لە پرسی وزەدا کورد بەرەنگاری ڕوسیا و ئیران دەکات

ئارام هادی
14:32 - 2022-04-02

هەڵەی ستراتیژییە بێ پرسی لایەنە سیاسیە کوردیەکان و  بێ ڕەزامەندی عیراق باس لە ڕەوانەکردنی غازی سروشتی بۆ تورکیا و ئەوروپا بکەی، زیان بە ئابوری ئیران بگەیەنی و هەڕەشە لە بەرژەوەندی ڕوسیا بکەی، هەستیاری پرسی وزە هەر زوو ئیرانی هێنایە سەرخەت و بە 13موشەک وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دایەوە، لە ئایندەشدا ڕوسیا هەڕەشەی جدیتری بۆ حکومەتی هەرێم دەبێت و قبوڵی ئەوەناکات هەرێمی کوردستان کارتی غازی لێوەرگرێتەوه. 

هەر زوو عیراقیش بە دادگا فیدراڵیەکەی دژی بڕیارەکانی فرۆشتنی نەوت و غازی سروشتی وەستایەوە و کاردانەوەی عیراق لێرەشدا ناوەستێت و سەردەکێشێت بۆ زنجیرەیەکیتر لە سزا داراییەکانی بەرامبەر هەولێر، نزیکترین نمونەش درێژەدان بە بێبەشکردنی هەرێم لە بودجەی گشتی عیراق و پێدەچێت ڕاگرتنی دوو سەد ملیاری مانگانەکەشی لێبکەوێتەوە. 

بۆ ناوخۆی هەرێمیش پەرتەوازەیی لایەنە سیاسیەکان قوڵتر دەکات، وەکو نەوتەکە خەڵک و دەسەڵات زیاتر لێکدووردەخاتەوە لە بەر ئەوەی جۆری گرێبەست و بە بازاڕکردنەکەی هاوشێوەی گرێبەستە نەوتیەکان نادیار و پارەکەشی تورکیا سودی لێدەبینێت. 

گەر لەسەر خواستی ئەوروپا و ئەمریکاش بێت لە پرسی وزەدا سەرکەوتونابین، لە کاتێکدا ڕوسیا و چین و ئیران زیاتر لە ڕابردوو حسابات لەسەر وردترین بابەتی تایبەت بە پرسی وزەدەکەن، عاقیبەتەکەشی بە خێر ناگەڕێت لەگەڵ خۆیدا قەرزاری زیاتر بۆ حکومەت و سک هەڵگوشینێکی قورس چاوەڕێی هاوڵاتیان دەکات، ڕەنگە هۆکارێکی باشیش بداتە دەست نەیارەکان و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانی بەدوادابێت. 

کەواتە پارتی دیموکراتی کوردستان نابێت هاوشێوەی هەڵەستراتیژییەکانی وەکو (فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆ و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم) تاک ڕەوانە بڕیار لە فرۆشتنی غاز بدات، نەبێتە هۆکار بۆ دروستبونی شەڕ و ئاڵۆزی لە هەرێمدا، هەرکاتێکیش دۆخەکه ئاسایی بوو بە ڕاوێژ و ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لایەنەکانیتر بڕیارەکە بدەن، پێشوەختەش ئامادەیی هاوڵاتیانی بۆ لێکەوتە خراپەکانی گیرابێتە بەر. 

تێبینی/ تەنها بۆ پەرەگرافی یەکەمی وتارەکە سود لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (نێزاڤیسیمایا گازیتا)ی ڕووسی دەربارەی فرۆشتنی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP