شارەزایەك لەبواری یاسا جەختدهكاتهوه، بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی پابەندبوونی تێدایەو دەبێت بەتەواوەتی جێبەجێ بكرێن.
ئاماژە بۆئەوەشدهكات، بۆ یەكەمجارە لەعیراق دادگای فیدڕاڵی بڕیارێك دەردەكات كە دانبنێت بە نادەستووری بوونی یاسای هەرێمی كوردستان .
پێشترو هەر دوێنیَ رۆژی شەممە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی فیدڕاڵ لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەی رای وەزارەتەكە، باسی لەوەكردبوو كە ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت لەهەرێمی كوردستان نادروستەو ئاماژەی بەوەشدابوو كە تەواوی ئەو داهاتانەی هەرێم لەفرۆشتنی نەوت دەستیدەكەوێت لە 50% تێپەڕ ناكات و راشیگەیاندبوو دوای 75 رۆژ لە گفتوگۆو دەستپێشخەریی و هەموو هەوڵەكانی بەغداو نەرمینواندن لەگەڵ هەرێم و پەرۆشبوون بۆ بنیاتانانی پردی متمانە بەڵام هیچ ئەنجامێكیان نەبوو، بۆیە هەنگاو دەنێن بۆ جێبەجێكردنی خاڵ بەخاڵی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵ كە تایبەتە بە پرسی نەوت لەهەرێمی كوردستان.
جەختیشیكردەوە كە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نیشتمانیی نەوت لەعیراق (سۆمۆ) بەرپرسە لە ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت لەناوخۆداو وەزارەتی نەوتیش بەرپرسە لە مامەڵەكردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە نێودەوڵەتی و بیانییەكان، دووپاتیشیكردەوە كە دەستكردن بەجێبەجێكردنی ئەحكامەكانی بڕیارەكە مانای كۆتایهێنان نییە بەگفتوگۆكان و هەر كاتێكیش بەرپرسانی دۆسیەی نەوت لەهەرێم ئارەزووییان كرد جارێكی تر گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە بكرێتەوە ئەوا ئێمە ئامادەین و پێشوازی لێدەكەین.
جەمال ئەسەدی شارەزای بواری یاسا لەبارەی لێدوانەكانی وەزیری نەوت و بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بە PUKmediaی راگەیاندوه: بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی پابەندبوونی تێدایە و دهبێت سەرجەم دەسەڵاتەكان ئەو بڕیارانە جێبەجێ بكهن، روونیشیكردەوە كاتێكیش بڕیارێكی پێچەوانە لهلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانەوە لەدژی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵ دەربكرێت، بەهیچ شێوەیەك كاری پێناكرێت.
راشیگەیاند: پابەندبوون بەبڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵ دەبێتە بنەمایەك بۆ یەكلایی كردنەوەی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی و هەروەها یەكلایی كردنەوەی سەرجەم داهاتەكانی نەوت لەهەرێمی كوردستان كەچەندین بەربەست و كێشەی كەڵكەبووی تێدابوو، لەنێویشیاندا گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستانە كە لەماوەی 13 ساڵی رابردوودا لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكاندا ئەنجامدراون.
روونیشیكردەوە كە سەرجەم لایەنەكان لەبەغداو هەرێمی كوردستان پێویستییان بەیەك مێزە تاوەكو پێكەوە لەسەر ئەو مێزە گرفت و كێشەكانیان دەستنیشان بكەن و لەنێو پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵیدا بنووسرێتەوەو بەشێوەیەك رێكبخرێت كە هیچ لایەنێك تووشی زیان نەبێت. ئەسەدی جەختیشیكردەوە ئەوە بۆ یەكەمجارە لەعیراق دادگای فیدڕاڵی بڕیارێك دەردەكات كە دانبنێت بە نادەستووری بوونی یاسای هەرێمی كوردستان و لەقۆناغی داهاتووشدا میكانیزمی جێبەجێكردنەكە رووندەبێتەوە، ئاماژەی بەوەشدا كە بەشێوەیەكی كرداری لەم دۆخەی ئێستادا هیچ هێزێكی جێبەجێكار ناتوانێت ئەم بڕیارە لەهەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات، بەڵام بە فشاری سیاسی دەتوانرێت بڕیارەكە بەسەر هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ بكرێت ئەویش بەلێبڕین لەپشكی لە 17%ی هەرێم لەبودجەی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2022.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP