مامۆستا برایم ئەحمەد، چەپێک بۆ ھەژاران، پێشکەوتنخوازێک لەپێناوی کوردایەتییدا

بارزان شێخ عوسمان
13:49 - 2022-04-08


مانگی نیسان لەم ھەواری کوردستانەدا ھەموی مانگی بەھار و گوڵە نەسرین نەبو . خەزانی تەمەنی چەندین ئەستێرەی درەوشاوەی ئاسمانی تێکۆشان و لابردن و سڕینەوەی ستەمی چینایەتیی و نەتەوەیی گەلی کوردستان بو .خەزانی تەمەنی دەیان ھەزار مناڵ و ژن و پیاوی کوردستانی عێراق بو لە شاڵاوەکانی ئەنفالی بەدناو ،خەزانی ھەڵۆ سورەکان بو کە رۆژی بەغدایان لە داڵ و دڕندەکانی بەعس کردبوە شەوی تار و شەویشیان لێ کردبونە دۆزەخ. ھەر لەم مانگەشدا بو کە تێکۆشەرانی رێگای نەجات کاردۆ گەلاڵی و عەلی ھەژار بێ ساڕوھشوێن و گۆڕ غەریب کران ،ھەڤاڵێکی تریشیان مامۆستا رەسول مامەند کەوەک ئەوان سەر راست بو ھەر لەم مانگە خەزان ئاسایە ماڵئاوایی کرد .
کەسایەتییەکی گەورە ی وەک مامۆستائیبراھیم ئەحمەد کە دەیان ھەزار تێکۆشەر و روناکبیری وەک ئەوانە ناوی پیرۆزیانمان ھێنا ، لەسەر دەستی خۆی یا بە فیکر و رێبازە ئاوەدانەکەی ئەو پێگەیشتن ،تا باسی مەدرەسە فیکریە سیاسیی ،ئەدەبیی ،روناکبیریی ،رۆژنامەگەرییەکەی بکەین کۆتایی نایەت .ھەر کاتێک لە وتار وشیعر و چیرۆکەکانی مامۆستا برایم ورد ئەبینەوە ،پەی بەو راستییە دەبەین کە ھەر پارێزەر نەبوە بۆ داکۆکیکردن لەوانەی ستەمێکیان لێکراوە ،بەڵکو پارێزەری چینی کرێکار و رەنجدەرانی بیرو بازو ش بوە ،بۆیە لە رێگەی بیری چەپ و رێبازی سۆشیالیزم چینی چەوساوەی وریا کردۆتەوە لەو ستەمە زۆر و زەواندانە ئەو سەردەمی دەرەبەگایەتییەی کە باڵا دەست بوە و ئێستاش ھەر ماوە و کۆمەڵ ھەرلە بازنە دواکەوتوەکەی ئەو دەورانەدا ئەخولێتەوە لە ھەمو روەکانەوە ،ھەر بۆیە مامۆستای ھەمیش زیندومان بەردەوام پەردەی لەسەر ناشرینییەکانی دەرەبەگایەتیی(فیئودالی Feudalism)، چیرۆک و و تارو شاکارە ئەدەبییەکانیشی رەنگدانەوەی ئەو بیر و تێزە چەپەیە . سەبارەت بە کوردایەتیی و خەباتی نەتەوایەتیش ،ئەم رۆڵە ھەڵکەوتوە بلیمەت و زانایەی گەلەکەمان بەگژ شۆڤێنیزمی نەتەوەیی و دابڕان لە نەتەوەکانی .بەڵکو بە بیرێکی پێشکەونتخوازییەوە رۆڵەکانی گەلی راھێناو بوە سەر مەشق و رێنیشادەرێکی کارامەی کوردایەتیی پێشکەوتوخواز ،بوە ئیلھام بەخش بۆ ئەوەی رۆڵەکانی نەتەوەکەی بە ھاو خەباتیی و سود وەرگرتن لەخەباتی گەلان و خۆش ویستنی ھەمو رەنگ و پێستەکان لەسەر بنەمای مرۆڤایەتیی،بۆیە کوردایەتیشی بە ئەرکێکی مرۆڤایەتیی ناودەبرد . ئەو بیر و تێزەی کوردایەتیی بە گیانی پێشکەوتنخوازیی بوە بناغەو رەگی داکوتا کە تا ئێستاش بەردەوامە .ھەزاران درود بۆ گیانی مامۆستا برایم ئەحمەدی سەرکردەو پێشەوای کایەی روناکبیریی ،پارێزەریی ،ئەدیبیی ،شاعیر یی و رۆژنامەگەریی.ھەر زیندوبێت رێباز و مەدرەسە فیکرییەکەی .

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP