ئەم جارەش پێشبینییەكان راست دەرچوون

ديدار له‌تيف
23:09 - 2022-03-31


نوێترین تویتی (موقتەدا سەدر) سەرۆكی رەوتی سەدر و دەستپێشخەرییەكەی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی كە ئەو بە(سێ یەكی پەكخەر)، ناویان دەبات، جامەكەی بەسەر زۆرێكدا قڵپ كردەوە، سەدر لە دێڕی كۆتایی تویتەكەیدا دەڵێت( بەمە ئەستۆپاكی خۆم لەبەرامبەر هەمواندا دەسەلمێنم)، بەكوردییەكەی ئەو لێی دەرچوو.
ئێستا ئەوەی مایەوە چوارچێوەی هەماهەنگییە كە هەنگاوەكانی بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە دەخاتەگەڕ، ئەگەر گەیشتە ئەنجام (كە هەر ئەوەش چاوەڕوان دەكرێت) و سەركەوتوو بوو لەپێكهێنانی حكومەت ئەو كات چی؟
ئەوەی جێی تێڕامان و دڵخۆشییە، یەكێتی و سەركردەكەی هەر زوو دركی بەوەكردبوو كە بێ تەوافق و رێككەوتن شتێك بەدی نایەت بەناوی حكومەتی نوێی عیراق، بافڵ جەلال تاڵەبانی زۆر زوو هەستی بەو راستییە كردبوو كەرێككەوتن و تەوافوق و هەڵنەچوون لەبەغدا زامنی دەستكەوتەكانی كورد و پارێزەری پێگە بەهێزەكەی كوردە لەبەغدای پڕ ململانێ.
ئەو زانیبووی كە كورد وەك هەمیشە دەبێت نەبێتە سووری بەرلەشكری هیچ لایەنێك و گرنگە لەپایتەخت یەكڕیز بێت، دركیشی بەوە كردبوو كە بێ لایەنی كورد لەململانێی نێو ماڵی شیعە گرەنتییە بۆ ئەوەی سبەی هەر كام بەرەی شیعە سەربكەوێت كورد توانای گفتوگۆ و مینبەری وتاردانی بەبەهێزی دەمێنێتەوە.
ئێستا و چل رۆژ و حكومەتی نوێی عیراق، ئەوەی گرنگە ماف و شایستەی خەڵكی كوردستانە و دەبێت بەیەكڕیزی و بێ لایەنی و بەبێ هەڵچوون و هوتاف دانی بەتاڵ لەبەغداوە بەدەستبێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP