به‌هه‌وڵی یه‌كێتی كێشه‌ی جوتیارانی گوندی گابه‌ره‌كه‌ چاره‌سه‌ركرا

کوردستان
13:01 - 2022-08-06


به‌هۆی ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی كه‌ هێزه‌كانی سوپای عێراق بۆ جوتیارانی كورد له‌ گوندی گابه‌ره‌كه‌ی سنوری ناحیەی سەرگەڕانی سه‌ربه‌ قەزای دوبز دروستیانكرد، بەهەوڵی یەكێتی ئه‌و كێشانە چارەسەر كران.

سەبارەت بە كێشەكە ره‌مه‌زان عوسمان لێپرسراوی كۆمیته‌ی سەرگەڕانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ستایشی رۆڵی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک- سەڵاحەدینی یەکێتیی و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و په‌رله‌مانتارانی یەكێتی و وه‌زیری دادی له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌‌ به‌رزنرخاندو بۆ كه‌ناڵی كه‌ركوكی راگەیاند: دوای ئەوەی لێپرسراوانی یه‌كێتی به‌تایبه‌تی كاك ئاسۆ مامه‌ندمان لەو كێشەیە ئاگاداركردەوە، پەیوەندییان بەفەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق لەپارێزگاكەوه‌ كرد.

وتیشی: دوابەدوای ئەو هەوڵە هێزەكانی سوپا لەسنوری سەرگەڕان ئێمەی جوتیارانیان ئاگاداركردەوە هیچ كێشەیەك نەماوەو جوتیارانی كورد دەتوانن ئیشوكاری كشتوكاڵی خۆمان بكەین.

  ئەوەشی خستەڕوو: هەموو جارێك عەرەبە هاوردەكان لەڕێی دادگاوە بێ یان لەڕێی هێزە عیراقییەكان كێشەمان بۆ دروست دەكەن،  بەڵام تائێستا رێگه‌مان پێنه‌داون زه‌وییه‌كانی جوتیاران داگیر بكه‌ن.

لێپرسراوی كۆمیته‌ی سه‌رگه‌ڕانی یه‌كێتی، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ریشه‌یی و كۆتاییهێنان به‌ كێشه‌ی زه‌ویوزاری جوتیاران له‌ سنووره‌كه‌، پێویستیی و گرنگیی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی دووپاتكرده‌وه‌و جه‌ختیكرده‌وه‌، تا مادده‌ی 140 جێبه‌جێنه‌كرێت ئه‌و كێشانه‌ به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوی ده‌مێننه‌وه‌.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP