ئەوەی لەبارەی ئیبراهیم خەلیلەوە دەوترێـ

بێ نوسەر
10:00 - 2022-03-23

ئەوەی لەبارەی ئیبراهیم خەلیلەوە دەوترێـ
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل گەورەترین دەروازی سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و عیراقە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەبەری توركیا دەروازەكە پێی دەوترێت هابوور و لەبەری هەرێمی كوردستانیش بەئیبراهیم خەلیل ناودەبرێت، بەئینگلیزیش بەدەروازەكە دەوترێت (Forntier Border).
ئەم دەروازە زۆرترین مامەڵەی هێنان و بردنی شتوومەكی لێوە دەكرێت، جگە لەوەی داهاتێكی زۆری هەیە هەروەها گرنگییەكی زۆریشی بۆ توركیا هەیە بەو پێیەی بەپێی زانیارییەكان نزیكەی لەسەدا 35ی كۆی ئەو بەرهەمانەی توركیا رەوانەی وڵاتانی تری دەكات لەم دەروازەیەوە رەوانە دەكرێت. بەپێی چەند راپۆرتێكی بەدواداچوون و بنكۆڵكاری رۆژنامەنووسی داهاتی ساڵانەی ئیبراهیم خەلیل نزیك دەبێتەوە لە 450 ملیۆن دۆلار و ئەم داهاتەش تەنها ئەو مامەڵە رەسمییانە دەگرێتەوە كە لەدەروازەكە تۆمار دەكرێن، پێشبینیش دەكرێت نیو هێندە و زیاتری ئەم بڕەش لەمامەڵەی قاچاغ و ژێر بەژێرەوە لەم دەروازەیە پەیدا دەكرێت.
لەدەروازەكەدا چەندین كۆمپانیا جێگیركراون كە بڕە داهاتێكی زۆر لەژێر ناوی جۆراوجۆردا پەیدا دەكەن و بەپێی بەدواداچوونە رۆژنامەوانەكانیش تەواوی ئەو كۆمپانیایانە لە ژێر ناوی جۆراجۆردا كار بۆ پارتی دەكەن.
دوای بەدواداچوون بۆ وتەی چەند شوفێری بارهەڵگرێك كە لەدەروازەكە بەمەبەستی بازرگانی تێپەڕیون ناوی ئەو كۆمپانیایانە و بیانویان بۆ وەرگرتنی پارە ئاشكراكراوە، زانیارییەكانی دەریانخستووە، یەكێك لەو كۆمپانیا حزبیانە لە دەروازەكە كار دەكەن (كۆمپانیای نیوستاندارد)ە كە بەناوی پشكنیكی كۆڕۆناوە بڕی 50 دۆلار لەهەر شوفێری بارهەڵگرێك وەردەگرێت،  كۆمپانیای ستار یەكێكی ترە لەو كۆمپانیانەی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل كار دەكات و بۆ هەر بارهەڵگرێك بەناوی دروستكردنی بیمەی تەندروستی پارە وەردەگرێت و بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان داهاتی ساڵانەی نزیكەی 40 ملیۆن دۆلارە، یەكێكی تر لەو كۆمپانیایانە لە دەروازەكە كار دەكەن كۆمپانیای كۆردیۆیە و ئەو كۆمپانیایە بەناوی پشكنینی گومركی بڕی 15 هەزار دینار لەهەر بارهەڵگرێك وەردەگرێت، كۆمپانیای جەبەل نەهزەش بڕی 25 دۆلار لە هەر بارهەڵگرێك وەردەگرێت بەناوی پشكنینی مەنەفێست ، پرۆسەیەكی تری تێپەڕبوونی بارهەڵگر لەدەروازەكە ناوی لێنراوە سكانكردن و بۆ ئەم كارەش كۆمپانیایەك بەناوی هانت داون بڕی 50 دۆلار لە هەر بارهەڵگرێك وەردەگرێت، كۆمپانیای ئەنتەرناتیكیش یەكێكی ترە لەو كۆمپانیایانەی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل كار دەكەن و بەپێی جۆری ئەو شمەكەی بارهەڵگرەكە باری كردووە پارە لەشوفێرەكان وەردەگرێت بەناوی پشكنین بۆ كاڵاكان، بەشێك لەشتومەكەكان هەندێك جار بڕی پارەی وەرگیراو لەبەرامبەری دەگاتە دوو هەزار دۆلار، ئەمە جگە لەوەی بڕە پارەیەك لەشوفێری بارهەڵگرەكان وەردەگیرێت بەناوی پاكژكردنەوە و داهاتی ئەو كارەش زیاتر لە هەشت ملیۆن دۆلارە لەساڵێكدا.
جگە لەم رسوماتەی لەدەروازەی ئیبراهیم خەلیل لەشۆفێران وەردەگیرێت كە زۆرینەی پارەكەی بۆ كۆمپانیا حزبییەكان و بڕێكی زۆر كەمی كە 500 دۆلار بۆ هەر بارهەڵگرێك تێناپەڕێنێت بۆ حكومەتی هەرێم، چەندین شمەكی تری قەدەغەكراو لەوانەی خواردنەوە كهولییەكان و جگەرە و هەندێك جۆر چارەسەری سروشتی لەدەروازەكەوە بەشێوەی قاچاغ دەهێندرێتە هەرێم لەبەرامبەردا و لەلایەن گرووپە حزبییەكانەوە لەدەروازەی ئیبراهیم خەلیل كارئاسانیان بۆ دەكرێت و زۆرینەی  داهاتی ئەو مامەڵە قاچاغەش بۆ پارتییە.
بەرپرسانی پارتیش نكۆڵی لەگرنگی دەروازەكە ناكەن و ئامادەنین لەبەرامبەر هیچ شتێك دەستبەرداری ببن، رەشید تاهیر كە پێشتر بریكاری وەزارەتی دارایی هەرێم بووە و كادرێكی پ.د.ك-ە تەنها بەرپرسی پارتی بووە كە بەشێوەیەكی ئاشكرا و لەچاوپێكەوتێنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (شرق الاوسگ)دا لەساڵی 2013 باسی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل كردووە و ئەو كات باسی لەوەكردووە كە دەروازەكە ساڵانە بەملیۆنان دۆلار داهاتی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە و دەروازەیەكی گرنگی جموجۆڵی بازرگانییە، ئەو بەرپرسە دەروازەكەی بە(سەرۆك)ی دەروازە سنوورییەكان ناوبردووە و رایگەیاندووە رۆژانە بەسەدان بارهەرڵگر لەدەروازەكە هاتوچۆ دەكەن، لە ساڵی 2021دا یەكێك لەكەناڵەكانی پارتی كە لەدوای ریفڕاندۆمەوە بەزمانی عەرەبی پەخشی بەرنامەكانی دەكات لەپڕۆگرامێكی تایبەتدا كەلەلایەن گرووپی كۆمپانیاكانی كاڤینەوە سپۆنسەری بەرنامەكە كراوە و كۆمپانیاكەش كۆمپانیەكی سەر بەپارتی ، باسی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل كردووە و دەروازەكەی بەسەرەكیترین دەروازەی سنووری لەهەرێمی كوردستان ناوبردووە و باس لەوە دەكات كە دەیان ساڵە بڕێكی زۆری داهاتی هەرێم لەو دەروازەیەوە بەدەست دێت بێ ئەوەی باس لەبڕی ئەو داهاتە بكات.

ئەوەی جێی پرسیارە كە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل ئەو بڕە خەیاڵییە داهاتی تێدا پەیدا دەكرێت، ئاخۆ ئەو بڕە داهاتە لەكۆێی هەرێمی كوردستان بەكاردەبرێتەوە و چی لێ بەسەر دێت، ئاخۆ داهاتی ئەو دەروازەیە كە بۆ هەر بارهەڵگرێك داهاتی بڕی نزیكەی سێ هەزار دۆلار و زیاترە، بڕی داهاتی دەروازەكە چەند بێت كە رۆژانە و بەوتەی لێپرسراوانی پارتی خۆیان رۆژانە بەسەدان بارهەڵگری لێوە تێدەپەڕێت چەندە؟ بەجۆرێك ئەگەر رۆژی 100 بارهەڵگر كە زۆر زیاتریشە لەدەروازەكەوە تێبپەرێت و داهاتی هەر بارهەڵگرێكیش 3 هەزار دۆلار بێت ئەوا رۆژانە دەكاتە 300 هەزار دۆلار واتە نزیكەی 441 ملیۆن دینار لەرۆژێكدا, ئێستا جێی خۆیەتی بڵێین داهاتی ئیبراهیم خەلیل كوا؟

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP