پارتی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان ناسازێ!

جەمال ئارێز
16:17 - 2022-04-04

بە گوێرەی ئەو وادەیەی کە سەرۆکی هەرێم بۆ هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و بڕیارە لە 1/10/2022 بەڕێوەبچێت، داخوازیی هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە کە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەڵبژاردن و ئەو بابەتانە بێت کە پەیوەستن بە پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنی پاک و بێگەردەوە، وەک هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 1992 و گۆڕینی هەرێم لە یەک بازنەوە بۆ چوار بازنە، هەروەها هەموارکردنەوەی بڕگەی تایبەت بە کۆتای نەتەوەو پێکهاتەکان لە یاساکەدا و هەڵبژاردن یان پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی نوێی هەڵبژاردن بە سازان لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان و خاوێنکردنەوەی تۆماری ناوی دەنگدەران لە ناوی مردوو و دووبارە و کەسانێک کە مافی دەنگدانیان نییە و داواکەش ئەوەیە کە هەمووان بسازێن بەرلە کۆبوونەوەی داهاتوو.
ئێستا هەموو لایەنە کوردستانییەکان لە دۆڵێک و پارتی بە تەنیا لە دۆڵێکە و هەرچی دەکات پێیوایە ئەو بابەتەی کە لایەنەکان هەمووان لەسەری کۆکن، بە زیانی خۆی دەشکێتەوە، چونکە ئەم شێوازی هەڵبژاردنانەی رابردوو چ بۆ عیراق و چ بۆ کوردستانیش بۆ هەموولایەکی سەلماند کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن مایەی گومانن و گومانەکەش لەوەدا دەبێتە یەقین کە پارتی هێندە پێداگرە لەسەر خاوێن نەکردنەوەی تۆماری ناوی دەنگدەران و دەستکاری نەکردنی یەک بازنەیی هەرێمی کوردستان و هەموارنەکردنەوەی بڕگەی تایبەت بە هەڵبژاردنی کۆتاکان.
سەیر لەوەدایە پارتی ئامادەیە سازان لەگەڵ هەموو ئاراستە و بیرو ئایدیۆلۆژیایەکدا بکات کە 180 پلەش لە گەڵ ستراتیژ و ئامانجی راگەیەندراوی سیاسیی خۆیدا پێچەوانە بێت، بەوانەشەوە کە تا ساڵانێک لەمەوبەر بە شۆڤێنی و داگیرکەر ناوزەدی دەکردن، بەڵام هەرگیز ئامادەی سازان نییە لەگەڵ حزب و لایەنە کوردستانییەکاندا، کە بەشی زۆری ئامانج و ستراتیژی ئەو حزب و لایەنە کوردستانییانە ئەگەر هاوشێوەی ئامانج و ستراتیژی راگەیەندراو و نووسراوی پارتیش بەبن، ئەوا بایی ئەوە خاڵی هاوبەشیان تێدایە کە ئاسانتر لە هاوپەیمانی و سازانەکانی لەگەڵ لایەن سیاسییەکانی بەغدا و وڵاتانی ئیقلیمیدا لەگەڵیاندا بسازێت، کە بەشێک لەو لایەنانە کە پارتی بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیجماعی کوردی لەگەڵیاندا سازاوە، هەر لە بنەڕەتەوە بڕوایان بە بوونی شتێک نییە بەناوی هەرێمی  کوردستان و بگرە هەندێکیان سوورن لەسەر هەمووارکردنەوەی دەستوور بۆ قارس کردنی هەموو ئەو مافانەی  گەلی کوردستان کە لەدەستووردا چەسپێنراون، ئەگەرچی شتێکی ئەوتۆشی لێ جێبەجێ نەکرابێت، بەڵام ئەو لایەنانە پێیانوایە کە مانەوەی لە دەستوورەکەدا دەبێتە پابەندییەکی یاسایی لە ئەستۆیان و ئەمڕۆ بێت یان سبەی ئەم کابینەیەش نەبێت یەکێکی دیکە هەر دەبێت جێبەجێ بکرێت، بۆیە دەیانەوێت لە رێی هەموارکردنەوەی دەستوورەکەوە هەر لە بنەڕەتەوە ئەو شانی خۆیان لەو پابەندییە خاڵی بکەنەوە، کەچی سەیرەکە ئەوەیە پارتی زۆر بەئاسانی لەگەڵ ئەوانەدا دەسازێت، بەڵام  لەگەڵ ئەو لایەنانەدا ناسازێت کە ئەگەری زۆرە بەهەمووان پێکەوە بتوانن ببنە هێزێکی ئەوتۆ کە پارێزگاریی لەو مافە دەستوورییانە بکەن.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP