به‌یاننامه‌ی كۆتایی لوتكه‌ی ئێران و روسیاو توركیا له‌ تاران راگه‌یه‌ندرا

جیهان
10:25 - 2022-07-20



سەرۆکایەتیی كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌یاننامه‌ی کۆتایی لوتکەی نێوان ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی وڵاتەکە و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا  و رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیای بڵاوکردەوەو تێیدا، هەرسێ سه‌رۆك جه‌ختیان له‌ یه‌كپارچه‌یی و سه‌روه‌ری وڵاتی سوریا كردوه‌ته‌وه‌و سوریاییەکان ده‌بێت بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی داهاتووی وڵاتەکەیان دیاری بکەن.

 سەرۆکی ئێران لەو به‌یاننامه‌یه‌دا، ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كرد،"سەرۆکانی هەر سێ وڵات دۆخی سوریایان تاوتوێ کردوە و پێداچونەوەیان بە ئەنجامەکانی دوایین لوتکەی گریمانەیی نێوانیان کە لە 1ی(تەمموز/7)ی 2020 بەڕێوەچو کردوە و جەختیانكردوه‌ته‌وه‌ له‌په‌ره‌پێدانی هەماهەنگیی سێ لایەنی.

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو،"كه‌ دوایین گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆی لەبارەوەکراوە، رۆڵی پێشەنگی کۆبونەوەکانی ئاستانا لە چارەسەری ئاشتیانەی قەیرانی سوریا دوپاتکراوەتەوەو هەر سێ وڵات پابەندبوونی خۆیان بە سەروەریی و یەکێتی و سەلامەتی خاکی سوریا بەگوێرەی په‌یاننامه‌ی نەتەوەیەکگرتوەکان راگەیاندوە و ته‌ئكیدیان لە رێزگرتن لەو بنەما جیهانیانە کردوەتەوە.

باسی له‌وه‌شكرد ، " ئیدانه‌ی زیادبوونی چالاکی گروپە چەکدارییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی سوریا کراوە، هاوکات گرتنه‌به‌ری هەمو رێکارێکی تایبەت بە باکوری سوریا بە گرنگ زاندراوە".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه‌، "هەرسێ لا هەر هەوڵێک بۆ سه‌پاندنی واقعێکی نوێ لە سوریا رەتده‌كه‌نه‌وه‌و هەوڵەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری(ئۆتۆنۆمی) بە نایاسایی ده‌زانن و دوپاتیانکردوەته‌وە، ئەو هه‌نگاوانە به‌ هەوڵێك ده‌زانن بۆ لاوازکردنی سەروەری سوریا و سەلامەتی هەرێمایەتی و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتانی دراوسێ،  بەڵام چارەسەری سەربازیی بۆ کێشەی سوریا رەتکراوەتەوە و جەخت لە رێگەی پرۆسەی سیاسی کراوەتەوە کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە ئاسانکاریان بۆکراوە".

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌ هەر لە کۆبونەوەکەدا،"باس لە گرنگیی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا بەشێوەی خۆویستانە بۆ شوێنە کۆنەکانی خۆیان لە سوریا و گەرەنتی سەلامەتی و پاراستنی مافەکانیان کراوە، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە هاوکارییەکانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و گەشەدان بە پرۆژەکان و بونیادنانەوەی ژێرخانی وڵاتەکە  پێشکەش بکات".


هاوکات لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوە ئاشکراکراوە،"سەرۆکانی هەرسێ وڵات رەزامەندبون لەسەر راسپاردنی نوێنەرەکانیان بە رێکخستنی کۆبونەوەی 19ەهەمینی نێودەوڵەتی لەبارەی سوریاوە لەکۆتایی ئەمساڵدا، هاوکات بڕیاردرا لوتکە سێ لایەنی داهاتو لە سەر بانگهێشتی ڤلادیمیر پوتن لە روسیا بەڕێوەبچێت".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP