کۆبوونەوەی ساڵانەی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ بەبەشداری وەفدی (ی. ن. ک) لە سویسرا بەڕێوە چوو

جیهان
16:24 - 2022-07-10


لە رۆژانی ٧ و ٨ی ئەم مانگە بەبەشداری وەفدو نوێنەرایەتی دەیان وڵات و پارتی جیهانیی کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری ژنێفی سویسرا بەڕێوەچوو کە تیایدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ئەندامێکی کارای ئەو رێکخراوە بە وەفدێکی باڵاو بە سەرۆکایەتی ئەمین بابەشێخ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندیەکان، بەشداربوو.

لە میانەی کۆبوونەوەی ئەمساڵی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ گفتوگۆ لەسەر چەندین تەوەرو پرسی گرنگ و هەنوکەیی  تایبەت بەو   ئاڵنگاریانەی کە ئێستا رووبەڕوی جیهان بۆتەوە،  لەوانە کێشەو ململانێ سیاسیەکان، بارودۆخی ئابوری جیهان و ئەو مەترسیانەی کە لە ئێستادا بەرۆکی ژینگەی هەسارەکەمانی گرتووە، لەو بارەیەوە تەئکید لە بەردەوامی ئەو هەوڵانە   کرانەوە کە بۆ بەدیهێنانی پرەنسیبە سەرەکیەکانی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ  بۆ  چارەسەرکردنی کێشەو ئاڵنگاریەکان گیراونەتە بەر.

هەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداریی کارای  لەپانێل و گفتوگۆکاندا کردو لەگەڵ  نوێنەرانی  وەفدی پارت و حکومەتەکانی جیهاندا  کۆبۆوە ،  بەتایبەت لەگەڵ وەفدی پارتە کوردستانیەکان و وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە.

وەفدی یەکێتیی وەک ئەرکێکی نیشتمانیی و نەتەوەیی گرنگ یاداشتێکی تایبەتیان پێشکەشی کۆبوونەوەکەی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ کردو کە تیایدا تەئکید لەوە  کرابۆوە  کە پێویستە سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا بنێت و بە گەورەیی و پێزانینەوە لە رۆڵی ئەرێنیانەی هەرێمی کوردستان بڕوانێت لە ناوچەکەدا، بەتایبەت هەوڵ و بەرەنگاریەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رووبەڕوبوونەوەی داعش و تیرۆریزمی جیهانیدا، هاوکات هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بەرز بنرخێنێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوو پێشهات و ململانێ سیاسیەکانی عێراق و ناوچەکەدا، بۆ ئەوانەش تیشک خرابوە سەر ئەوی کە  پێویستە پرەنسیبە سەرەکیەکانی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ وەک مافی مرۆڤ، دادپەروەری، ئاشتی و ئازادی بەردەوام بن بۆئەوەی داهاتوویەکی گەشترو سەقامگیرتر بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست فەراهەم بکرێت، یاداشتەکەی یەکێتیی بۆ سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ لە کۆبوونەوەکەدا دەنگدانی لەسەر کراوەو بەکۆی دەنگی بەشداربووان پەسەندکراوە. 

لای خۆشیانەوە هەریەکە لە جۆرج پاپاندریو، سەرۆکی رێکخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ، و لویس ئایالا، ئەمنیداری گشتی رێکخراوەکە، بە گەورەییەوە باسیان لە رۆڵ و پێگەی سەرۆک مام جەلال و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردو  لە رێکخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ و هەوڵەکانیان بەرزنرخاند لە برەودان بە پرەنسیبەکانی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی جیهاندا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP