حه‌لبوسی: كاریگەری سیاسی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی رەوتی سەدر هەبو

عێراق
19:17 - 2022-06-13



موحەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندووە كە تا ئێستا بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران باسی لێوەنەكراوە.

حەلبوسی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ عەبدولكەریم ئەلدەعمی هاوتا ئۆردنییەكەی لەعەمانی پایتەختی ئۆردن راشیگەیاند، لەسەر ئاستی ناوچەكە ئاڵنگاری زۆر هەیە كە لەپێناو بەرەنگاربوونەوەیدا پێویستی بە یەكڕیزی هەیە، روونیشیكردەوە هاوئاهەنگی و هاوكاری سێلایەنەی نێوان عیراق و ئۆردن و میسر تەنانەت هاوئاهەنگی و هاوكاری دوو لایەنەش لەزۆرێك لەپرۆژەكانداپێویستی بەهەنگاوی كرداری هەیە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بەبەستنەوەی كارەباو هاوئاهەنگی لەبواری پیشەسازی و ئابووری هەروەها ئەوەی تایبەتە بەبەستنەوەی  بۆری نەوتی بەسڕە بە بەندەری عەقەبەوە.

جەختیشیكردەوە لەسەر گرنگی ئاڵوگۆڕی زانیاری بەشێوەیەكی كاریگەر لەنێوان دەزگا ئەمنییەكانی نێوان عیراق و ئۆردن لەپێناو رووبەڕبوونەوەی شانە تیرۆرستەكان و ئاماژەی بەوەشدا كە هەنگاو دەنێن تاوەكو پێكەوە هەڵوێستەكانیان لەناو رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەیی و عەرەبی و ئیسلامییەكاندا یەكبخەن.

سەبارەت بەدەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر، حەلبوسی رایگەیاند كە كاریگەری سیاسی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی رەوتی سەدر هەبوو كە زۆرترین كورسی پەرلەمانیان لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا هەبوو، راشیگەیاند: بوونی رەوتی سەدر لەپرۆسەی سیاسیدا گرنگە.

وتیشی: رەوتی سەدر كەموقتەدا سەدر رابەرایەتی دەكات  یەكەم رەوت بوون پێیانباش بوو ببنە قوربانی بژاردەكانی پێكهێنانی حكومەت و بەشداریكردن لەپەرلەمانی عیراق، ئاماژەی بەوەشدا رێكارە یاساییەكان لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن و میكانیزمەكانی كاری پەرلەمانی بەردەوام دەبێت و  ڕێکارە یاساییەکان بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان و بەپێی میکانیزمەکانی کاری پەرلەمان بەردەوام دەبێت و جێگره‌وه‌كه‌شی لە هەر بازنه‌یه‌كی هەڵبژاردندا ئه‌و كاندیده‌ سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ ده‌بێت كه‌ زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه‌. 

روونیشیكردەوە لەبارەی پێكهێنانی حكومەت دیدگای جیاواز هەیە، بەشێك لەلایەنەكان پێیانوایە بەسازانی نیشتمانیی بگەنە رێككەوتن و هەندێك لایەنی تریش هەیە لەگەڵ زۆرینە و ئۆپۆزسیۆن دان، بەڵام لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی رەوتی سەدر دۆخەكە شێوەیەكی تری لێدێت، ئاماژەی بەوەشدا رێكارە دەستوورییەكان بەردەوام دەبن، ئەگەر ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان تەواو بكرێت و كورسییە بەتاڵەكان قەرەبوو بكرێنەوەو كۆتایی به‌ چه‌قبه‌ستوویی سیاسی بهێنرێت.

سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە، حەلبوسی رایگەیاند كە ئەوە بژاردەیەكی دەستوورییە و هەڵبژاردنەكانی پێشووش پێشوەختە بوون و بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پرۆسەكە بەڕێوەچوون، بەڵام تا ئێستا بژاردەیەكی وا نەخراوەتەڕوو، باسی لەوەشكرد هەوڵدان بۆ پێكهێنانی حكومەت كە بەرپرسیارێتی هێزە سیاسییەكان لەئەستۆ دەگرێت تاوەكو بەرهەم و ئەدای كاركردن و هەڵسەنگاندنی لەبەردەم گەلدا دیار بێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP