خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی پێشێلكارییه‌كانی تورکیا بەڕێوەدەچێت

جیهان
09:55 - 2022-07-26

لە درێژەی چالاکیەکانی کوردستانیانی کەنەدا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و شەرمەزارکردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی ئەردوگان و هێرش و بۆردومانی سوپای سەربازی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ، لە دوو کاتی جیاواز و لە ڕۆژانی 23 و 24  ی تەمووزی 2022 لە ناوەندی شاری تۆرونتۆ -ی کەنەدا بەسەرپەرشتی ڕێکخراوەکانی کۆردیش کۆمینێتی سەنتەر و فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق و حزبی کۆمونیستی کریکارانی کوردستان و بەئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی کوردانی ئۆنتاریۆ ، دوو چالاکی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دژ بە هێرش و بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو  .

لە ڕێپێوانی خۆپیشاندەران لە شەقامی یانگ و بلوور بەرەو ستی هۆل (جێی ئەنجوومەنی شارەوانی تورۆنتۆ ) و هەروەها گردبوونەوەی کوردستانیان لە گۆڕەپانی ئیتان مۆڵ سەنتەر خۆپیشاندەران بە سروود و هەڵگری ئاڵا و درووشمەکانیان بوردومانی بەردەوامی فڕۆکە جەنگیەکانی هێزی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باشووری کوردستان و کوشتنی خەڵکی سڤیل ڕسوا و شەرمەزارکرد ، پاشان چەندین وتاری حزب و ڕێکخراوەکان خوێندرانەوە ، وتارەکان بەگشتی وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی ، سیاسەتی ڕەگەزپەرستی ئەردوگان و پەلاماری سەربازی و بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوور و کوردستان و کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی بەتایبەتیش بۆردومانی ئەم دواییەی بۆ سەر هاوین هەواری گوندی پەرەخ - ی شاری زاخۆ کە بووە هۆی کوشتن و برینداربوونی ژمارەیەکی گەشتیارانی عەرەبی خوارووی عێراق ئیدانە و شەرمەزار کرد .  هاوکات داوایان لە حکومەتی کەنەدا و ڕای گشتی نێودەوڵەتی کرد پشتیوانی مافی ڕەوای گەلی کورد بەگشتی بکەن و سنورێك بۆ دەستدرێژیەکانی حکومەتی تورکیا و بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دابنرێت . هەر لە میانەی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ڕەوەندی کوردان حزبی کۆمۆنیستی کرێکارانی کوردستان و کوردیش کۆمینێتی لە بەیاننامەدا بە زمانی ئینگلیزی بۆ هەمان مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی حکومەتی تورکیا بە درێژایی شەقامەکاندا بەسەر ڕێبواران بڵاو دەکرایەوە .

   عوسمان عەلی / توڕونتۆ


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP