عادل مراد سەرچڵی بوێری و حەقبێژی

د.بەختیار شاوەیس
10:30 - 2021-05-18



بەدەیان بیرەوەری ، سەرگوشتە ، یادگاری شیرین و تاڵ لەنێوانمان هەیە

کەیادت دێتەوە ، ئیتر ئەندێشە نازانێ لەکوێوە دەستپێبکات

قەڵەم نازانێ چۆن بتنوسێتەوە

زمان لە وتنەوەی هەڵوێستە جوامێر و بەرزەکانت گۆ ناکات

کەم نیە چوار ساڵ راستەوخۆ پێکەوە بون ، 
لەکۆبونەوەی فراوان ، 
داڕشتنی بەرنامەی کاری ئەنجومەن ، 
میوانداری وپرسە، 
بەسەرکردنەوەی مەڵبەندەکان، کۆبونەوەی چوار قۆڵی سکرتاریەتی ئەنجومەن، 
بەسەرکردنەوەی کەسایەتیەکان لەهەولێر و دیتنی کەریم خانی برادۆست و خەڵکانی دیکە، 
رۆشتن بۆ شیرینی خواردنەوەی هاوسەرگیری هاوڕێ گەنجەکانت، دیداری رۆژنامەنوسان و گێرانەوەی رۆژانی خەباتی قوتابیان و یادگاریەکانی مامی گەورە و کاکە نەوە و هێرۆ خان ، 
میوانداریکردنی ئەدیب و نوسەر و کەسایەتیە سیاسیەکانی عەرەب لەبەغداوە بۆ سلێمانی 
میوانداری باڵوێزی رۆمانیا و یو ئێن و ئۆکرانیا و وڵاتان ، 
بانگهێشتی کادیرە زویرەکان و دڵنەوایی کردنیان ، وە دەیان یادەوەری تر 
کە مەگەر هەر لە پەیوەندیە فراوانەکەی خۆتەوە فریای بکەوتیتایە
کەم نین ئەم یادگاریانە لەنێوانمان، چونکە لەو سەردەمە ئەگەر رۆژەکەی یەکترمان لەئەنجومەن نەدیبایە ئەوا شەوەکەی بەبیانوی کارێکەوە زەنگێک لێیدەدا و ئیتر گوێم لەدەنگت دەبوو

هەمیشە کەیفت بەگەنج دەهات
وەک خۆت حەزت دەکرد حەقیقەت بڵێین هەرچەندێک باجەکەی قورس بێت

وەک خۆت حەزت دەکرد بەجورئەتەوە بەرامبەر ستەم و نادادی و ناراستیەکان بوەستینەوە

ئەوکاتەیشی پێکەوە سەفەری ئەڵمانیامان کرد بۆ دیداری مامی گەورە، نمونەی هاوسەفەرێکی خەمخۆر بویت تەنانەت لەیادمە لەناو لۆبی ئوتێلەکەوە بەو تەمەنەوە نەتهێشت کەسمان جانتاکەت بۆ بگوازینەوە ژوورەکەی خۆت

گەنجت بەسادەیی خۆش دەویست
حەزت دەکرد بەوشەیەکیش بێت زەردەخەنە بخەیتە سەر ڕوویان

ئەوکاتەی کە ئارامی جوانەمەرگی برام شەکراوخوارنەوەی هاوسەرگیرمان بۆکرد، کەهاتیتە دەرەوە پێش خواحافیزی رووت کردە گەنجەکان و بەمنت وت ئەم هەموو گەنجە قۆزە خزمتە بۆ ژن هێنانی ئەمانیش هەر بانگم بکە

لەدوای بەرنامەکەی (دووجار بیربکەرەوە ) کەلەسەر حوکمی وراسە بوو ئەوکات لەگەڵ ئەحمەد میرە و نەبەز گۆران و ئومێد خۆشناو لەNRT پەخشکرا لە ساڵی ٢٠١٢، زۆر بەکەیف بویت بۆ رۆژی دواتر کەسەفەری دهۆکمان کرد و کۆبونەوەی ئەنجومەنی مەڵبەندی بادینانمان هەبوو ، چەند جارێک وتت ئافەرین بۆ بەرنامەکەهەموو تێبینیەکانت وت کەباسمان کردن

هەرچەند هەندێکجار خەڵکی حاقد دەکەوتە نێوانمان، بەڵام تۆ هەر وەک باوک لێم زوویر دەبویت و زۆری نەدەبرد بە (بەخە) یەک نێوانمان ئاسایی دەبویەوە و دەتوت تۆ وەک ئاری کوڕی خۆمی

بەخیل نەبووی لەفێرکردنمان

کەمیوانێکی بیانی یان کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتی دەهاتە لات لەماڵەکەی خۆیشت بوایە بانگت دەکردین و لێتەوە فێردەبووین

حەقبێژ بووی ئەمەیش سەرئێشەی زۆری بۆ دەهێنای

ناحەز و نەیاری زۆری بۆدروست کردبوی، بەڵام ویژدانت هەمیشە ئاسودە بوو، چونکە تۆ قسەی دڵی خەڵک و جەماوەری حیزبەکەت دەکرد

تۆ تەنانەت خەمخۆری پاشەڕۆژی مناڵەکانی ئەم میللەتە بوی

هەر تۆ بوی کە یەکەم کەس وتت با ئەم نەوتە دەرنەهێنین، ئەمە موڵکی داهاتووی مناڵەکانمانە با دەستی لێنەدەین ، ئەوەتا ئێستا بەبێ نەوت حکومەتی عیراق بودجەی ئێمە دەدات

خەمخۆری ئایندەی حیزبەکەت بووی

هەر تۆ بوی بەئاشکرا دەتوت ، پارتی غەدر دەکات زۆربەی جومگە هەستیارەکانی بردوە و قۆرخکاری دەکات، دەبێ رێگە لەم تاکڕەویە بگرین و نابێ غەدر لە کادیرەکانی بادینان و هەولێر بکرێ

تۆ دامەزرێنەری یەکێتیی بوی بەڵام بەخۆت و شۆفیرێکەوە دەگەرای،
لەیادمە زۆرجار بەیانیان خۆت منداڵەکانت دەبرد بۆ خوێندنگە

هێندە بەوەفا بوی لەدوا ساتەکانی ژیانتدا بەدەم سەختی نەخۆشیەکەیشتەوە لەئەڵمانیا ئێمەت لەیاد بوو، هەر دەتویست فێرمان بکەی

بەرەبەیانی ٤ ی مانگی پێنج واتە دوو هەفتە بەر لەدوا کۆچی ئەبەدی کاتێک واتسئەبەکەم کردەوە نامەیەکی تۆ بوو بەمۆسیقایەکی هێمن کە وتەی دانسقەی کۆمەڵێک ناوداری تیابوو، 
وەک بڵێی ئەوە دوا پەیامی منە بۆت

پیاوە ناخ سپیەکە بۆهەتایە یادەوەریەکانت لەویژدان هەڵدەگرم ، 
کەدەزانم بەشی نوسینی کتێبێک دەکات لەئایندە
ڕۆحت شاد ، گۆڕت پڕ لەنوور

بەختیارشاوەیس
٢٠٢١/٥/١٨

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP