لە باوکەوە بۆ کوڕ، دیبلۆماس و سەرکەوتو

بەشدار عبدالرحمن
11:12 - 2022-03-29

باسکردن لە سەروەرییەکانى یەکێتى بۆ هەمووان جێگاى شانازییە و پێویستە دەست بە مێژوى پڕ لە دەستکەوتى بگیرێت، بەڵام شەڕى داهاتو و مانەوەیەکى بەهێزى وەک ئێستا ئەرکە و دەبێت بکرێت.
ئەو جوڵە سیاسییانەى ئەم دواییەى وەفدى باڵاى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بە سەرۆکایەتى بافڵ جەلال تاڵەبانى لە پرسى یەکلایى کردنەوەى پۆستى سەرۆک کۆمار لەهەمو ڕوێکەوە وەک کار و کردەوە هۆکارێکى بەجێن و جێگەى شانازین، بۆ ئەوەى جارێکى دى حەق بدرێتەوە بە خەرمانەى دەسکەوتەکان و بپارێزرێن و، شانازیش بە پێگە و سەنگى یەکێتى لەهاوکێشە و ڕووداوەکان بکرێت، یەکێتییەک بۆ پاراستنى ئایندەى گەلەکەى لەسەر دەستى بافڵ جەلال تاڵەبانى هەنگاوى کردەیى نا بۆ داڕشتنى پلانێکى دوور مەدا، ئەو دەزانێ چى دەکات خوێنى باوکى لە لەشیدایە و سەنگ و پێگەى یەکێتى لەگەڵدایە، مێژو، کوردایەتى، دەسکەوت، خەبات، خەرمانەن و دەبێت  شانازیان پێوەبکرێت.
لە پرسى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار یەکێتى بە خوێندنەوەى دۆخى ناوچەکە و سیاسەتى  دوور مەودا و هەڵبژاردنى ڕێگەى ڕاست بە ئەنجامدانى دەیان دیدارو کۆبوونەوەى پڕ لەدەسکەوت جێبەجێکارى دیسپلینى حزبى خۆى بوو، توانی ژمارەیەکى قوڕس و خوێندراوە بێت، بگرە لەو یارییە یاریزانێکى سەرەکی و وەک هەمیشەش سەرۆک و وەفدە یاوەرەکەى یاریکەرى لێزانن و زانیویانە چى دەکەن و لەپێناو گەلەکەیان چى بەدەستدێنن، بۆیە پێویستە ئێستا لەهەموو کات زیاتر پشتیوانى ئەو سەرکردایەتییە بکرێت و هەوڵەکانیان بەرز بنرخێندرێت و لەو شەڕە ئیرادەیەی کە تا ئێستا کردوویانە و دەیکەن  جێنەهێڵدرێن.
لامان ڕونە کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان چاوەڕوانى زیاتر لەیەکێتیى و سەرۆک و سەرکردایەتییەکەى دەکەن، بینرا لە ڕابرودو بە ئێستاشەوە زۆریان هاتن و خۆیان تاقیکردەوە تەمەنی سیاسیان درێژنەبوو و درێژنابێت، بەڵکو وەک هەمیشە دەرکەوتەوە کە ئاسۆی روونی دواڕۆژی گەلەکەمان لەدەست حزبەکەى مام دایە و لەئێستاشدا بەباشترین شێوە بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرکردایەتى دەکات و تواناکانى نیشانى هەموو لایەک داوە، بۆ ئەمەش وتە بەنرخەکەى جەنابى مام جەلال هەمیشە لەسەر زاربێت کە دەیفەرموو: (مانەوەمان، سەروەریمان، گەشەسەندنمان، بەندە بەیەکێتى نیشتمانى کوردستان) ەوە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP