سه‌دان ملیۆن دۆلاری هه‌رێمى كوردستان بلۆك كرا

ئابوری
18:57 - 2022-04-04

حكومەتی لوبنان مایەپوچبوونی خۆی راگەیاندو سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: داهاتی نەوتی هەرێم خراوەتە ژمارەی مورتەزا لاخانی  و 650 ملیۆن دۆلاری نەوتی هەرێم بلۆك كراوە.

 

عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان دوای راگەیاندنی مایەپوچووی حكومەتی لوبنان رایگەیاند: شەش ساڵ پێش ئێستا وتم نەوتی كوردستان مەخەنە ژمارە حسابی مورتەزا لاخانی پاكستانی، بەڵام گوێیان نەگرت تا 294 ملیۆن دۆلار لەلایەك و 310 ملیۆن یۆرۆی دیكەی ئەم میللەتە بلۆك كرا.

ئەوەشی خستوەتەڕوو: وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم، لەڕێگای مورتەزا لاخانی نەوتێكی زۆری ساڵانی ئایندەی هەرێمی كوردستانی بەداشكاندنێكی زۆر بەپارەی پێشوەخت بەچەند كۆمپانیایەك فرۆشتوە لەوانەش كۆمپانیاكانی (ڤیتۆڵ و گلینكۆر) رێژەیەكی پارەكەش بۆ مورتەزا بوەو ئەم مامەڵەش لەڕێگای كۆمپانیاكەی بوە بەناوی (‏Oil and gas management services group ).

 

سەرۆكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت: لە مانگی 5ی 2014 كە هەرێمی كوردستان بەشێوەی سەربەخۆ نەوتی فرۆشت، لەدەرەوەی كەناڵە رەسمییەكان و لەلایەن تۆڕێكی بازرگانی نادیارەوە سەدان ملیۆن بەرمیل نەوت بەشێوەی پێشەكی فرۆشراوەو لە نێو ئەوكەسانەشدا مورتەزا لاخانی هەیە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP