شەشی ئەپریل رۆژە مێژوییەکەی عراقی نوێ و دیموکراسیی

بارزان شێخ عوسمان
17:48 - 2022-04-05

ئەوێ رۆژێ  کە  ھەڤاڵ مامجەلال  لە  چیا سەرکەشەکانی  کوردستانەوە و دواتر لە  بەشە  رزگاربوەکەی  ھەرێمی  کوردستانە  ،لە جەژن و بۆنەکاندا  مژدەی   ئاھەنگ گێڕانی    جەژنی  گەورەی  ئەو جەژنانەی لە عێراقێکی  نوێ  و ئازاد دا و لەبەغدای  پایتەخت   بە گوێی   کۆمەڵانی  خەڵکی  کوردستان  و عێراق  و گەلانی  ناوچەکە  و جیھانیش  دەدا ، ئەوانەی  باوەڕیان بەحەتمیەتی سەرکەوتنی  خەباتی گەلان و روخانی دیکتاتۆرەکان  لاواز و لەق  بو ، وەک چۆن  ھەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی دوای  شکستی  سەربازیی  شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥  و نسکۆی  شۆڕشگێڕانیان بە ئەستەم  دەزانی  ،ئەوھاش  ھاتنەدی ئەوعێراقە ئازادەی  مامجەلال یان بە خەون  و مەحاڵ  دەزانی . بەڵام  وەک چۆن ی ن ک  مەحاڵی دوای ھەرەسھێنانی  شۆرشی   کردە واقیع  و سەرلەنوێ  شۆڕش و بەگژاچونەوە  بەرپا  کرایەوە  ،  ئەو  مژدەیەی  سەرۆک  مامجەلال  نەک  ھەر ھاتە دی  ،بەڵکو کورسیی  سەرۆکایەتی  عێراقیش    پێشوازیی  لە  شەخسی  سەرۆک  مامجەلال  کرد .ئەورۆژەش  کە  کورسیی سەرۆکایەتیی کۆمار  وتی فەرمو گەورەم  ئەم شوێنە  بە  کەسایەتیی ئێوە  بەھا و نرخی  دەبێت ،رۆژی  شەشی ئەپریلی  ساڵی ٢٠٠٥ بو کە  یەکەمین  پارلەمانی  ھەڵبژێراوی  گەل  بە  گشتیی  دەنگ  ئەو  کەسایەتییەی دیاریکرد  بۆ پۆستی  سەرۆک کۆمار  کە  دەیان ساڵ بو  خەباتی  بێ وچانی  لە  پێناوی  عێراقێکی  دیموکراسیی  و فیدراڵیی بو .. 
سەرۆک  مامجەلال   بوە  سەرۆکی  عێراق  ،عێراقییەکان  بەجیاوازیی رەنگیانەوە ،ھیوا و ئاواتی  گەورەیان  لەسەر ھەڵچنی  لە ھەمو  بوارەکاندا ،نەک،ھەر ئەوە  بەڵکو  دراوسێکانی  عێراق و وڵاتانی  ناوچەکە  و جیھانیش  ئومێدیان لەسەر    قورسایی و پێگەی  سەرۆک مامجەلال بو  ،کە لەدوای سەزۆکێکی دیکتاتۆر  و سەرکێش  وشەڕخوازی  ترسناک  لەسەر ئارامیی  و ئۆقرەیی  ناوچەکە و جیھان،    سەرۆکێکی نوێی عێراقێکی نوێ  ببێتە  مایەی  ئارامیی  و سەقامگیریی  و بوژانەوە. بۆیە  ھەمو دەوڵەتان لەسەروی ھەمویانەوە  زلھێزەکان   بە وجودی  سەرۆک  تاڵەبانی   زۆر  سەخاوەت مەندانە  دەرگای  کۆمەک و وەبەرھێنانیان  لە  عێراقدا کردەوە . 
راستە لە دەورانی  سەرۆکایەتیی  سەرۆک مامجەلالدا  ھەمو کێشە  و گرفتە  کەڵەکە بوەکانی  دەیان ساڵەی عێراق  لە  روی سیاسیی ،ئابوریی ،کۆمەڵایەتیی ، 
کلتوریی  و  بوژانەوەی  ژێرخان   چارەسەر نەکران  بەڵام  پێکەوە ژیانێکی  رێژەیی  لەنێوان  دژبەیەکەکاندا  ھاتە  ئاراوە  ئەویش  بەو سیستم و رێچکە سیاسییە  گرنگەی  کە  تەوافوق بو ، حوکمەت پێکھات  ،چونکە  کێشە  نەتەوەیی  و مەزھەبییەکان ھێندا  قوڵ و ئالۆزبون  ئێستاشی   لەگەڵدا  بێت ،زۆرینەی  پەرلەمانی   ناتوانێت  ھاوسەنگیی  رابگرێت . 
لە ماوەی  سەرۆکایەتیی  سەرۆک  مامجەلالدا  دەستکەوتی زۆر  گرنگ  بەدیھاتن  لەسەر ئاستیی  عێراقیی  و کوردستانیی کە، ھەموان  ئێستاش  شایەتیی  ھەق  دەدەن  بۆ  ئەو سەردەمە . 
سەرۆک  مامجەلالی  مەزن  ،لەگەڵ ئەوەی  عەبای  عێراقیی  لە شان  کرد  ،بەڵام  بۆ  چرکەیەکیش  خەم و ھەمی   ھەرێمی کوردستانەکەی  و حەتمیەتی  گەڕانەوەی  کەرکوک ناوچە  کێشە  لەسەرەکانی  نێو بازنەی پاکتاوی  نەژادیی  ،بۆ سەر  ھەرێمی  کوردستانی  لە بیر  نەکرد ،ھەر بۆیە  شێلگیرانە  بە  چەندین مادەی  دەستوریی  مافەکانی  قەوارەی  ھەرێم  و چارەسەرکردنی  کێشەی کەرکوک ی  چەسپاند . 
سەرۆک  مامجەلال    بە  شێوازە  دیپلوماتییەکەی خۆی ، قورسایی   کەسایەتییە سیاسیی  و کۆمەڵایەتییەکەی و ،  بە  پشتیوانیی لێکدانەوەی  دەستوریی ، رێژەی  بودجەی  ھەرێمی کوردستانی  زامن کرد  تا ھەرگیز   ئەو ھەرێمە  روبەڕوی  قەیرانی  دارایی  نەبێتەوە  و کارمەندان و خانەنشینان   بێ  موچە  نەبن ولە    خۆشگوزەرانیی  بێ بەش  نەبن ،چونکە  ھەم خۆی  خەباتی  بۆ  خۆشگوزەرانیی  کۆمەڵانی  خەڵک  بو ،ھەم  پەی بەو راستییە بردبو  ئەگەر  شێوازە  سەرکەوتوەکەی  خۆی  نەبێت  لە  مامەڵەکردن لەتەک  کێشەکاندا ،ئەوا  ساڵانە  بەو ئاسانیی  و سەلسی یە  بودجەی  ھەرێمی کوردستان تێپەڕ نەدەبو . 
سەرباری  ئەوەی  نێوانی دیپلۆماتیی  و سیاسیی  و بازرگانیی   عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیھان  گەیاندە  ئاستێکی  بەرز لەسەر بنەمای  رەچاوکردنی  بەرژەوەندیی ھاوبەش  و ھاوسێیەتی  باش ،،ھەمان  کەناڵی  پەیوەندیشی  لەنێوان ھەرێمی کوردستان  و دەوڵەتانی  دراوسێ  و جیھانیش  دامەزراند  بێ  ھیچ لاف لێدان و  موزایەدەیەک بەسەر کەسدا . 
ئاخر  سەرۆک  مامجەلال  روانین  و جیھان بینیی  تایبەتی  خۆی ھەبو  بۆ  دامەزراندنی  عێراقی  نوێ  لەسەر ئەو بنەماو پرەنسیبانەی کە  پێکەوە ژیانی  ھەمو پێکھاتە  نەتەوەیی ،ئاینیی و مەزھەبییەکان  لەو عێراقەدا زامن بکات کە   خۆی  دەیویست بینای بکات ،ھەربۆیە  رێچکەی تەوافوقی  بە باشترین دەریچە  زانی  کە ئێستاش  بەبێ ئەو تەوافوقە  مەحاڵە  ئۆقرەییەکەی  سەرتاسەریی  بێتە کایەوە .ھەر لەروانگەی ئەو بیکردنەوە دروستە  بو کە  سەرۆکی  ئەوسای  ئەمریکا  سەرۆک مامجەلالی  بە  جۆڕج واشنتنی  عێراق  ناوزەد  کرد ،جۆ بایدنی  سەرۆکی ئێستاش  بە تاکە سەرکردە باش و کۆکەرەوەکەی  عێراقی نۆێ ناوبرد . 
دیارە  سەرکردە و سیاسەتمەدارانی  تری عێراقیی و عەرەبیی  و جیھانیی  باشتر ئەزانن کە  مامی  مەزنمان  چ خزمەتێکی  گەلەکەی  و تەواوی  عێراقییەکان کرد ،ھەڕ یەکێکیان  بدوێنیت  بە ستایش وگەورەییەوە  باسی  رۆڵی  ئەم  سیاسەت مەدار   و پیاوی دەوڵەتە مەزنە دەکەن  کە  لە رۆژە  سەختەکاندا  پلان و رێگە چارەکانی  ئەخستە سەر مێزی  گفتوگۆ  و ھەمو ناکۆکەکانی  قایل دەکرد  و خاڵی  ھاوبەش کۆی دەکردنەوە .  ئێستاش  ئەگەر  سیاسییەکانی   کورد  وعێراقییەکان  ،گەرەکیان بێت  لەم قەیران  و تونێلە تاریکە دەربچن  ،با  تێز  و روانینە  راست و رەواکانی سەرۆک  مامجەلال  بکەنە  رێنما و رێ نیشادەریان بۆ قوتار بون لەم  چەندرێیانییە و یەک رێگە  بدۆزنەوە  کە  بەزویی  دەیانگەیەنێتە  کەناری ئارام  و ئۆقرەیی .

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP