گێڕانەوەی تەرمی ئێزیدیان بۆ زێدی باوباپیران

حەسەن بارام
01:31 - 2021-02-06

 
ئەمڕۆ جاریکیتر برینەکانی سەر جەستەی نیشتیمان کولانەوە ، دوێنی تەرمی ئەنفالکراوانی گەرمیان وکوێستان ، ئەمڕۆش تەرمی خوشک وبرا ئێزیدیەکان دەبنەوە میوانی کوردستانی شەکەت وماندوو ، جاریکیتر ڕوحی ئازیزانمان ئاوێزانی خاکی پیرۆزی کوردستان دەبنەوە . 
ئەوێی ڕۆژێک لەسەر دەستی سەعد وقەعقاعەکان ، دوێنی لەسەر دەستی سەدامەکان ، ئەمڕۆش لەسەر دەستی داعشەکان ، ماڵ وحاڵی کورد تاڵان وئەنفال وزیندەبەچاڵ دەكرێن ، جەلادەکان برا وئامۆزاکانی دوێنی وئەمڕۆن لەژێر ھەمان ناو وپاساودا ، ھەر جارە ولەسەردەمیکدا قامکە خوێناوییەکانیان لەبیناقاقای نیشتیمانی ئێمە گیر دەکەن ، دەکوژن دەیبەن وتاڵانی دەكەن ، گوناھی ئێزیدیەکان تەنھا کوردبون نیە ، بەڵکو گوناھی تریان ئەوەیە ئەوان وەک خێڵی سارانشین بیرناکەنەوە ، ئەوان بەخوێنی قوربانیەکان دەستنوێژ وەرناگرن ، تاوانیان ئەوەیە ئەوان لەگەڵ خوای خویان درۆ ناکەن ، بۆیە دەبێت لەسەر دەستی جەلادەکانی سارانشین پیاوەکان بکوژرێن وژن وکچەکان بەکەنیزەک ببرێن ، چونکە ئەوە یاسای کارپیکراوی ئەھلی دورگەی لمە وقوربانیەکانیش ھەر ئێمەی کوردین .
جێگای پرسیار وسەرنجە عەیامێکە یاسای شمشێری بیابان زاڵمانە ملی مرۆڤەکانی ئەم مەمللەکەتە دەقرتێنن ، نەئەوان دەستبرداری کۆمەڵکوژی ئێمە دەبن ، نەئێمەی کوردیش پەند وعیبرەت وەردەگرین ، نە ڕێکخراوە جیھانیەکانیش لەگەڵ ئێمە ڕاست دەکەن ، بۆیە دەبێت ھەمیشە ئێمە لەئەگەری دووبارەبونەوەی ئەم تاوانکاریانە بەوریا بین وباشتر وایە پەندی لێ وەربگرین .
بەخێربێنەوە ڕوحە بێنازەکانی ئێزیدیان بۆ زێدی نیشتیمان ، بەخێربێنەوە جەستە ھەتکراو وشێوێندراوەکانی گوندی کوجۆی ئێزیدیان ، وەرنەوە گەرمترین ئامێز بۆ ئێوە ئامێزی نیشتیمانە ، ئێرە شنگاڵە ونیشتیمانی دڵە ڕەنجاو وشکاوەکانی ئێوەیە .

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP