وه‌زیری دارایی عێراق: ناردنی 200 ملیار ديناره‌كه‌ بۆ هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت

عێراق
13:13 - 2022-06-18



عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق له‌ دوایین لێدوانیدا سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی و گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، ناردنی 200 ملیاره‌كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام نابێت، هۆكاره‌كه‌شی گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌ بۆ پابه‌ندنه‌بوونی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵ.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ سایتی Report Oil Iraq ، وه‌زیری دارایی عێراق روونشیكردووه‌ته‌وه‌، "بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نەوت‌و گازی هەرێمی کوردستان، ڕێگری ده‌كات حکومەتی فیدراڵ، بەشێک لەبودجەی گشتی داهاتوو، وەک پشکی هەرێمی کوردستان تەرخانبکات".

عەلاوی وتیشی:یاساكانی بودجە له‌ رابردوودا، بڕگەی تەرخانکردنی 12%ی خەرجییەکانی بۆ هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتبوو، بەو مەرجەی هەولێر هاوتای داهاتی نەوتی هەناردەی کێڵگەکانی هەرێم بنێرێت، بەڵام لە واقیعدا ئەم رێککەوتنە جێبەجێ نەکرا و   ڕێککەوتنی کاتی نێوان بەغدا و هەولێر جێگەی گرتەوە، کە بەپێی ئەو ڕێژەیە کوردستانی وەرگرتووە، مانگانە گواستنەوەی نیمچە ئاسایی بە بەهای 200 ملیار دیناری عێراقی وه‌رگرتوه‌، به‌ڵام له‌مه‌ودوا ناردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌رده‌وام نابێت و راده‌گیرێت.
 
جه‌ختشیكردووه‌ته‌وه‌، کاری ئه‌و جێبەجێکردنی یاسایه‌و ناتوانێت یاساشکێنی بكات و ده‌ڵێت،  لەبودجەی 2021دا داواکارییەکی ڕوونمان هەبوو کە حکومەتی هەرێم  هەناردەی نەوته‌كه‌ی له‌ڕێگه‌ی سومۆوه‌ بێت، كه‌ له‌وه‌دا بودجه‌ی ته‌واوی خۆی وه‌رده‌گرت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕووینەدا، بۆیە ئێستا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ماف له‌بودجەدا نەماوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP