میدیاكانی ئهمریكا وردەکاریی چۆنییهتی شكستپێهێنانی "پیلانێک"یان بۆ تیرۆرکردنی (جۆرج بۆش) سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئاشكراكرد كه ههوڵدراوه لە ماڵەکەی خۆی لە شاری دالاس پایتەختی ویلایەتی تیكساس لهلایهن تیرۆرستێكی "داعش"ه وە ئهنجام بدرێت.
گۆڤارەکە له ڕاپۆرتێکیدا كه له (25ی ئایاری 2022) بڵاوكراوهتهوه، ئاشكرایكردوه، ئهو هاووڵاتییە بە ڕەگەز عێراقییهو ناوی (شههاب ئهحمهد شههاب)و له ساڵی( 2020) هوه چووته ئهمریكا و گومان دەکرێت پەیوەندیی بە "داعش"ەوە هەبێت، لە ئەمریکا پیلانی کوشتنی (بۆش)ی هەبووە، ئەو کەسەش مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو سەردانی شاری دالاسی کردووە بۆ وێنەگرتنی ماڵی سەرۆکی پێشوو، بە هاوکاری تیمێک لە هاوڵاتیانی عێراقی كه بەنیاز بووە بە قاچاخ له سنووری مهكسیكهوه بیانگوازێتەوە بۆ نێو ئهمریكا، ئەوەش بەپێی ئهو فەرمانی دەستگیرکردنهی کە لەلایەن نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) لە 23ی ئازاری ڕابردوو دەرچووە و لەم هەفتەیەدا ڕاگەیەندراوە.
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئاماژەی بۆئەوەش کردووە، ئەو پیلانەیان لەڕێگەی دوو هەواڵدەری نهێنی و هەروەها چاودێریی هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی (واتس ئەپ)ی ئەو کەسە كه گومانلێکراوی سەرەکی پیلانگێڕییەکەیە.
گومانلێکراوە دەستگیرکراوەکە کە لە شاری کۆڵۆمبۆسی ویلایەتی ئۆهایۆ دەژی، باسی لەوەشکردووە کە هۆکاری هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی بۆش ئەوە بووە کە پێیوایە ئەو سەرۆکەی پێشوو بەرپرسیارە لە "کوشتنی بەشێک لە هاووڵاتییانی عێراقی" و هەروەها هەرەسهێنانی ئەو وڵاتە دوای لەشکرکێشی سەربازیی ئەمریکا لە ساڵی 2003.
ههر بهپێی میدیاكانی ئهمریكا، کەیسەکە ئەوە نیشان دەدات کە چۆن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی بەردەوامە لەسەر چاودێریکردنی هەڕەشەکانی داعش سەرباری لاوازبوونی.
هەروەها چۆنیەتی بەکارهێنان و چاودێریکردن و لێکۆڵینەوە لە هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک واتس ئەپ سەرباری هەموو بانگەشەکان کە چاودێری ناکرێت و ئاسایشیان زۆر توندە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP