یه‌كێتی له‌ به‌غداوه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی هیوا ده‌دات

تەندروستی
14:23 - 2022-05-17


فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغدا هەوڵی چارەسەری كێشەكانی نەخۆشخانەی هیوا دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش نووسراوێك ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات، هاوكات دەستەی داكۆكیكردن لە نەخۆشخانەی هیواش داوای بەهاناوەچوونی نەخۆشخانەكە دەكات.

دكتۆر یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بە كوردسات نیوزی رایگەیاندوه‌: فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغدا هەوڵی چارەسەری كێشەكانی نەخۆشخانەی هیوا دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش نووسراوێك ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات.

وتیشی: ئەركی چارەسەركردنی كێشەكان بە تەنیا لە ئەستۆی حكومەتی هەرێم نییە، بەڵكو لە ئەستۆی حكومەتی عیراقیشە، پێداویستییەكان دابین بكات و گرفتەكان چارەسەر بكات. 

هاوكات دوای شەوێك مانەوەیان لە نەخۆشخانەی هیوا، دەستەی داكۆكیكردنی نەخۆشخانەكە یاداشتنامەیەكیان ئاڕاستەی ولایەتەیەكگرتوەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا رایانگەیاند: لەنەخۆشخانەكەدا دەرمان بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە نەماوە و پێویستە بەزووترین كات دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەكە دابینبكرێت.

راشیانگەیاند: بەشێك لە ئامێرەكانی نەخۆشخانەی هیوا بەهۆی كۆنی و چاكنەكردنەوەیان لەكاركەوتوون، لە ئێستاشدا تەنها دوو ئامێر لە نەخۆشخانەكەدا بوونی هەیە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی درەنگ پشكنین بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە بكرێت و نەخۆشییەكەیان دیاریبكرێت، بۆیە پێویستە حكومەت و رێكخراوی تەندروستی جیهانی بەزووترین كات بەهانای نەخۆشخانەكەوە بچن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP