نرخ زیاد دەكات کەچی داهات كەم دەكات؟

سەرتیپ جەوهەر
17:34 - 2022-03-25

سەیرە، پرسیارێكە و وەڵاممان دەستناكەوێ، نەوت گران دەبێت و داهاتی حكومەتی هەرێم كەم دەكات و مووچە نادرێ؟ 

دەگوترێت 59% ی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ تێچووی بۆری و بەركەوتەی كۆمپانیاكانە! ئەم رێژەیە لە هیچ كوێیەكی دونیادا نەبووە و نییە، هەروەك بەپێی راگەیەنراوی حكومەت رۆژانە نزیكەی 450 هەزار بەرمیل رەوانەی دەرەوە دەكرێت، ئەمەشیان راست نییە و بێگومان جگە لە كەمینەیەكی زۆر دیاریكراو كەسی دیكە زانیاریی لەبارەی بڕی هەناردە و نرخی فرۆشراو و چۆنییەتی گەڕانەوەی پارەكە نییە! 

ئەوەی زانراوە، تەنها لە كێڵگەكانی ناسراو بە خورمەڵە كە دەكەوێتە ناوچەی جێناكۆك و دەكەوێتە ئەودیو زورگەزراو رۆژانە زیاتر لە نیوەی ئەو رێژەیەی حکومەت رایگەیاندووە دەردەهێنرێت و نازانین چی بەسەردێت.

بەپێی زانیاریی لە كێڵگەكانی خورمەڵە 4 وێستگەی سەرەكی هەن، لە دوانیان هەریەكەیان رۆژانە 100 هەزار بەرمیل دەردەهێنرێت و لە یەكێكیشیان 40 هەزار بەرمیل، وێستگەی چوارەمیان بڕەكەی روون نییە بە تەنكەر دەگوێزرێتەوە.

سەرچاوەیەكی نزیك ئاماژەی بەوە دا كە پێشتر ژمێرەرێك (عەداد)ێك هەبوو لە كۆمپانیای كار دەزانرا رۆژانە چەند بەرمیل لە رێی بۆریەكەی رۆزنەفتەوە دەنێردرێتە دەرەوە، بەڵام ماوەیەكە ئەو عەدادەیان هەڵگرتووە بۆ ئەوەی كەس نەزانێت چەند بەرمیل رەوانەی دەرەوە دەكرێت.

خولاسە لە سێ‌ وێستگەی خورمەڵە 240 هەزار بەرمیل و ئەو وێستگەیەیشی كە بە تەنكەر دەگوێزرێتەوە ئەگەر رۆژانە 40 هەزار بەرمیلی بەرهەم هەبێت، كەواتە كۆی بەرهەمی خورمەڵە لەسەروو 280 هەزار بەرمیلەوەیە کە دەكاتە نزیكەی لە 60% ی ئەو بەرهەمەی حكومەت رایگەیاندووە كە دەرهێنانی هیچی تێناچێت و ئەو بیرانە هی سەردەمی رژێمی بەعسن! تەنانەت بۆریەكانیشی پێشتر راكێشرابوون! تێناگەین ئەو 59% تێچووە لە كوێوە هاتووە؟

بەكورتی ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان وەك ئاردی ناو دڕكی لێهاتووە، كەس نازانێت چەند بەرهەم دەهێنرێت بە چەند دەفرۆشرێت! حكومەتیش وەك سواڵكەری لێهاتووە و مانگانە بڕێك پارە بە ناوی مووچەوە رەوانەی وەزارەتی دارایی دەكرێت 
ئەویدیكە هیچی دیار نییە؟؟

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP