هەولێری شاشە و هەولێری واقیع

سەرتیپ جەوهەر
15:31 - 2022-03-30


ئەو رۆژە هاوڕێیەكم لە سوریا بە بۆنەی نەورۆزەوە پەیوەندی كرد ‌و پرسیاری بارودۆخی هەولێر و نەورۆزی ئەمساڵی لێكردم. وتم: راستی، بارودۆخ باش نییە، دۆخی مووچە و بژێویی خەڵک هیچ باش نییە. وتی: بۆ مووچە نییە؟ وتم: نەك مووچە، بەڵكو ژیان نییە.
وەڵامی پرسیاری ئەم هاوڕێیەم دەكەمە دەروازەیەك بۆ وەڵامێكی درێژتر سەبارەت بە بارودۆخی هەولێر، كە دەكرێت لێرەوە بیخەینەڕوو.

دوو جیهانی تەواو جیاواز لە هەولێر هەیە
یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستان، چ لە باكوور یان رۆژهەڵات و رۆژئاوا سەبارەت بە هەولێر، ئەو تێگەیشتن و تێڕوانینەیە كە زادەی بینینی شاشەی تەلەفزیۆن و میدیای هەولێرە. كەمپەكانی نیشتەجێبوون و مۆڵ و بازاڕ و باڵەخانە مۆدێرنە گرانبەهاكانی كوردستان بەئیفێكت و تەكنۆلۆژیایەك پێشان دەدەن، جیهانێكی پڕ خەون و گریمانەیی دەخاتە ئەندێشەی ئەو خەڵكە، وەك ئەوەی هەولێر و هەندێ ناوچە، بەهەشتی سەر ئەم زەمینە بێت! ئەو میدیایانە، بەهیچ شێوەیەك روو لە دیوێكی ئەم وڵاتە ناكەن و دیوەكەی دیكەش بە ماكیاژ و دەستكارییەكی زۆرەوە دەخەنەڕوو، كە هەركەس بیبینێت مەست و حەیرانی دەبێت.
هەر بە واقیع دوو جیهانی تەواو جیاواز لە هەولێر هەیە. جیهانێك شاری خەون و مۆدێرنێتەیە و تەواو جیاواز. جیهانێكی دیكە دۆزەخێکە کەحەقیقەتی ژیانی ئەم وڵاتەیە.
جیهانێكیان گوندی ئیتالی و ئەمریكی و ئیسپانی و ئینگلیزی و ئێمپایەر و پارك ڤیو ‌و شاری خەونەكان و دەیان ناوچەی دیكەیە. ئەو شوێنانە هەر شاری خەون نین، بە تەنها ناوەكانیان بیانی نین، بەڵكو بە فەرهەنگ و رەنگ و رووش هەر بیانین، جیهانێكی تایبەتە، بەهای خانووەكانیان سەدان هەزار و ملیۆنان دۆلارە! ئێستاش وا نزیكەی 100 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی دیكە دروستدەكرێت، ناوی چەندین شار و كەمپی نیشتەجێبوونی بیانییان لێناون، رەنگە ساڵێكی دیكە زۆربەیان تەواو ببن و بە دڵنیاییەوە كڕیارەكانیان زۆربەیان عەرەب و غەیرەكوردن. 
لە پاڵ ئەو جیهانە جوانەی شاشەی تەلەفزیۆنەكاندا دەیخەنەڕوو، جیهانێكی دیكە هەیە كە لە دۆزەخ نەبێت لە هیچی دیكە ناچێت، مامزاوە و قەتەوی و بەلاشاوە و گێ‌ مەدێ و شاپاوە و باداوە و دەیان گەڕەكی دیكەن هەن، كە زۆربەی خانووەكانیان 50 مەتری و 100 مەترین، كۆڵانەكانی تەسك و تەنگەبەر و دواكەوتوو ‌و كەم خزمەتگوزاری و بۆنی زێراب و جۆگەی بەردەم ماڵەكان، هەر مەپرسە چ دۆزەخێكە.



جیاوازیی نێوان ئەو دوو جیهانەی شار
جیاوازیی نێوان ئەو دوو جیهانەی شار، تەنها جیاوازیی بیناسازی و دیزاین و رەنگەكانیان نییە، یان جیاوازیی خزمەتگوزاری و ئاو ‌و هەواكەیان نییە، بەڵكو جیاوازییەكی ئێجگار گەورەی كۆمەڵایەتی و چینایەتیشیان دروستكردووە.
لە جیهانی یەكەمدا، لە دریم سیتی و گوندەكانی ئینگلیزی و ئەمریكی و ئیسپانی و ئێمپایەر و پارك ڤیو، جیهانێكی رەنگاورەنگە و ئۆتۆمبێلەكانی جی كڵاس و جاگوار و لاندرۆڤەر و لگزز و مارسێدس بێنزە. ئەو جیهانە پڕیەتی لە كچە مۆدێلەكان و لە خواردنگە و قاوەخانەكاندا بە ئینگلیزی داوای خواردن و خواردنەوە نەكەیت، كەس تێتناگات! سەر تابلۆی دوكان و بازاڕەكانی ئینگلیزین و خەڵكەكەی بە پاپی و مامی بانگی دایك و باوكیان دەكەن. ئەوانەی لەو شوێنانە دەژین، نزیكی دەسەڵاتن و كوڕ و كچەكانیان بە گرانبەهاترین ئۆتۆمبێل و ئێكسسوارات و جلوبەرگەوە دەبینرێن.
 
ە جیهانەكەی دیكەدا، دیواری خانوو ‌و كۆڵان و شەقامەكان رەنگی بلۆكە و هیچی دیكە. دیواری خانوو و كۆڵان و شەقامەكانی خۆڵەمێشی و ماتەمئامێزن. دونیا تەپوتۆزە، جلی ژنانی رەشە. لەو جیهانەدا رۆڵەی هەژاری ئەم وڵاتە و كوڕان و كچانی شەهید و پێشمەرگە و ئەو خەڵكە دەژین، كە ساڵەها قوربانیی بۆ ئەم نیشتمانە دەدەن و ئێستاش رەنجەڕۆ و كچان و كوڕانی ئەو گەڕەكانە بێهیوا لە ژیان و خەون و خولیایان لە بوخچەیەكدا پێچاوەتەوە و خەون بە دەربازبوون لەم وڵاتەوە دەبینن، بۆیە هەرچەند رۆژێك هەواڵی ژێرئاوكەوتنی یەختێك، بەلەمێك دەبیستین كە گەنجانی ئەو جیهانەن و لەتاوی بێزاری و ئەو دۆزەخە رایانكردووە و ناگەنە ئەو نیشتمانەی خەونی پێوەدەبینن.
‎ئەوەی لە هەولێر هەیە لە شارەكانی دیكەی (سلێمانی و دهۆكیش) هەیە، بەڵام بە رێژەیەكی زۆر كەمتر.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP