به گوژمه‌ی 19.799.100 دۆلار كاركردن له پرۆژه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان ده‌ستپێده‌كاته‌وه و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری ھه‌رێمی كوردستانیش ئاشكرایده‌كات، پرۆژه‌كه 75 ھه‌زار كه‌س له دانیشتووانی ده‌ربه‌ندیخان و ده‌وروبه‌ری لێی سوودمه‌ند ده‌بن، گرفتی پیسبوونی ئاو و كه‌میی ئاو له سنووره‌كه به ته‌واوی چاره‌سه‌ر ده‌كات.
له راگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ھاتووه، كاركردن له پرۆژه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان دووباره له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ده‌ست به جێبه‌جێكردنی ده‌كرێته‌وه، ئێستا نزیكه‌ی له 60% ی كاره‌كانی جێبه‌جێكراوه و بڕیاره ئه‌و به‌شه‌ی ماوه به‌مزووانه ته‌واو بكرێت.
ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكردووه، جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی ده‌وروبه‌ری سلێمانی سه‌رپه‌رشتیی ده‌كرێت و له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی جێبه‌جێكار به گوژمه‌ی 19.799.100 دۆلار له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئاشكراشیكردووه، پرۆژه‌كه 75 ھه‌زار كه‌س له دانیشتووانی ده‌ربه‌ندیخان و ده‌وروبه‌ری لێی سوودمه‌ند ده‌بن، گرفتی پیسبوونی ئاو و كه‌می ئاو له سنووره‌كه به ته‌واوی چاره‌سه‌ر ده‌كات، له دوو به‌شی سه‌ره‌كی پێكدێت، به‌شی وه‌رگر و به‌شی پاڵاوتن و چاره‌سه‌ركردن كه به ھێڵێكی سه‌ره‌كی به‌ستراونه‌ته‌وه له بۆریی كاربۆن ستیل به تیره‌ی 500 ملیم و به درێژی 2.8 كیلۆمه‌تر، پرۆژه‌كه دوو ھێلی دابه‌شكردنی ئاوی ھه‌یه به تیره‌ی 400 ملیم و درێژی 250 مه‌تر و 300 ملیم به‌درێژی 1800 مه‌تر.
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار جه‌ختیكردووه‌ته‌وه جگه له‌وه‌ی ئێستا له 60% ی كاره‌كانی پڕۆژه‌كه جێبه‌جێكراوه، ھاوكات به ڕێژه‌ی ٩٠%یش كاری ئه‌ندازه‌ی شارستانی و له 100%ی كاری دیزاینی ته‌واو بووه و ئێستاش كۆمپانیای به‌ڵێنده‌ر سه‌رقاڵی دابینكردنی ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ن كه بۆ ته‌واوكردنی به‌شی كاره‌با و میكانیكی پرۆژه‌كه پێویستن و بڕیاره له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌ستبه‌كاره‌كانی بكات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP