پارتی بۆ وا لە مەخمور دەکات؟

غـازی فەیسەڵ
12:52 - 2022-04-04

پارتی  بۆ وا لە مەخمور  دەکات؟
غـازی فەیسەڵ

ئەوە پرسیاری خەڵکانی نیشتمانپەروەرە و لە زۆر کۆڕ و مەجلیسدا ئەو پرسیارانە دووبارە دەبنەوە. کە لەدوای ریفراندۆمە گوماناوییەکەی هەرێمی کوردستانەوە،  هێزێکی گەورە و زەبەلاحی پارتی تەنها لە ماوەی 24 سەعاتدا لە سنووری مەخمور کشایەوە و هەموو سنووری  قەراج و قەرەچوغ و مەخمور و سەرگەڕان و بەشێکی کەندێناوەشیان  بەبێ تەقاندنی یەک فیشەک چۆڵکرد!  سەرەڕای ئەو هەڵاتنە خێراو بێ وێنەیەشیان بانگەشەیان بۆ خەڵکی ناوچەکە دەکرد: "هەڵێن دوژمن هات!" 

دوای کشانەوەی هێزەکانی پارتی لەو سنوورە، سوپای عیراق بەبێ روبەڕوبوونەوە هاتنە ئەو شوێنانەی بۆیان دیاریکرابوو، بەڵام دوایی پارتی هێزەکانی هێنایەوە سەر شاخی قەرەچوغ و بە قودرەتی قادر  هێزێکی زۆری داعشیش کە ژمارەیان 700 کەسێک دەبوو بە درێژایی شاخی قەرەچوغ سەنگەریان لێدا، ئێستاش کەس نازانێت لە کوێوە هاتن؟! لەبەر ئەوەی گوایە شاخی قەرەچوغ  هێزێکی پارتی لێیە و دژی داعشن و گوندەکانی دەوروپشتی شاخی قەرەچوغیش هەموویان کوردنشینن و یەک ماڵی عەرەب لە نزیک شاخی قەرەچوغ نییە.

ئەوا بۆ ساڵی پێنجەم دەچێت خەڵکی ناوچەکەمان لەژێر هەڕەشە و مەترسییەکانی داعشدا ژیان دەگوزەرێنن و چەندین هاووڵاتیشیان لێ  شەهید کردوین، بێجگە لە سوتاندنی گوند و دێهات و دەغڵودانی ناوچەکە و زیانی مادیی ئێجگار زۆر،  لەگەڵ ئەوەشدا پارتی لە دوای ریفراندۆمەکەوە کە هەڵاتن لە مەخمور، وتیان سوپای عیراق داگیرکەرە و ئێمە نایەینەوە ژێر سێبەری هێزێکی داگیرکەرەوە و   یەکێتییان بە خائینن لە قەڵەم دەدا لەبەرئەوەی کە سنوورەکە چۆڵ ناکەین، بەڵام دانیشتوانی ناوچەکە لەناو مەخمور و زێدی خۆیاندا مانەوە و بەجێیان نەهێشت، لەگەڵ ئەوەشدا کادر و بارەگاکانی یەکێتی مەخموریان چۆڵ نەکرد، پارتی ماوەی ساڵێکیش رێگەی هەولێر مەخموری داخست بۆئەوەی مەخمورییەکان و خەڵکی سنوورەکە ناچاربکات چۆلی بکەن، بەڵام جەماوەرە خۆڕاگرەکەی سنوورەکە سەرەڕای ئەو هەموو  نەهامەتی و کێشە ئەمنی و ئیدارییانەی کە رۆژانە بۆیان دروست دەکرێت بەهۆی سیاسەتە گوماناویی پارتی  ناوچەکەیان چۆل نەکرد، ئیتر پارتی ناچاربوو  هەموو بەڕێوەبەری یەکە کارگێڕییەکانی ناردەوە بۆ مەخمور جگە لە فەرمانگەی باری شارستانی و  پۆلیسی هاتوچۆ، لەبەرئەوەی هەرچی بەڕێوەبەری یەکەی کارگێڕیی ناوچەکەیە پارتین.

کەچی بەشێوەیەکی کتوپڕ و لە سەری ساڵی 2022 دا پارتی بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە نەک تەنها بەڕێوەبەری فەرمانگەکان، بەڵکو  بارەگای حزبەکەشی هێنایەوە مەخمور و لەبیری چوو کە پێشتر دەیانوت سوپای عیراق داگیرکەرە و  لە هەڵبژاردنەکەشدا دوو کورسی پەرلەمانی عیراقیان لەو سنوورە بەدەستهێنا کە هەردوو کاندیدەکەشیان لە برایانی عەرەب بوون، بەڵام کۆنە برادەری خۆیان بوون!

  لە هەمووشی  سەیرتر ئەوەیە کە لە مەخمور  نەورۆزیان لەگەڵ  یەکێتیدا نەکرد بەڵکو لەگەڵ  سوپای عیراقدا پێکەوە ئاگری نەورۆزیان کردەوە!  

پێویستە  یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و  حزبەکانی دیکەی هەرێم و حکومەتی عیراق بێنە دەنگ لەسەر ناوچەکەمان و خەڵک لە ژیان و لە ماڵی خۆی دڵنیابێت، تا چیتر نەکرێینە قوربانیی سیاسەتێکی نا روون و گوماناوی،  چونکە قوربانییەکانی ناوچەکەمان ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ هەندێک شوێندا، زۆر لەوە زیاترە، کە حکومەتی خۆجێی هەولێر کە پارتی تێیدا باڵادەستە بەم جۆرە هەڵسوکەوت لەگەڵ ناوچەکەماندا بکات.
*فەرماندەی خۆبەخش  لە سنووری مەخمور و قەرەچوغ

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP