نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئێران له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌ی نێوان هه‌ر سێ سه‌رۆكی روسیا‌و توركیا‌و ئیران له تاران، ئاماژه بۆئه‌وه ده‌كات، هۆكاری پێشخستنی كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی تارانی نێوان سه‌رۆكانی ئه‌و سێ وڵاته سه‌ردانه‌كه‌ی جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا بو بۆ سعودیه.
جه‌ختیشده‌كاته‌وه، له‌م بارودۆخه‌دا مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر كورد به‌گشتی زیاتر ده‌بن، بۆیه گرنگه كورد له‌م كاته‌دا یه‌كده‌نگبێت و مه‌ترسی و ئه‌گه‌ره‌كان له‌به‌رچاو بگرێت.
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ئێران رایگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌ی نێوان ئه‌و سێ هێزه نوێ نیه، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌هۆی هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ناوچه‌كه گرنگی زیاتری پێده‌درێت.
وتیشی: ئه‌و سێ هێزه پێیانوایه ئه‌مریكا مه‌ترسی له‌سه‌ر ناوچه‌كه دروستكردوه‌و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد، كه روسیا په‌له بكات له‌هاتنه ناوه‌وه‌ی زیاتر بۆ ناوچه‌كه‌و داوای ده‌سه‌ڵاتی خۆی بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توركیا چاوی له‌گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ویلایه‌تی موسڵ و باكوری كوردستان، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئێران نایه‌وێت پێگه‌ی خۆی له سوریا لاوازببێت، بۆیه ئه‌مانه هه‌مووی وایانكرد كه ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵییه ببه‌سترێت.
نازم ده‌باغ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: هاتنی جۆبایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ سعودیه‌و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو هانی ئه‌و سێ وڵاته‌ی دا كه كۆبوونه‌وه‌كه زووتر ببه‌ستن و بتوانن هێزێك له‌به‌رامبه‌ر ناتۆ دروستبكه‌ن و ببنه هاوپه‌یمان.
راشیگه‌یاند: به‌بۆچوونی من له‌م بارودۆخه‌دا مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر كورد به‌گشتی زیاتر ده‌بن، بۆیه گرنگه كورد له‌م كاته‌دا یه‌كده‌نگبێت و مه‌ترسی و ئه‌گه‌ره‌كان له‌به‌رچاو بگرێت.
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ئێران وتیشی: رێككه‌وتنی سایكس بیكۆ به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت و توركیا ده‌یه‌وێت بێته‌وه ناوچه‌كه‌و پێگه‌ی خۆی به‌هێز بكات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌كه‌ین كه ئاسان نیه ئێران به‌وه رازیی ببێت كه توركیا بێته‌وه ویلایه‌تی موسڵ و باكوری كوردستان.
جێی ئاماژه‌یه، كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆكی وڵاتانی روسیا و توركیا و ئێران له‌تاران، له‌دوای ئه‌وه دێت كه جۆبایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی جدده رایگه‌یاند، كه ئه‌مریكا ناوچه‌كه چۆڵناكات و پێگه‌ی خۆی له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌هێڵێته‌وه.
ئا /دیار ستار
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP