كەركوك و واشنتۆن، چەند ئاوی خواردنەوە خەرج دەكەن؟

سەعد مەلا عەلی
13:01 - 2022-04-03



حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی عیراق، هیچكات نەیانتوانیوە، ژیانێكی ئاسودەو ساكار و بێكێشە پێشكەش بە هاوڵاتیان بكەن، بەتایبەتیش لەڕوی ئابوریەوە نەیانتوانیوە دۆخێك بەرقەرار بكەن ئاسودەیی بۆ هاوڵاتیان بەرجەستە بكەن.

عيراق لەسەر دەریایەك نەوتدایە كەچی خەڵكەكەی قەیرانی نەوتیان هەیەو ساڵانە كێشەی بێ نەوتی هاوڵاتیان هەراسان دەكات، بەهەمان شێوەش كێشەی كارەباو ئاو و بەنزین و داودەرمان و كۆمەڵێك قەیرانی تر.

ئەوەی لێرە شی دەكەینەوە یەكێكە لەو نمونانەی كە روبەڕوی كەركوك بوەتەوە كە قەیرانی ئاوی خواردنەوەی ماڵانە، ساڵانە لە هاویندا زۆربەی گەڕەكەكان دوچاری ئەو كێشەیە دەبنەوە، زۆر گەڕەك هەن بە درێژایی وەرزی گەرما ئاویان پێناگات.

لەسەردەمی ئیدارەی دكتۆر نەجمەدین كەریم-دا، ٢٠١٢ و ٢٠١٣، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كەركوك، نیازی وابو بۆندێك لەگەڵ كۆمپانیای ماكوین ئیمزا بكات كە كۆمپانیایەكە تایبەتە بە دروستكردنی بۆری دەكتایەر، تاكو كێشەی ئاوی قەزای كەركوك چارەسەر بكات، بەو پێیەی شارەكە دوچاری قەیرانی ئاو ببوەوە، بەڵام پڕۆژەكە سەری نەگرت و دواتر هەر پڕۆژەی ئاوی كەركوكی یەكگرتوی تێدا جێبەجێكرا، قۆناغی یەكەم ساڵی ٢٠١٣ تەواو بو، قۆناغی دوەم ٢٠٢١.

پلانەكە وابو، وەفدێكی كەركوك سەردانی واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكای كرد تاكو بەراوردێك لە نێوان كەركوك و واشنتۆن بكرێت و پڕۆژەیەكی هاوشێوەی ئاوی واشنتۆنی بۆ جێبەجێبكرێت، بەڵام بەو گەشتە پڕۆژەكە لەبارچو بەهۆی ئەو ئامارانەی بەراوردیان كرد لەنێوان ئەم دوشارە. 

ژمارەی سەرنشینی شاری واشنتۆن لە ٢٠١٣دا، ٦٤٦ هەزار سەرنشین بون، ٣٦٠ هەزار مەتر سێجا ئاوی خەرج دەكرد، بەڵام ژمارەی سەرنشینی قەزای كەركوك لە ٢٠١٣دا، ٤١٨ هەزار سەرنشین بون، كەچی یەك ملیۆن و ٢٥٠ هەزار مەتر سێجا ئاوی خەرج دەكرد، هاوڵاتیانی كەركوك نزیكەی چوار هێندەی دانیشتوانی واشنتۆن ئاو خەرج دەكەن، لەكاتێكدا دوو رۆژ جارێكێك چەند سەعاتێك ئاو بەردەدرێتەوە بۆ گەڕەكەكان كە ئێستاش هەر بەو شێوەیەیە. 

رەنگە هۆكاری خەرجكردنی ئەم ئاوە بێشومارە ئەوەبێت كە زۆرێك لە گەڕەكەكان پارەی ئاو نادەن، یاخود پارەی ئاو تا ئێستاش بە مەزەندە وەرگیراوە نەك بە پێی خەرجكردنی، ئەمەش وایكردوە دانیشتوانی كەركوك گوێ نەدەنە چۆنیەتی بەفیڕۆدانی ئاوی پاك و شرینی خواردنەوە.

بەڵام، ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كەركوك دەستی كردوە بە گۆڕینی ئامێری هەژماركردنی ئاوی ماڵان و بڕیارە دوای كۆتایی هاتنی پڕۆژەكە، چیتر بە مەزەندە پارە لە ماڵان وەرنەگیردرێت، رەنگە ئەمەش وابكات خەڵكەكە ئستۆپێك لە بەهەدەردانی ئاو بكەن.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP