عێراق داوای سەرجەم گرێبەست و رێككەوتنه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ نه‌وت ده‌كات

ئابوری
20:32 - 2022-04-11



وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند: بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم كۆمپانیایەك پێكدەهێنرێت كە بارەگاكەی لەهەولێر دەبێت و لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بەڕێوەدەبرێت و داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێمیش لەبانێكی جیهانی دادەنرێت و بەوەزارەتی دارایی عیراق دەبێت و داهاتەكەی بۆ شایستە داراییەكانی هەرێم خەرج دەكرێت.
نوسینگەی راگەیاندنی وەزیری نەوت لەبڵاوكراوەیەكدا راشیگەیاندوه‌: ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوت لەمیانی كۆنگرەی هاوبەشی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ خالید شوانی سەرۆكی وەفدی هەرێم باسی لەوەكردووە كە وەزارەتەكەی پابەندە بەو پرەنسیپە بنچینەییانە كە پێشتر لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە سەبارەت بەئیدارەدانی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان پێشنیاریان لەسەر كرابوو.
ئاماژەی بۆئەوەشكردوه‌، پرەنسیپە بنچینییەكان خۆی لەوەدا دەبێنێتەوە كە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم ئەو گرێبەست و رێككەوتننانە بنێرێت كە لەگەڵ وڵاتان و كۆمپانیا نەوتییەكاندا ئیمزای كردووە، ئەوەش بەمەبەستی پێداچوونەوەو هەمواركردن و باشتركردنی، هەروەها ئەو لایەنەی گرێبەستی  لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا كردوە بخرێتە سەر كۆمپانیایەكی نەوتی كەبەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بۆ ئەم مەبەستە دادەمەزرێنرێت و بارەگەكەشی لەهەولێر دەبێت و دەسەڵاتی فیدڕاڵی خاوەندارێتی دەكات و دەسەڵاتی دراوەتێ بۆ ئیدارەدانی كۆی دۆسیە نەوتییەكانی هەرێم.
وەزیری نەوت باسی له‌وه‌شكردوه‌ كه‌: هەژمارێكی بانكی لەیەكێك لەبانكە جیهانییەكان بەمەبەستی دانانی سەرجەم داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم دەكرێتەوەو ژمارە بانكییەكەش سەر بەوەزارەتی دارایی عیراق دەبێت و بەكاردەهێنرێت بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، لەئەگەری دواكەوتنی ناردنی پارە لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە.
ئه‌وه‌شیخستوه‌ته‌ڕو كه‌: وەزارەتەكەیان سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت گەشە بەكەرتی نەوت و غاز لەسەرانسەری عیراقدا بدرێت بەپێی میكانیزم و پێوەرە هونەری و پیشەییە جیهانییەكان و كاركردن بۆ زۆركردنی داهات و بەهێزكردنی ئابووری نیشتمانیی.

وەزیری نەوت روونشیكردوه‌ته‌وه‌: كاری پێكەوەیی دەكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئاستەنگەكان كە لەساڵانی رابردوودا دروست بوبوون، هەروەها هەنگاو دەنێن بۆ قۆناغێكی نوێی هەماهەنگی لەبەرژەوەندی گشتی، وەفدەكەش دەگەڕێتەوە بۆ هەرێم و گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا، تا خولێكی تری گفتوگۆو دانوستانەكان لەگەڵ بەغدادا دەستپێبكەنەوە، وەفدی هەرێمیش تێگەیشتنی باشیان هەبووە لەبارەی ئەو بابەتانەی لەكۆبوونەوەكەدا باسیان لێوەكرابوو.
لای خۆشیەوە خالید شوانی سەرۆكی وەفدی هەرێم رایگەیاند: كۆبوونەوەیەكی راشكاوانەمان كردو رێككەوتین لەسەر ئەو میكانیزمانە كە دەكرێت پلانی كاری داهاتووی لێ پێكبهێنرێت بەمەبەستی چارەسەركردنی ریشەیی سەرجەم كێشەكانی نەوت، جەختیشیكردەوە كە یاسای نەوت وغاز چارەسەری سەرجەم كێشەكان دەكات و ئەم كۆبوونەوەیەش سەرەتایەكی باشە بۆ هەماهەنگی نێوان وەزارەتی نەوت و حكومەتی هەرێم.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP