ئەمریكا مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك بە هاووڵاتیان دەدات

جیهان
19:24 - 2022-06-24

بەهۆی  گەڕانەوە بۆ دەستور دادگای باڵای ئەمریکا رایگەیاند، مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەک لە شوێنە گشتییەکان بە ھەموو کەس دەدات.
دادگای باڵای فیدراڵی ئەمریکا بە گەڕانەوە بۆ دەستور رایگەیاند: مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەک لە شوێنە گشتییەکان بە ھەموو کەس دەدرێت، ئەو بڕیارەش کاریگەری گەورەی دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی توندوتیژی لە شارەکانی ئەمریکا، بە تایبەتی کە لە ماوەی رابردوودا رووداوەکانی تەقەکردن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کرد بوو.

هاوكات ئەو بڕیارەی دادگا یاسایەک لە ویلایەتی نیویۆرکیش ھەڵدەوەشێنێتەوە کە بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەگەڕێتەوە و دەبوو ئەو کەسەی چەکی پێیە لە شوێنە گشتییەکان ھۆکارێکی گونجاوی ھەبێت.
هەروەها چەند سەعاتێکیش دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا، ئەنجومەنی پیران پڕۆژەیاسایەکی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پەسەند کرد،  پڕۆژەیاساکە لە ئەنجومەنی پیران بە دەنگی 65 ئەندامی ئەنجومەنەکە کە 15یان کۆماری بوون بەرامبەر 33 دەنگی ناڕازیی پەسەند کراوە، بڕیاریشە دواتر پڕۆژە بڕیارەکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پەسەند بکرێت، بەڵام ھێشتا پەسەند کردنی ئەو پڕۆژ بڕیارە کەمترە لەو رێکارانەی کە "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکا داوای کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و کەمکردنەوەی رووداوەکانی تەقەکردن.
بە پێی پڕۆژەیاساکە، کۆت و بەند لەسەر ھەڵگرتنی چەک دادەنرێت و چەندین ملیار دۆلاریش بۆ پاراستنی ئاسایشی خوێندنگەکان و کارکردن بۆ ھۆشیارکردنەوەی خەڵک لەڕێی کەرتی تەندروستی ھزرییەوە تەرخان دەکرێت.  

"جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکاش لەسەر ھەردوو بڕیارەکە ھاتۆتە قسە و پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی پیران کردووە و رایگەیاند، ئەو بڕیارە ھاوکار دەبێت لە پاراستنی زیاتری منداڵان و خوێندنگەکان و داواشی لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد بە خێرایی پەسەندی بکات بۆئەوەی ئیمزای لەسەر بکات و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP