د.سەباح هەورامی: پارەی سلێمانی بۆ دەرمانی هەولێرو دهۆك خەرجكراوە

تەندروستی
13:33 - 2022-04-06

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت: هیچ روونادات ئەگەر حكومەتی هەرێم دوو ملیار دینار لە داهاتی نەوت بۆ كێشەی دەرمانی سلێمانی خەرج بكات. دەشڵێت:كاتێك لەهەولێرو دهۆك كێشەی نەختینەی پارە هەبوو كۆمپانیاكانی دەرمان دەهاتن و لەبانكەكانی سلێمانی چەكەكانیان بۆ دەكردن بەپارە.

د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی  ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند: كێشەی نەمانی دەرمان لە ناوەندەكانی كەرتی تەندروستی لە سلێمانی كێشەیەكی نوێ نییە، بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئابی ساڵی رابردوو، چەندین جار هۆشداریمانداوە لەم كێشەیە، ئێستاش بەهۆی ئەم كێشەیەوە نزیكەی 60٪ی دەرمانی هەڵگیراوی ئێمە بەكارهێنراوەو نەماوە.

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی راشیگەیاند:لەسلێمانی چەندین كۆمپانیا و كەسایەتی و بازرگان هاتوونەتەسەر خەت بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیەو ئێمەش سوپاسیان دەكەین، بەڵام كەرتی تەندروستی بە سەدەقە بەڕێوەنابرێت، چارەسەری ئەم كێشەیە لای حكومەتی هەرێمەو پێویستە ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن.

ئەوەشی خستوەتەڕوو: هیچ روونادات ئەگەر حكومەتی هەرێم بڕیاربدات دوو ملیار لە داهاتی نەوت خەرج بكات بۆ سلێمانی و ئەم كێشەیەو كۆتایی پێبێت، كاتی خۆی كە كێشەی نەختیینەیی لە هەولێرو دهۆك هەبوو كۆمپانیاكانی دەرمان دەهاتن بانكەكانی ئێمە چەكەكانیان بۆ دەكردن بەپارە، با ئێستا ئەوانیش هاوكاری سلێمانی بكەن.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئەوەش روندەكاتەوە: پێویستە حكومەتی هەرێم لەو راستییە تێبگات كە دەرمان پێش مووچەیەو چۆن پارە بۆ مووچە تەرخاندەكرێت ئاواش پێویستە پارە بۆ دەرمان تەرخانبكرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP