سلێمانی ــ رێوره‌سمی هەشتەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان به‌ڕێوه‌چو

کوردستان
15:01 - 2022-08-03


ئەمڕۆ چوارشەممە 3-8-2022، لە هەشتەمین ساڵیادی داگیركردنی شەنگال و كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكاندا، لەژێر دروشمی (برینی شەنگال و ئێزدییەكان تەنها بەئاوەدانكردنەوە ساڕێژ دەبێت) بەچاودێری و لەسەر ئەركی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) و سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی (سلێمانی، چەمچەماڵ، شارەزوور، گەرمیان، راپەڕین) رێوڕەسمێكی تایبەت بەو كارەساتە  لە هۆڵی خاك لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

لەو رێوڕەسمەدا هەریەك لە خاتوو هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد و خاتوو لیلۆز ئیبراهیم ئەحمەد و ژمارەیەك كەسایەتی و بەرپرسی حزبی و حكومی ئامادەی بوون، هاوكات بەوردی ئاماژە بە گەورەی كارەساتەكە و قوربانیانی درا.

هاوكات رۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لە بەدەنگەوەچوونی ئێزیدییەكان و بەرگری لێكردنیان بەمێژووی و بەرپرسیارانە لە قەڵەمدرا، وەك وەفایەك بۆ دڵسۆزی و خەمخۆری هەمیشەییان بۆ شەنگال و خوشك و برا ئێزدییەكانیش رێزلێنانی تایبەت بە هەریەك لە خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و بافڵ جەلال تاڵەبانی بەخشرا.

داوود جوندی سەرۆكی كۆمیتەی ئامادەكاری و رێكخەری رێوڕەسمەكە و لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی شەنگالی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەوتەیەكیدا رایگەیاند: بەچاودێری و لەسەر ئەركی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، مەڵبەندی رێكخستنی شەنگال بەهەماهەنگی لەگەڵ مەكتەبی رێكخستن ئەم رێورەسمەی لەژێر دروشمی (برینی شەنگال و ئێزدییەكان تەنها بەئاوەدانكردنەوە ساڕێژ دەبێت) رێكخستوە، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لەكارەساتەكە و بارودۆخی ئێستای شەنگال و ئێزیدییەكان كرد.

لەبەشێكی دیكەی رێورەسمەكەدا، گوڵی رێز و وەفای خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دانرا.

بڕگەیەكی دیكەی رێوڕەسمەكە تایبەت بوو بە پێشانگای فۆتۆگرافەر ناسیح عەلی لەژێر ناوی (شەنگال لە میحنەتدا).

رێكخراوی تیرۆرستی داعش بەرەبەیانی رۆژی 3-8-2022، پەلاماری قەزای شەنگالی داو جینۆسایدی دەرهەق بەخەڵكی شەنگال و ئێزیدییەكان ئەنجامدا كەبەهۆیەوە سەدان كوردی ئێزیدی شەهیدبوون، هاوكات هەزاران ژن و منداڵیان رفاند كە تا ئێستاش هەزارەهایان وەك كەنیزەك لەژێر دەستی ئەو رێكخراوە تیرۆرستییەدان و هەزارانی تریشیان تا ئێستاش بێسەرو شوێنن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP