دەستورێك لەزەمنی لێكترازان

سەرتیپ جەوهەر
22:51 - 2021-05-23

 

 

جارێكی دیكە پرسی دەستور بەر شاشەی بەشێك لەتەلفزیۆنەكانی گرتۆتەوە، پێدەچێت هەر ئەم چەند رۆژە وەك باسوخواسی میدیاكان بێت و دادەمركێتەوە، چونكە زەمینەی خستنەڕووی نییەو نە پرۆژەیەكی جددیەو نەهیچ لایەنێكی سیاسی تەنانەت ئەو لایەنەی خستویەتیە روو، بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووەو كۆدەنگ نین لەسەری.

دەستور پرۆژەیەكی نیشتیمانییە بۆ بەدامەزراوەكردنی حوكمڕانیی و پراكتیزەكردنی ئاشتی نیشتیمانیی و سەقامگیریی سیاسیە. دەقەكانی دەستور پرەنسیپی گشتیین بۆ چەسپاندنی دیموكراسی و دادپەروەریی و یەكسانیی. زیاتر لە 20 ساڵە پرسی دەستور لەهەرێم قسەی لەسەر دەكرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی سازان و دیدێكی نیشتیمانیی بۆ ئایندەی ئەم قەوارەیەو زاڵبونی خواستی شەخسیی و حزبی بەسەر بیركردنەوەو روانین، بۆیە ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبووە.

لەرابردوو چەند جارێك پرسی پرۆژەی دەستور قۆناغی زۆرباشی بڕیوە، پێشكەوتنەكانی ئەو پرسە پەیوەندی بەرێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتیی و پارتیەوە هەبووە. رێككەوتنێكی درێژخایەن بۆ بەیەكەوە كاركردن و ئیدارەدانی هەرێم هەبوو، بۆیە ئاسانتر پرۆژەی دەستور هاتە دەست. لە 2009 گەیشتە پەرلەمانی كوردستان و وەستێنرا! لەبەرئەوەی رێككەوتنێكی سیاسی لەنێوان یەكێتیی و پارتی هەبوو، لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنە پرۆژەكە نەخشێنرابوو بۆیە هەنگاوەكانی خێرا بڕی.

لە 2014 جارێكی دیكە پرسی پرۆژەی دەستور هاتەوە بەرباس، بەڵام دیسان هیچی لێ شین نەبوو، چونكە هەم سازانی نیشتیمانیی دروستنەبوو، هەمیش خواستێك هەبوو لایەنێكی سیاسی پرسی هەڵبژاردنەوەی سەرۆكی هەرێم و دەسەڵاتەكانی لەناو پرۆژەی دەستور، بۆ مەبەستی یەكلاییكردنەوەی گرفتەكانی ناوخۆی خۆی بەكاربهێنێت و سەرەنجام پرۆژەی دەستور پەرلەمانی داخست.

ئێستا كە ئەم پرسە دوبارە دەهێنرێتەوە گۆڕێ، لەلایەك لێكترازانێكی گەورە لەنێوماڵی كورددا هەیەو لایەنە سیاسییەكان توانای كۆبونەوەیەكیان نییە. لەلایەكی دیكە ئەو رێككەوتنەی لەنێوان یەكێتیی نیشتیمانیی و پارتیدا هەبوو (رێككەوتنی ستراتیژیی) نەماوەو پەیوەندییەكانیان لەبار نییە بۆ پرسێكی ئاوها گرنگ. هەروەك پرسی كورد لەدوای ریفراندۆمی ئەیلولی پاشەكشەیەكی زۆری كردووە، كورد ئەو هێزو دەرفەتەی جارانی نییە بتوانێت هەموو خواستەكانی لەدەستورەكەیدا جێبكاتەوە!

بەكورتی هێنانەگۆڕێی پرسی دەستور جگە لەدروستكردنی مانشێت بۆ بەشێك لەمیدیاكان یاخود هەوڵێك بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لەناو حزبێكی سیاسی لەڕێی دەستور، شتێكی دیكە نییە. پێموانیە ئەم پرسە لەم چەند رۆژە زیاتر بەردەوام بێت، ئەگەر درێژە بكێشێت پێموایە بارودۆخەكە ئاڵۆز دەكات، چونكە هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆكن لەسەر ئەوەی پرسی گرنگتر هەیە بهێنرێتە بەرباس و گفتوگۆ، پێیانوایە جارێ‌ وەختی پرۆژەی دەستور نییە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP