هەڵوێستی ئیسرائیل بەرامبەر ئۆکرانیا و وانەیەک بۆ کورد

راوێژ کامەران
10:55 - 2022-03-16

هەڵوێستی ئیسرائیل بەرامبەر ئۆکرانیا و وانەیەک بۆ کورد
16/03/2022

راوێژ کامەران
ڤلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا خۆی لەڕووی ئایینەوە جولەکەیە، لە وڵاتەکەیدا نزیکەی 300 هەزار هاووڵاتی جوولەکە هەن، بەردەوام هاوپەیمانێکی نزیکی ئیسرائیل بووە، هەر وەک چۆن دەوڵەتی ئیسرائیلیش لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و ناتۆدا هاوپەیمانی ستراتیژییە، هەر بۆیە بەپێی هەموو ئەم پێوەرانە دەبوو ئیسرائیل لە جەنگی روسیا بۆسەر ئۆکرانیادا پشتگیریی راستەوخۆی ئۆکرانیای بکردایە، بەڵام ئیسرائیل لەم جەنگەدا بە تەواوەتی بێلایەنیی هەڵبژاردووە و تەنها هەوڵی نێوەندگیریی دەدات، وەک لە کوردەواریشدا وتراوە، بێلایەنی لە نێوان ستەمکار و ستەملێکراودا لایەندارییە بۆ ستەمکار.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی دەوڵەتی ئیسرائیل پشتی لە هاوئاینی خۆی و هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی کردووە و لەم جەنگەدا بێلایەنە؟ تەنانەت لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشیشدا لەسەر پرسی جەنگەکە، ئیسرائیل بە جێگری باڵیۆزی ئیسرائیل بەشداریکردبوو، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەشداریی ئیسرائیل دێت لە دانیشتنەکەدا، هەرچەندە رۆژێک پاش ئەو دانیشتنەش نفتالی بینیتی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چووە مۆسکۆ و بۆ ماوەی سێ سەعات لەگەڵ فلادیمێر پوتیندا کۆبۆوە.
جگە لەوەی کاتێک سەرۆکی ئۆکرانیا داوایکرد لە پەرلەمانی ئیسرائیل (کنیسێت) بەڕاستەوخۆ وتارێک لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی جەنگەکەوە بۆ پەرلەمانتارانی ئیسرائیل پێشکەش بکات، بە بیانووی وەرگرتنی پشووی زستانە و چاکسازییکردن لە ئامێرەکانی ناو هۆڵی پەرلەمان، داواکارییەکەیان رەتکردەوە.
ئەوەی وایکردووە ئیسرائیل لەم جەنگەدا بێلایەنی هەڵبژێرێت و هەوڵی نێوەندگیریی بدات، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی لە ناوچەکەدا، چونکە ئیسرائیلییەکان پێیانوایە کە چوونە جەنگەوە لەگەڵ روسیا لە ئۆکرانیاوە، مانای کردنەوەی بەرەیەکی جەنگ دێت لە سوریا کە هاوسێی ئیسرائیلە و سوپای روسیای لێیە، جگە لەوەی هەموو پەستان و سزایەکی زیاتر لەسەر روسیا دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتەکە زیاتر لە ئێران نزیکببێتەوە و بەمەش توانای ئێران لە سوریا و لوبنان و تەواوی ناوچەکەدا زیاتر دەبێت.
هەربۆیە ئیسرائیل بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، لەم جەنگەدا پشتگیریی ئۆکرانیا ناکات، تەنانەت پاش 15 ساڵ لە ناکۆکی لەگەڵ تورکیاشدا پەیوەندیی درووستکردەوە بۆئەوەی پێکەوە هەوڵی نێوەندگیریی بدەن لە نێوان روسیا و ئۆکرانیادا، بەو پێیەی تورکیاش جگە لە زیانی سیاسی، زیانی زۆری ئابووریی لەم جەنگەدا بەردەکەوێت.
ئەوەی بۆ کورد گرنگە ئەوەیە کە تێبگەین پشتگیریی سیاسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نەک ئایینی و سۆزداری، چونکە زۆرێک هەن کە بە پشتگیریی ئیسرائیل بۆ کورد دڵخۆشن بەتایبەتی لەکاتی ریفراندۆمدا ئەوە لە هەندێک کەس و لایەنەوە بە ئاشکرا دەردەکەوت، بەڵام ئەوەتا ئیسرائیل لەکاتی جەنگ و مەترسیدا پشتگیریی لە هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی خۆشی ناکات ئەگەر بێت و بەرژەوەندیی خۆیدا تێدا نەبێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP