کۆبوونەوەیەکی باڵا بۆ ڕێکخستنەوەی پرۆسە‌ی تاقیکردنەوەی وەزاری پۆلی 12 ئە‌نجامدرا

تەندروستی
18:00 - 2022-05-17

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران سە‌رپە‌رشتی کۆبوونەوەیەکی باڵای كرد بۆ رێکخستنەوەی پرۆسە‌ی تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی 12 و ئامادەکارییە‌كان بۆ بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکان لە کەشێکی ئارام و بێ کێشەدا. 

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێ شەمە 17ی ئایاری 2022 بەڕێوەچوو، هەر یەکە لە‌ وەزیرەکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، ناوخۆ، کارەبا، پێشمەرگە، گواستنەوە و گەیاندن و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وە‌زیران ئامادە‌ی كۆبوونە‌وە‌كە‌ بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی چارەسەرکردنی هەموو کێشە و گرفتەکانی بەردەم بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان و بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە درا.

وەزارەتی کارەبا ڕاسپێردرا ئامادەکاری تەواو بکات بۆ ئەوەی کارەبای بەردەوام بۆ هۆڵی تاقیکردنەوەکان دابین بکات، هەرەوەها وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش ڕاسپێردرا لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت هەماهەنگی تەواو بکات بۆ ئە‌وە‌ی بڕیار لە‌سە‌ر چۆنییە‌تی مامە‌ڵكردن لە‌بارە‌ی ئە‌و پرسە‌وە بدرێت‌.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا؛ لە هەموو شارەکان ژووری ئۆپەراسیۆنی تایبەت پێکبهێنرێت بۆ هەماهەنگی کردن لە نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان. 

تاوتوێی چۆنییەتی رێکخستنی بەشداریکردنی ئەو خوێندكارانە‌ش کرا کە لە ریزی هێزه ئەمنی و سەربازییەکاندان.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە کە؛ دەبێت ئامادەکارییەکان بە جۆرێک بکرێت کە خوێندکاران بێ گرفت تاقیكردنە‌وە‌كان ئە‌نجام بدە‌ن و شکۆ و رێزی مامۆستایانی بە‌ڕێزیش پارێزراو بێت.
لە‌كۆتایی كۆبوونەوە‌كە‌دا، باس لە‌ پرۆسە‌ی وە‌رگرتنی خوێندكاران كرا لە‌ زانكۆ و پە‌یمانگاكاندا و بڕیاردا ئامادە‌كاری بۆ ئە‌و پرسە‌ش بكرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP