هەموو کورد ڕادیۆیەک قەرزارە..!

توانا ئه‌مين
21:31 - 2022-03-29


کە خەڵک و دەنگدەرەکانیان پرسیان بۆ نەوەی نوێ بەشداری دانیشتنی ڕۆژی شەممەی پارلەمانی کرد؟ وتیان "ئێمە کاندیدی سەرۆککۆمارمان هەیە، خۆ چاوەڕێی یەکێتی و پارتی ناکەین و شاگردی کەس نین." ئێستا پارلەمان هەمان پارلەمانە، بەرنامەی دانیشتنەکەی هەمان بەرنامەیە، کاندیدەکەتان لە جێی خۆیەتی و نەوکشاندۆتەوە... ئەی خێرە ئێستا بەشداری ناکەیت! 

مەعقولە خەڵک بە کەر بزانی، داوا بکەیت لە ماوەی ۱۲ سەعاتی داهاتوودا بەرەی سێ قۆڵیی ۱۷ خاڵەکەت جێبەجێ بکات، کە خاڵی تێدایە بە دوو سێ ساڵیش جێبەجێ نابێت! مەعقولە تۆ ڕۆژی شەمەیش لەگەڵ هەردوو بەرەکە ڕێکەوتبێتی و ویستبێتت پارە لە هەردووکیان وەربگریت؟! 

بوارنیوز کە ماڵپەڕێکی پرۆفیشناڵی ڕۆژنامەوانی سیاسییە لە بارەی یارییەکەی نەوەی نوێ لە ڕۆژی شەممەدا نووسیوێتی:
(نەوەی نوێ لەلایەک ڕێککەوتنی لەگەڵ هاوپەیمانی سێقۆڵی ئەنجامداوە کە بە پێنج پەرلەمانتار لە کۆی نۆ پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنەکەیان ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن. ڕێککەوتنی دووەمیشی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و یەکێتی نیشتیمانی کردووە کە چوار پەرلەمانتارییان بەشداری ناکەن لەکۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران. بەڵام نەوەی نوێ ئەو ڕێککەوتنە دەشکێنێت و تەنیا دوو پەرلەمانتاریان بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران ناکەن.
لەترسی کاردانەوەکانی بافڵ تاڵەبانی، بەپلانێکی پێش وەختە، شاسوار عەبدولواحید، گەشتی دەرەوەی وڵات دەکات.)

من لە ۱٤ی ئەپرێلی ۲٠۲۱دا وتارێکم لەبارەی (قەحبەی سیاسی)یەوە نووسی، لەوێدا هاتووە: "قەحبەی سیاسی-political prostitutes" بە کەسێک دەوترێت لە یەک کاتدا دوو پێناسی دوو حیزب، دوو هێزی جیاوازی لە گیرفاندا بێت! بە هێزێک دەوترێت واز لە پرەنسیپەکانی خۆی بێنێت و بچێتە پاڵ هێز و حیزبی براوەوە. لە کۆمەڵناسی سیاسیدا بە جوڵانەوەیەک دەوترێت هەموو مەبادیئێکی ئینسانی پێشێل بکات تەنهاوتەنها لە پێناو دەرکەوتن و بەرژەوەندی خۆیدا."

توانا ئەمین

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP