسەندی کردووە کە بەرهەمی کۆنگرەیەکە، لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیشدا ئەمە هەیە، ئەمە دەبێتە دیداری ساڵانە، واتە ئەمساڵ لەسەر بنەما سەرەکییەکانی یەکێتی قسە دەکەین، رەنگە ساڵی داهاتوو، بۆ نموونە، چۆن سەیری دیموکراسی بکەین بە چڕتر، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە بابەتی ساڵ رادەگەیەنن، مام جەلال دەیوت ئەمساڵ ساڵی کوردی فەیلییە، ساڵی مافی مرۆڤە، ساڵی گرنگیدانە بە سلێمانی، گرنگیدانە بە ژینگەی کوردستان، واتا لە پاڵ ئەرکە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکەدا ئەمساڵ قورسایی خۆمان دەخەینە سەر ئەو بوارە. رەنگە تا کۆنگرەی داهاتوو زیاتر لە دیدارێک بکەین، یان فریا نەکەوین.

زنجیرەیەک دیدار و دیبەیت
* کەوابوو نووسەران لە راگەیەندنەکاندا دەتوانن لە ئێستاوە تا مانگی ئایار پێشنیار بکەن بۆ دیدارەکە، باس لەوە بکەن لەو دیدارەدا چی باشە بخرێتە بەر باس؟
– بەڵێ، دوو جۆر پەنجەرە هەیە بۆ ئەوەی پێش دیدارەکە ئەفکاری لێ وەربگیرێت، جۆرێکیان بۆ سایتی دیداری یەکێتییە کە سێکتەرەکانی بۆ جیاکراوەتەوە، جۆرێکیشیان لە راگەیاندنەکانی خۆمانەوەیە، جۆری سێەمیش بەڕێوەیە کە زنجیرەیەک دیدار و دیبەیت ساز بکرێت و تێکۆشەرانی یەکێتی لەو بوارانەدا قسە بکەن، دوای ئەمانەش خودی دیدارەکە کە سێ رۆژ دەخایەنێت.

ئامانج لەمە هەر پوختەکردنی ئەفکار نییە بۆ یەکێتی، بەڵکو پێویستمان بە دیاردەیەکی حزبیشە و دەمانەوێت ئەندامەکانمان چالاک بن و بگەڕێن بە شوێن بیرۆکەدا، زۆر حزبی گەورە هەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرەڕای ئەوەی مەترسیی ئەمنی و سەربازیشییان لەسەر بووە بەڵام بەو حاڵەشەوە کۆبوونەوەی فراوانیان سازکردووە، لە شاخەکانی کوردستانیش حزب هەیە ئەمەی کردووە.

یەکێتی کە خۆی لە شاردایە و حاکمە دەکرێت ئەمە بکاتە دیاردەیەکی رۆژانە، با ئەوە راست بکەینەوە کە دەڵێن قسەکردن گرنگ نییە و کردار گرنگە، مام جەلال لەم کتێبەیدا کە چاپکرایەوە لە باسی بەرەی یەکگرتوودا کە لە لینینەوە وەریگرتووە، دەڵێت: بیرکردنەوە خۆی لە خۆیدا کارە، واتا ئێمە وانەزانین کە بیرکردنەوە کار نییە بەڵکو کارێکی فکرییە، هەر بۆیەش هەمیشە دەیووت ئێمە رەنجدەرانی بیر و بازووین.

زۆرترین کۆڕ و کۆبوونەوە
زۆر کەس لەوانەی کەمتر تاقەتی حزبایەتییان هەیە لەگەڵ زۆر بیرکردنەوە و قسە لەسەرکردنی نین، راستییەکەی لە بواری تێکۆشانی سیاسیدا پێویستمان بە زۆرترین کۆڕ و کۆبوونەوە و گێڕانەوەی ئەفکار هەیە، هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک من و تۆ دەچین و قسەی تێدا دەکەین، دەبینین بەشداربوان قسەیان پێیە و داوای کات دەکەن بۆ قسەکردن، ئەمەش مانای وایە کە زۆرترین قسە هەیە لە دڵ و دەروونماندا، بەڵام شوێنێک نەدۆزراوەتەوە بۆ دەربڕینی.
هیوادارم دیداری یەکێتی تەنها وەک گەڵاڵە سەیری نەکەین کە دەسکەوتێکی ئەفکاری سیاسیمان هەیە و دەیبەینە ناو رێکخستنەکان، نەخێر دەبێت وای سەیر بکەین کە دیاردەیەکی حزبیشە و جۆشدانەوەی ژیانی حزبییە لە وڵاتی ئێمەدا کە خەریکە بڵێم لە زۆر بواردا پەکیکەوتووە.

لە چەند ساڵی رابردودا زۆر ئاراستە و حزب هاتن و وتیان وادەکەین و ئەمە دەکەین، ئێستا هەموو دۆخە سیاسییەکە بەسەر یەکێتیدا قڵپ بۆتەوە، خەڵک هیوای بە یەکێتی هەیە و گلەییشی لێی هەیە.

دەنگی زیاتر لە پەرلەماندا

* دەمێکە ئەو گلەییە هەیە، دەڵێن یەکێتی چۆتە ژێر باری زۆرێک لە هەڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کردوویەتی و ئاگای لە هەمووشی نییە، لەناو خەڵکدا دەوترێتەوە کە لە هەرێمی کوردستان تاکڕەوی هەیە لە بڕیارداندا، ئەگەرچی یەکێتیش بەشێکە لە حکومڕانی، دەکرێت لە ناو دیداری یەکێتیدا شتێکی تازە بێتە کایەوە؟

– لە دیداری یەکێتیدا بەشێک لەم قسانە باس دەکەین، ئەگەر تۆ بتەوێت سەنگێکی سیاسیی قورسترت هەبێت لە کوردستاندا، ئەوا دەبێت دەنگی زیاتر هەبێت لە پەرلەماندا، چونکە ئێمە باس لە خەباتی سیاسی ناو شار و پەرلەمانیی دەکەین، باسی مینبەرە جیاجیاکان دەکەین کە دەتوانی خەباتەکەی خۆتی تیادا باس بکەیت.
جاران کە لە دژی رژێمی بەعس بووین خەباتەکەمان بەشێکی تەبلیغاتی و جۆشدانەوە و چەکداریی بوو، بەڵام ئێستا خەبات کەوتۆتە پەرلەمان و شارەوانییەکان و مینبەرە جیاجیاکانی حزبایەتی کە قسە بکەیت و بیروڕاکانی خۆت روون بکەیتەوە. بۆ ئەوەی کە یەکێتی قسەی بڕوات پێویستی بەوەیە خەڵک دەنگی بداتێ و متمانەی پێبداتەوە، ئەمە دوو سەرەیە، ئەگەر یەکێتی کورسییەکانی پەنجا بۆ شەست کورسی بن بۆ ئەوەی بتوانێت قسە بکات و لە بەرامبەردا پاداشتی خەڵکەکەی بداتەوە.

ناسنامەی تازەی یەکێتی
بۆ یەکێتی دوو شت گرنگە، یەکەم لە رابردوودا چی کردووە و لە ئایندەدا چی پێیە بیکات بۆ خەڵک؟ ئەوە بەس نییە کە ئێمە هەر بڵێین خاوەنی ئەوەندە سەرکردە و شەهیدین، خەڵک پێمان دەڵێت دەستتان خۆش بێت و حزبی دیکەش هەیە ئەمەی کردووە. دەبێت ناسنامەی تازەی خۆمان پیشانی خەڵک بدەین و بڵێین ئێمە وەک یەکێتی چیی بۆ دەکەین، ئەمە جیامان دەکاتەوە لە پارتی و گۆڕان و نەوەی نوێ، هەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستان لەم کەشتییەداین بەڵام دەبێت بەرنامەیەکی جیاواز و روونمان هەبێت تا خەڵک دەنگمان بداتێ.

* دوو مانگمان لە بەردەمدایە بۆ دیداری یەکێتی، دوای ئەوەش ئەگەر یاسای هەڵبژاردن بە ویستی یەکێتی هەموار بکرێتەوە، ئەوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشمان لەبەردەمدایە، ناکرێت هەندێک پڕۆژەش کە تەواو بووە بدرێنە خزمەتی خەڵک؟ بۆ نموونە لە پارێزگای سلێمانی سەدان شوقە تەواو بوون و دوانزە ساڵە دابەش نەکراون بەسەر خەڵکی کرێنشین و کەم دەرامەتدا.

– دەبێت وەک پێویستیی خەڵکی کوردستان ئەمە دابین بکەین نەک تەنها بۆ دەنگدان، دیارە کە ئێمە ئەم کارانە بکەین پاداشتەکەی وەردەگرینەوە، ئەم کەموکووڕییانە لە هەموو هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام ئێمە باسی ژینگەی سیاسیی نفوزی خۆمان دەکەین و دەزانین خەڵک لە یەکێتی قبوڵ ناکات، لەوەی چاوەڕوانی لێدەکات، کەمتری بۆ بکات. خۆپیشاندانی خوێندکاران هاتنە سەرخەتی یەکێتی لێکەوتەوە، یەکێتی بۆ هەموو شت چاوەڕوانی حکومەت ناکات، بۆ نموونە کۆمپانیاکانی خۆڵڕشتن حکومەت پارەیان ناداتێ، یەکێتی تەداخولی کرد، مەسەلی ئەو شوقانەش یەک لەو کەیسانەن کە دەبێت یەکێتی بیکات تا متمانەی خەڵک بگەڕێنێتەوە و پێداویستیی خەڵکیشە کە دەبێت جێبەجێی بکەین. خەڵک متمانەت ناداتەوە تا رۆڵی سیاسیی خۆت بە باشی نەخەیتگەڕ و خزمەتگوزاریی بۆ خەڵک پێشکەش نەکەیت.

گۆڕانکارییە جەوهەرییەکان
ئەو حکومدارییەی کە یەکێتی هی سلێمانی و دەوروبەری دەکرد بوو بە نموونەیەک کە دەمان وت؛ ئەگەر چووینە هەولێریش، وەک سلێمانیی دەکەین. مەسەلەی حکومڕانیی دەبێت لە دیدارەکەدا باس بکرێت، هەروا دەبێت ناسنامەیەکمان هەبێت کە خەڵک بڵێت من دەنگ بە تۆ دەدەم بە ئەلف نادەم و یەکێتییش وەفاداری ئەو دەنگە بێت کە وەریدەگرێتەوە، ئەم دوو شتە هاوسەرەیە.

هیوادارم هەموو یەکێتییەکان بەشداری بکەن لەم دیدارە و قسە بە گرنگ بزانن، هەموو گۆڕانکارییە جەوهەرییەکانی مێژوو لە قسەوە دەستی پێکردووە، ئەم یەکێتیی نیشتمانییەی کوردستان کە خزمەتی کوردستانی کردووە و ئەو هەموو پیلانەی لەسەر بووە بە قسە، بە بەیاننامە دەستی پێکردووە، بۆیە زۆر گرنگە ئەندێشە بدەین بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مولزەمیشی بکەین بە جێبەجێکردنی ئەو ئەندێشانە.

 لەكوردستانی نوێوە وەرگیراوە 

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP