سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغدا چاویکەوت بە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق

عێراق
12:42 - 2022-06-15


‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق.

‏‎لە دیدارێکدا جەخت لە دەسەڵاتی دادوەری و سەربەخۆیی دادگاکان کرایەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چەسپاندنی یاسا و پارێزگاریکردن لە دەستوور لەپێناو سەقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا.

‏‎ھەر لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی یەکخستنی هەوڵەکان و تەواوکردنی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان کرا بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار بە بەشداری هەموولایەنە سیاسییەکان و دروستکردنی حکومەتێک کە ببێتە چەترێک بۆ هەموو عیراقییەکان و کار بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیر بکات.

‏‎فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق بەگرنگییەوە باسی لە رۆڵ و پێگەی سەرۆک مام جەلال کرد و رایگەیاند، عیراقی نوێ دەبێت سوپاسگوزاری سەرۆک مام جەلال بێت، چونکە ئەو کۆکەرەوەی هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکان بوو. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک بافڵی کرد کە لە ماوەی رابردوودا رۆڵێکی ئەرێنی بینیووە لە یەکخستنی هێز و لایەنە سیاسییەکان و هۆکارێک نەبووە بۆ دروستکردنی پشێوی و دووبەرەکی. وتیشی ئێمە بەم هەنگاوە دروست و کاریگەرانەدا، سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلالمان دێتەوە یاد و دڵنیاین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژەپێدەری ئەو رێبازە دەبێت.

‏‎لە بەرامبەردا سەرۆک بافڵ داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کرد رۆڵی مێژوویی خۆیان بگێڕن و پارێزەری مافی ھەموو عیراقییەکان بن بە نەتەوە وپێکھاتەکانیشەوە. هەروەها هاوکار و پشتیوان بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP